لڤین هۆكاری بڕیاری دواخستنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بڵاو دەکاتەوە

17.02.2020

لڤین:

جیاواز له‌ مانگه‌كانی ڕابردوو به‌غدا بۆ ئه‌م مانگه‌ ناردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان دواده‌خات، لڤین هۆكاری ئه‌و بڕیاره‌ی به‌غدا ئاشكراده‌كات.

به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی لڤین له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، تا ئێستا به‌غدا موچه‌ی ئه‌م مانگه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانی نه‌ناردووه‌، هۆكاری ئه‌وه‌ش "كێشه‌ی ئیداریی" نییه‌ وه‌ك به‌رپرسانی هه‌رێم باسیده‌كه‌ن، به‌ڵكو به‌غدا بڕیاریداوه‌ ناردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم وه‌ك كارتێكی فشار دژ به‌ پارتی دیموكراتی كوردستان به‌كاربهێنێت، چونكه‌ پارتی سوره‌ له‌سه‌ر دانانه‌وه‌ی فوئاد حوسێن له‌پۆستی وه‌زیری دارایی و ئاماده‌نییه‌ به‌شداریی له‌ دانیشتنی په‌رله‌مانی عێراق بۆ متمانه‌دان به‌ محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی حكومه‌ته‌كه‌ی بكات، هه‌ربۆیه‌ به‌غدا ده‌یه‌وێت له‌ڕێگه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمه‌وه‌ ئه‌و فشاره‌ بۆسه‌ر پارتی دروستبكات.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ئه‌حمه‌د عه‌بدولڕه‌حمان، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێمی كوردستان له‌كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا دانی به‌وه‌دا نا "به‌هۆی كێشه‌ی ئیدارییه‌وه‌" تا ئێستا به‌غدا موچه‌ی بۆ هه‌رێم نه‌ناردووه‌ تا وه‌زاره‌تی دارایی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان دابه‌شبكات.

4045 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations