بزانە شیعەکان چ وەڵامێکیان هەبووە بۆ لایەنە کوردییەکان

19.02.2020

لڤین:
درەنگانی شەوی رابردو لایه‌نه‌کانی كورد، شیعه‌ و سوننە لە بەغدای پایتەخت کۆبونەوە و لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت گفتوگۆیان کرد، ئه‌ندامێكی شاندی یه‌كێتی بۆ به‌غدا رایدەگەیەنێت، به‌راشكاوی پێیان وتون، "به‌بێ رێزگرتن له‌ حزبه‌ سیاسیه‌كان پرۆسه‌ی سیاسی له‌عێراق سه‌ركه‌وتو نابێت".

شەوی رابردو کۆبونەوەی لایه‌نه‌کانی كورد، شیعه‌ و سوننە لە بەغدای پایتەخت بەڕێوەچو، لەبارەی پێکهێنانی کابینەی محەمەد تۆفیق عەلاوی، سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو گفتوگۆکرا، کە بڕیارە بەم نزیکانە کابینەکەی رابگەیەندرێت.

سه‌عدی پیره‌، ئه‌ندامی شاندی یه‌كێتی بۆ به‌غدا به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاندوە، له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ كراو به‌راشكاوی پێیان وتون، "ئه‌گه‌ر ئامانج له‌ حكومه‌تی نوێ گێڕانه‌وه‌ی پێگه‌ی عێراق و كۆنتڕۆڵكردنی دۆخی ئه‌منی و خۆئاماده‌كردنه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتو، ئه‌وا ده‌بێت رێز له‌حزبه‌ سیاسییه‌كان بگیرێت، چونكه‌ به‌بێ ڕێزگرتن له‌حزبه‌ سیاسییه‌كان ئه‌و ئامانجانه‌ به‌دی نایه‌ن".

ئاماژەی بەوەشکرد، پێكهێنانی حكومه‌ت به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ حزبه‌كان به‌مانای رێز نه‌گرتن له‌حزبه‌كان دێت، جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌وكه‌سانه‌ی له‌لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومه‌ته‌وه‌ دیاریده‌كرێن، ده‌بێت حزبه‌كان و هاوڵاتیان بزانن كێن،  ده‌بێت هاوڵاتی له‌وه‌ تێبگات ئه‌و وه‌زیره‌ی دیاریكراوه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان ده‌كات یاخود نا.

یه‌كی ئه‌م مانگه‌، د. به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی به‌مه‌به‌ستی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق راسپارد، كه‌ له‌لایه‌ن به‌شێكی زۆری شیعه‌كانه‌وه‌ پشتیوانی لێده‌كرێت، ماوەی مانگێکیشی لەبەردەستدایە بۆ پێشکەشکردنی کابینەکەی.

پیره‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ڵامی لایه‌نه‌ شیعه‌كان كردو وتی، "كۆده‌نگی له‌سه‌ر ئه‌و شێوازه‌ی عه‌لاوی ده‌یه‌وێت حكومه‌ت پێكبهێنێت ته‌نانه‌ت له‌ناوخۆی شیعه‌كانی نیه‌، وه‌ڵامی ئه‌رێنیشیان بۆ هه‌ڵوێست و هه‌نگاوه‌كانی ئێمه‌ هه‌بو، به‌جۆرێك ئێمه‌ هه‌ستمان به‌وه‌ نه‌كرد دو گروپی جیاواز بین له‌گه‌ڵ شیعه‌كان و بۆچونمان یه‌ك بو".

رونیشیکردەوە، وه‌ك لایه‌نه‌ كوردستانیه‌كان به‌فه‌رمی ئه‌وه‌یان به‌لایه‌نی شیعه‌كان وت، كه‌ هه‌ڵوێستی یه‌كگرتوی كوردی له‌سه‌ر شێوازی پێكهێنانی حكومه‌ت هه‌یه‌، "پشكی ئێمه‌  سێ له‌سه‌ر چوار ده‌كات و له‌ناوخۆماندا له‌سه‌ر ئه‌و پۆستانه‌ی به‌رمانده‌كه‌وێت رێكده‌كه‌وین، ئیستحقاقی هه‌رێم ئه‌گه‌ر نه‌بێت چوار وه‌زیر له‌سێ وه‌زیر كه‌متر نابێت".

شاندی هەرێمی کوردستان کە پێهاتوە لە پارتی، یەکێتی، گۆڕان، کۆمەڵ، یەکگرتو و پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە سه‌ردانی سه‌رۆك كۆمار ده‌كات دواتر له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د عه‌لاوی کۆدەبنەوە.

ئەندامەکەی شاندی یەکێتی بۆ بەغدا رونیکردەوە، "شێوه‌یه‌كی گونجاو بۆ دیاریكردنی وه‌زیره‌كان په‌یڕه‌و ده‌كه‌ین به‌جۆرێك، كاندیده‌كانمان له‌سه‌ركردایه‌تیمان نابن، كه‌سانی ته‌كنۆكرات،لێهاتو، پسپۆڕ و شاره‌زا ده‌بن له‌و پۆستانه‌ی به‌رمان ده‌كه‌وێت".

سه‌باره‌ت به‌پشكی هه‌رێمیش له‌به‌رنامه‌ی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت، پیرە ئاشكرایكرد، "محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی خۆی پیاوێكی رون نیه‌، چونكه‌ پێشبینی سه‌یری هه‌یه‌و كێشه‌ی گه‌وره‌یه‌ به‌ر له‌بینینی پێناسه‌ی بكه‌ین".

5541 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations