کورتەیەک لەمێژووی پەتا کوشندەکان - عێراق

01.03.2020

لڤین: لە هەژماری هونەر تۆفیق وەرگیراوە


لەبەر ئەوەی جۆری نەخۆشیە گوازراوەکان لەسەردەمانی پێشوودا نەناسراوە و هۆکارەکانی نەزانراوبوون ، ناوی پەتاکان بەپێ ی ئاسەواری نەخۆشیەکە وەک چاوەقوڵە یان پەتا ڕەشەکە بەکارهێنراوە. عەرەبەکانیش بە ناوی هیضە بۆ کولێرا ، مورغزان بۆ تاعون ناونراوە .

زۆربەی پەتاکان بە باشووری عێراقەوە بەرەو باکووری و کوردستان بڵاوبوونەتەوە . تەنیا کولێراکەی ١٩١٥ نەبێت کە لە ویلایەتی موسڵەوە بەهۆی ئاوارەبوونی کورد و ئەرمەکانەوە تەشەنەدەکات بۆ باشووری عێراق . هۆکاری تەشەنەکردنی پەتاکان لەباشوورەوە ئەوەبووە کە لە ڕێگایی هیندی و ئێرانیەکانی میوانی شوێنەپیرۆزەکانەوە لە نەجەف و کەربەلا گواستراونەتەوە ، یان بەهۆی بارزگانی و بازرگانە بیانیەکانەوە لە مینای بەسرەوە بەعێراقدا بڵاوبوونەتەوە .

لەساڵی ٨٧١ تا ساڵی ١١٣٦ چوار شەپۆلی پەتای تاعون بە عێراق ( دەوڵەتی عەباسی) دا بڵاودەبێتەوە ، نزیکەی دوو ملیۆن کەس دەکوژێت .

لە ساڵی ١٦١٥ تا ساڵی ١٧٧٢ هەشت شەپۆلی تری تاعون بە هەرسێ ویلایەتی موسڵ و بەغدا و بەسرەی عوسمانیدا بڵاودەبێتەوە . لەهەندێ شوێندا ( وەک شاری حیلە ) کەسی زیندووی لێ دەرناچێت و زیاتر لە سێ ملیۆن کەس لەو ساڵانەدا دەمرن .

دەوڵەتی عوسمانی بۆ ڕێگری کردن لە تەشەنەکردنی پەتاکان لە سەردەمی سوڵتان عەبدوحەمیددا ١٨٧٦ - ١٩٠٩یەکەمین ڕێنمایی تەندروستی دەرئەکەن . بڕیار ئەدەن لەهەر شوێنێکدا پەتایەک بڵاوبێتەوە ئەو شوێنەدابرێنن لەهاتن و چونی خەڵکی و کەرەنتینەش لەشارە گەورەکاندا دروستدەکەن بۆ جیاکردنەوەی نەخۆشەکان لە خەڵکی . یەکەمین کەرەنتینە لە بەغدا لە ١٨٩٥ دەکەنەوە . دواتر لە شارەکانی بەسرە و خانەقین و نەجەف و کەرەبەلادا دەکرێتەوە . بایەخ بە هەڵمەتی بەرگری تەندروستی دەدرێت و کوتان و پێویستیەکانی تری بەرگری لەبڵاوبوونەوەی پەتاکان پەیڕەودەکرێت .

میستەر ڕیچ لە گەشتەکەیدا کە دەگاتە سلێمانی لە ٢٣ ی ئەیلولی ١٨٢٠ دا نیگەرانی خۆی دەگێڕێتەوە لەو گەندەڵیانەی لە هەڵمەتی کوتانی دژە ئاوڵە ئەنجام دەدرێت و پێ ی وایە دەرزی کوتانەکە بەسەرچووە .

لە ساڵی ١٩١٥ دا لەگەڵ هێرشی سوپای بەریتانیەکاندا بۆ سەر ویلایەتی بەسرە و دواتر بەغدا و موسڵ ، نزیکەی ٦٠٠ هەزار سەربازی لیڤی هەبوون کە بەڕەگەز هیندی بوون . لەناو لیڤیەکاندا هەڵگری نەخۆشی تیڤۆئید و کولێراهەبوون ، بەهۆی ئەوان و گرانیەکەی جەنگی جیهانی یەکەم لەناوچەکەدا و بڵاوبوونەوەی نزیکەی ملیۆنێک ئاوارەی ئەرمەنی و کورد لە تورکیاوە بەرەو موسڵ و سوریا ، لەسەر تاسەری هەرسێ ویلایەتەکەدا نەخۆشی کۆلیرا و مەلاریا و تیڤۆئید بڵاودەبێتەوە ، نزیکەی یەک ملیۆن کەس دەکوژێت .

لەمێژووی پەتا زۆر و کوشندەکانی عێراقدا خەڵک بۆ خۆپارێزی ڕاهاتبوون شارەکان چۆڵبکەن ، تا کۆتایی شەپۆلی پەتاکە خۆیان لە شوێنە دابراوەکان بشارنەوە ، بۆئەوەی پەیوەندیەکان کە هۆکاری گواستنەوەی پەتاکان بوون بپچرن لەناو خۆیاندا . بۆیە کەمترین زیان و رێژەی مردن لەکاتی پەتاکاندا لە گوندەکاندا ڕوویداوە ، زۆرترین ژمارەی مردووەکان لە شارە گەورەکانی وەک بەغدا و موسڵ و بەسرە و نەجەف تۆمارکراون .


661 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations