میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان حكومەتی ناچار بە لێكۆڵینەوە لە دۆسیەی كچە 7 ساڵانەكە كرد

22.02.2020

لڤین: هەولێر 

تا دێت كاردانەوەكان لە دژی تۆمەتبارانی دەستدرێژی سێكسیكردنە سەر كچێكی تەمەن 7 ساڵان لەلایەن چەند پاسەوانێكی بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان فروان دەبێت و حكومەت و ئەنجومەنی دادوەری و پارێزگاری هەولێر ناچاربوون بێنە جارێكیتر تۆمەتبارە ئازادكراوەكان دەستگیر بكەنەوە.  

لە رۆژی 3نیسانی 2019 چەند كەسێك دەستدرێژی سێكسی دەكەنە سەر كچێكی تەمەن 7 ساڵان،  هەر لەو شوێنەی دەستدرێژیەكەی دەكەنە سەر بەجێی دەهێڵن، ئەو رووداوە بە دەستی زڕدایكی ئەو كچە دەبێت و وەك لوقمان ئیسماعیل، باوكی ئەو كچە تەمەن 7 ساڵانە دەڵێت پیلانەكە لەدژی كچەكەم و خۆشم بووە بۆ ئەوەی وا بزانم كچەكەم بە خواستی خۆی ئەو كارەی كردووە و بەوهۆیەوە من كاردانەوەم هەبێت و هێرش بكەمە سەر كچەكەم یان منداڵێكی قوتابخانەكەی بەو هۆیەشەوە دەستگیر بكرێم.  

باوكی كچەكە بە لڤین پرێس ی وت: ئەوكاتەی وتیان ئەو منداڵە لەقوتابخانەكەی رووبەڕوی ئەوكارە بووەتەوە من راستەوخۆ باوەڕم بەو چیرۆكە نەكرد و گومانم لەلا دروست بوو هەر بۆیە بە گوێرەی راپۆرتی پزشكی ئەو منداڵە لەلایەن خەڵكێكی گەورەوە دەستدرێژی كراوەتە سەر. 

 ئەگەر ئەفسەرێك شتێكی وا كردبێت ئەوە دەتواندرێت سكاڵای لەسەر تۆمار بكرێت

هەرچەندە دادگاییكردنی ئەو تۆمەتبارانە تا ئێستا بۆ چوارجار لەلایەن دادگاوە دوا خراوە، بەڵام وا بڕیارە لە مانگی نیساندا دانیشتنێكیتر بەڕێوە بچێت، بەڵام باوكی ئەوكچە دەڵێت بەردەوام هەڕەشەم لێدەكرێت لەبەر ئەوەی ئەو كەسانە دەسەڵاتدارن لە هەولێردا و خەڵكیان لە پشتەوەیە. 

لە كاردانەوەی ئەو رووداوەدا كە وەك باوكی كچەكە دەڵێت ئەوانەی تاوانەكەیان ئەنجامداوە ئازاد كراون، بەڵام پۆلیس رەتیدەكاتەوە و لە رونكردنەوەیەكدا بۆ میدیاكان رایدەگەیەنن داوایان لەباوكی ئەو كچە نەكردووە تەنازول لە سكاڵاكەی بكات، بەڵام هەر پۆلیس ئەوەش دەڵێت كە ئەگەر ئەفسەرێك شتێكی وا كردبێت ئەوە دەتواندرێت سكاڵای لەسەر تۆمار بكرێت.  

پۆلیس لەبارەی ئەو دۆسیەیەوە راشیگەیاند دۆسیەكە لێكۆڵینەوەی تێداكراوە و تۆمەتبارەكان رادەستی دادگا كراون و ئەو دۆسیەیەیە لە ئێٍستادا پەیوەندی بە پۆلیسەوە نەماوە، بەڵام رۆژی هەینی بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ پارێزگاری هەولێر دەركەوت و رایگەیاند لە ماوەی چوار اتژمێردا تۆمەتبارەكانیان دەستگیر كردووەتەوە. 

هەرچەندە ئەنجومەنی دادوەری رەتیكردەوە دەستێوەردانی حزبی لە دۆسیەكە كرابێت بەڵام حكومەت بەبێ ئەوەی ئاشكرای بكات بە بڕیاری دادوەر بووە یان نا جارێكیتر رایگەیاند كە تۆمەتبارەكانی دەستگیر كردووەتەوە

 رۆژی پێنج شەممە ژمارەیەك چالاكوان و رۆژنامەنوس و پارێزەری شاری هەولێر، بڕیاریاندا لەبارەی ئەو دۆسیەیەوە سووربن لە پشتیوانی تا ئەو كاتەی تۆمەتباران بە سزا دەگەیەندرێت و پشتیوانی خۆیان دەربڕی بۆ ئەو كچە و باوكی.  

خۆپیشاندان و ناڕەزایی چالاكوانانی هەولێر لە كاتێكدایە كە لە مانگی حوزەیرانی 2019بۆ هەمان مەبەست لەبەردەم دادگا گردبونەوەیان ئەنجامدا و داوایان كرد ئەو تۆمەتبارانە كە ئازاد كرابوون دەستگیر بكرێنەوە، بەڵام ئەو تۆمەتبارانە جارێكیتریش لەو كاتەدا بە وتەی ئەنجومەنی دادوەری دەستگیر كراونەتەوە، بەڵام باوكی ئەو كچە رایگەیاند تۆمەتبارەكان جارێكیتر ئازاد كراونەتەوە.  

هەرچەندە لە رۆژی 3.6.2019 شەهرام میرحاج، وتەبێژی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم لەبارەی دۆسیەكەوە بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند: لێكۆڵینەوە لەو دۆسیەیە دەستیپێكردوە، ئەمڕۆش تۆمەتبارانی دۆسییەكە دەستگیركراونەتەوە، دوای كاردانەوەی ئەم رۆژانەی دۆسیەكە و گرنگی پێدانی لەلایەن میدیاكان و چالاكوانانەوە لە تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان حكومەتی هەرێم و ئەنجومەنی دادوەری رونكردنەوەیان بڵاوكردەوە، هەرچەندە ئەنجومەنی دادوەری رەتیكردەوە دەستێوەردانی حزبی لە دۆسیەكە كرابێت بەڵام حكومەت بەبێ ئەوەی ئاشكرای بكات بە بڕیاری دادوەر بووە یان نا جارێكیتر رایگەیاند كە تۆمەتبارەكانی دەستگیر كردووەتەوە و تا كۆتایی داداگاییەكە هیچ كەسێكیش لەوانە لە زیندان ئازاد ناكرێت. 

ئەم هەڕەشانە هەر بۆخۆپیشاندان نییە، بەڵكو بۆكەیسی كچە پەپولەكەشە كە ڕای گشتی بۆ دروستكراوە و لەناوەو دەرەوەی كوردستان هەزاران كەس هاتوونەتە خەت

هەرلە سەروبەندی ئەو دۆسیەیەدا ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی رۆژی پێنج شەممە 20.2.2020 داوای كرد لە شاری هەولێر كۆمەڵێك تاوانی قێزەون رویداوە هیوادارین هەرچی زووە دامودەزگاكانی حكومەت بە ئەركی خۆیان هەڵبستن و تاوانباران بە سزای یاسایی بگەیەندرێن، هەمان رۆژ پەرلەمانتار كاروان گەزنەیی سەردانی ماڵی ئەو كچەی كرد و لە رایگەیاند چاودێری دۆسیەكە دەكەن و داوای لە حكومەت و دادگاكرد لێكۆڵینەوەكانیان بگەیەننە ئەنجام.  

ئەو تاوانە ماوەی نزیكەی ساڵێكە روویداوە، بەلام حكومەت و دادگا و پۆلیس لەو بارەیەوە بێ دەنگیان هەڵبژاردبوو تا ئەو كاتەی میدیاكان و تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان گرنگیان بەو تاوانەدا، بۆیە حكومەت و ئەنجومەنی دادوەری و پۆلیسی هەولێر ناچاربوون تۆمەتبارەكان دەستگیر بكەنەوە.  

هەر لە بارەی ئەو دۆسیەیەوە هێمن مامەند، رۆژنامەنوس و چالاكوان لە شاری هەولێر رایگەیاند: لە رۆژی پێنج شەممەوە جارێك بەژمارەیەكی تایبەت و نادیار جارێكیش بەژمارە مۆبایلی (07510416603) كە بەتاریقی كاسبكار خۆی ناساند هەڕەشەی لێكردووم، كەئەگەر خۆپیشاندان بكەم لەهەولێر ئەوە دەمكوژێت و دونیایەك جنێوی ناشرین وەك ناشرینی حزبەكەی بەمندا.  

ئەو وتیشی: ئەم هەڕەشانە هەر بۆخۆپیشاندان نییە، بەڵكو بۆكەیسی كچە پەپولەكەشە كە ڕای گشتی بۆ دروستكراوە و لەناوەو دەرەوەی كوردستان هەزاران كەس هاتوونەتە خەت، باكم بەهەڕەشە نییەو نیۆنكێكیشم بەخوێن دابێت دەزگا ئەمنیەكانی هەولێر و ئەم دەسەڵاتە بەرپرسە. 

511 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations