تۆڵه‌سێن‌؛ ئەو پیاوەی دیوارەکانی زیندان نەیان وەستاند

15.02.2020

لڤین: محەمەد هەورامی

ئەمڕۆ ٢١ ساڵ بەسەر دەستگیرکردنی ڕێبەر و دامەزرێنەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) تێ پەڕدەبێت و ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵە ئاستەنگ بۆ دیدارەکانی دروست دەکرێت لە ڕێگەی پارێزەرەکانییەوە، لایەنگرانی بە چەند ناوێک ناوی دەهێنن لەوانەی (ئاپۆ) کە بەمانای مامە دێت.

ژیانی ئۆجەلان و خانەوادەکەی

عەبدوڵڵا ئۆجەلان (لەدایکبووی ٤ی نیسانی ١٩٤٩ لە دێی ئامەرای قەزای خەلفەتێی سەر بە شاری ئورفا ڕحا لە باشووری رۆژھەڵاتی تورکیا) لەدایک بووە"ئۆجه‌لان به‌منداڵی كه‌سێكی جیاواز بووه‌ له‌منداڵه‌كانی دیكه‌، كاتێك له‌گوند ده‌ژیاین ده‌یویست له‌ڕێگه‌ی خوێندنه‌وه‌ له‌ناو ژیانی گوند ده‌ركه‌وێت و پێشبكه‌وێت"بەپێی ووتەی براکەی.

ئۆجه‌لان له‌رێگه‌ی مه‌لای گونده‌وه‌ خوێندویه‌تی و په‌رتوكی پێغه‌مبه‌ری ئیسلامی ده‌خوێندو، زاناو فه‌یله‌سوفی گه‌وره‌ی ئایینی ئیسلام سه‌عید نورسی كاریگه‌ری زۆری به‌سه‌ر ژیانی ئۆجه‌لانه‌وه‌ هه‌بووه‌و له‌ڕووی ئایینیه‌وه‌ زۆر كاریگه‌ربووه‌ به‌و كه‌سایه‌تییه‌، باوكی له‌منداڵیه‌وه‌ له‌نێو ئیسلامدا گه‌وره‌ بووه ‌و هیچ كاتێك نه‌بووه‌ كه‌ نوێژی بچێت، ئه‌و كاریگه‌رییه‌ی باوكی بوو وای له‌ئۆجه‌لان كرد كه‌ كاریگه‌ر بێت بە ئاینی ئیسلام و هه‌تا ته‌مه‌نی 11 ساڵی هاتووچۆی مزگه‌وت بكات و دواتر كه‌ رۆیشت بۆ ئه‌نكه‌ره‌ ژیانی له‌ ئاینییه‌وه‌ بۆ ژیانی سیاسی گۆڕا و خوێندنی سه‌ره‌تایی له‌ گوندی جه‌بین و قۆناغی ئاماده‌یی له‌ نیزیب ته‌واوكردووه‌، ئۆجه‌لان له‌ ساڵی 1966 خوێندنی پیشه‌یی له‌ بواری رووپێوی به‌ كۆتاهێناوه‌، ساڵی 1970 له‌ كۆلێژی مافی زانكۆی ئیستانبول‌ وه‌رده‌گیرێت، هاوكات ساڵی 1972 ده‌چێته‌ كۆلیژی زانسته‌ ڕامیارییه‌كانی زانكۆی ئه‌نقه‌ره‌ وله‌ژیانی خوێندكاری زانكۆیشیدا چۆته‌ ژێر كاریگه‌ری بیروباوه‌ڕی سۆسیالیستی‌و به‌مه‌به‌ستی هه‌وڵدان بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی سیاسه‌تی ڕه‌گه‌زپه‌رستی ده‌وڵه‌تی توركیا به‌رامبه‌ر کورد.

باوكی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان دوو ژنی هه‌بووه‌و له‌ ژنی یه‌كه‌می كچێكی هه‌بووه‌و له‌ژنی دووه‌میشیان سێ منداڵی بووه‌، عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان سێیه‌م منداڵ ده‌بێت و ماڵه‌وه‌ زۆر پێیان خۆش ده‌بێت، دایكیان كه‌سێكی زیره‌ك و بوێر بووه‌و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتێكی باڵا بووه‌ له‌ماڵه‌وه‌دا، زۆر هاریكاری ئۆجه‌لان بووه‌و هه‌میشه‌ پشتگیریكردووه‌.

ئۆجەلان و کاری سیاسی

ئۆجه‌لان له‌ كۆتایی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو، تێكه‌ڵی كاری سیاسی ده‌بێت و له‌ ئه‌نقه‌ره‌ بۆ ماوه‌ی 3 ساڵ له‌ ریزی چه‌پی توركیدا چالاكی سیاسی ده‌كات و به‌ هۆی به‌شداریكردنی له‌ مانگرتنێكدا، ساڵی 1972 بۆ ماوه‌ی 7 مانگ زیندانی ده‌كرێت.

سالانی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو ئه‌وكاته‌ی عه‌بدولا ئوجەلان له‌ ئه‌نقه‌ره‌ خوێندكاری زانكۆ بوو، باوكی هه‌واڵی ئه‌وه‌ی پێ ده‌گات كه‌ كوڕه‌كه‌ی خه‌ریكی سیاسه‌ته‌ و له‌گه‌ڵ كۆڕو كۆمه‌ڵه‌ چه‌پ و سۆشیالیست و كۆمۆنیسته‌كان ده‌ستی تێكه‌ڵ كردووه‌ ئه‌م هه‌واڵه‌ باوكی ده‌شڵه‌ژێنێت و نیگه‌رانیه‌كی قوڵ دایده‌گرێت كه‌ عه‌بدوڵا به‌سه‌ردان دێته‌وه‌، باوكی زۆر لێی توره‌ ده‌بێت و پێی ده‌ڵێت"به‌هیچ جۆرێك توخنی ئه‌و ماركسیانه‌ نه‌كه‌وێت چونكه‌ ده‌وڵه‌ت و ده‌زگا سه‌ركوتكه‌ره‌كانی زۆر بێڕه‌حمانه‌ ره‌فتاریان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن گه‌ر لێیانه‌وه‌ نزیك بیت مه‌رگ و زیندان چاوه‌ڕێته‌! دوو ساڵێك دواتر باوكی ده‌بیستێت كوڕه‌كه‌ی باسی( كورد  و كوردستان ) ده‌كات، ئه‌مجاره‌ كه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێكه‌یدا (جه‌میل بایك) به‌ نیگه‌رانیه‌كی قوڵه‌وه‌ پێی ده‌ڵێت"ئامان ده‌بیته‌ ماركسی، چه‌پ، سوشیالیست، كۆمۆنیست  هه‌رچی ده‌كه‌ی بیكه‌، به‌ڵام باسی كورد و كوردستان نه‌كه‌یت ! گه‌ر پێت بزانن، نه‌ك هه‌ر هی خۆت، به‌ڵك و پێستی سه‌ری من و ئه‌وانه‌ش لێده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌خوێی چێشت پێمان ده‌گه‌ن، له‌ وه‌ڵامدا ئۆجەلان روده‌كاته‌ باوكی و ده‌ڵێت"له‌م وڵاته‌ و له‌م سه‌رده‌مه‌دا كورد بون سه‌خته‌، به‌ڵام ڕاكردن لێی نامه‌ردیه‌! من كوڕی تۆم و بڕیارم داوه‌ ئه‌و نامه‌ردیه‌ قبوڵ نه‌كه‌م ! پاشان روده‌كاته‌ جه‌میل بایک و ده‌ڵێت"باوكم له‌ زۆرێك ڕۆشنبیر و چه‌پ و سۆشیالیسته‌كانی توركیا باشتر حاڵی بووه‌، كه‌ پرسی كورد له‌ توركیا، زۆر له‌ كۆمۆنیستبون حه‌ساستره‌".

له‌نیسانی ساڵی ١٩٧٣ دوای بێئومێدبوونی له‌ چه‌پی توركی و بێهه‌ڵوێستیان به‌رامبه‌ر دۆزی كورد یه‌كه‌م كۆمه‌ڵه‌ی نهێنی پێكده‌هێنێت و بابه‌تی داگیركردن و پارچه‌كردنی كوردستان ده‌كاته‌ ته‌وه‌ری چالاكی سیاسی و گفتوگۆی ناو هاوڕێیانی، له‌ ساڵی ١٩٧٥ ئۆجه‌لان به‌ ‌یه‌كجاری له‌ چه‌پی توركی جیاده‌بێته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی رووی چالاكییه‌كانیان له‌ باكووری كوردستان ده‌كه‌ن و هه‌ر ئه‌و ماوه‌یه‌ش بوو، كه‌ كۆمه‌ڵه‌ نهێنییه‌كه‌یان به‌ گرووپی ئاپۆچییه‌كان ناسرا، له‌ساڵی ١٩٧٨ له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌كیدا (پارتی كرێكارانی كوردستان)یان دامه‌زراند.

دواتر له‌ساڵی 1984دا پارتی كرێكارانی كوردستان، شۆڕشی چه‌كداری له‌باكوری كوردستان هه‌ڵگیرساندو ئۆجه‌لان به‌رده‌وامبو، له‌به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تی توركیا تا ڕۆژی ده‌ستگیركردنی له‌ڕۆژی 15-2-1999 دا.

دروستبوونی پارتی کرێکارانی کوردستان

پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ساڵی ١٩٧٨ لە گوندێکی باکووری کوردستان یەکەم کۆنگرەی خۆی بەست و بوونی خۆی بە شێوەی ئاشکرا و فەرمی ڕاگەیاند. پەکەکە لە ڕۆژی ٢٧/١١/١٩٧٨ لە گوندی فیسی سەر بە قەزای لیجە لە پارێزگای ئامەد لە باکوری کوردستان یەکەم کۆنگرەی خۆی بە بەشداریی ٢٣ کەس بەست و سەرهەڵدانی خۆی ڕاگەیاند، دانانی ناوی پەکەکە بۆ ئەو حزبە تازە دامەزراوە لەلایەن ئەندامێکی کۆنگرەی یەکەمی پەکەکە بە ناوی فەرهاد کورتای پێشنیاز کراوە و لەو کۆنگرەیەدا پەسەندکرا. پێش دامەزراندنی پەکەکە، ئەندامان و لایەنگرەکانی ئەو حزبە، بەناوی ئاپۆچییەوە کارو چالاکییان بەڕێوە دەبرد. یەکەم دەستەی ئەو کەسانەی پێیان دەوترا ئاپۆچی لە ساڵی ١٩٧٤ دا لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا وەک گروپێکی فیکری و ئایدۆلۆژی بە سەرۆکایەتیی عەبدوڵا ئۆجەلان دەستیان بەکار کرد.

پەکەکە لە ساڵی ١٩٨٢ دا دووەمین کۆنگرەی خۆی لە لوبنان بەڕێوەبرد و لەو کۆنگرەیەدا بڕیاردرا لەسەر گەڕانەوەی گروپە ڕاهێنراوەکانی پەکەکە بۆ باکوری کوردستان و ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی شەڕی چەکداریی درا، ئەو گروپە ڕاهێنراوانەی پەکەکە لە دوای گەڕانەوەیان بۆ باکوری کوردستان پردی پەیوەندییان لە نێوان باکور و لوبناندا دروستکرد و پۆل پۆل کەسان و لایەنگرانی خۆیان دەنارد بۆ ڕاهێنان بۆ لوبنان، بەهۆی گەورەبوونەوەی ئەو کار و چالاکییەکانی پەکەکە سوپای تورکیا هەڵمەتێکی لە دژی ئەندامان و لایەنگرانی پەکەکە دەستپێکرد.

پەکەکە لە ساڵی ١٩٨٤ هێزی ڕزگاریی کوردستان (هەرەکە)ی دامەزراند و لە ١٥ی ئابی ١٩٨٤دا شەڕی چەکداری بەشێوەی فەرمی و بە سەرۆکایەتیی مەعسوم کۆرکوماز (عەگید) لە دژی سوپا و حکومەتی تورکیا لە ناوچەکانی ئەڕوح شەمزینان دەستپێکرد، لە ساڵی ١٩٨٦ و لە ڕۆژی ٢٨ی ئازاری ئەو ساڵەدا و لە دوای چەند پێکدادانی قورس دامەزرێنەی هێزی ڕزگاریی کوردستان، عەگید لە چیای گابار گیانی لە دەستدا، عەگید خەڵکی فارقینی ئامەد بوو و لە دایکبووی ١٩٥٦ بوو.

پەکەکە لە ساڵی ١٩٨٦ لە سێیەمین کۆنگرەیدا بڕیایدا هێزی ڕزگاریی کوردستان بکات بە ئارتەشی ڕزگاریی گەلی کوردستان (ئەرگەکە)، هەروەها ئەکادیمیای سەربازیی مەعسوم کورکوماز (عەگید)ی دامەزراند، لە ساڵانی ١٩٩٠ی ڕابردوودا زنجیرەیەک ڕاپەڕین بە پێشەوایەتیی پەکەکە زۆربەی شار و شارۆچکە و ناوچەکانی باکوری کوردستانی گرتووە و ئەوەش بووە هۆی ئەوە پەکەکە زیاتر لەوەی کە چاوەڕوان دەکرا هێزی خۆی لە ناو خەڵکدا نیشان بدات.

لە دوای ڕفاندنی ئۆجەلان پەکەکە حەوتەمین کۆنگرەی خۆی بەشێوەی نائاسایی بەڕێوە برد، پەکەکە تاوەکو ئێستا ١١ جار کۆنگرەی بەڕێوە بردووە و نۆ جار ئاگربەستی یەکلایەنەی ڕاگەیاندووە، پەکەکە سێ جار لۆگۆی خۆی گۆڕیوە. پەکەکە لە دوای عەبدوڵا ئۆجەلانەوە لەلایەن کەسانی وەک موردا قەرەیلان و جەمیل بایکەوە سەرۆکایەتیی کراوە، سووپای تورکیا لە ماوەی جەنگ لە دژی پەکەکەدا زیاتر لە چوار هەزار گوندی باکووری کوردستانی تێکدا، بەهۆی ئەو جەنگەوە زیاتر لە ٢٥ هەزار ئەندام و لایەنگری پەکەکە و هاووڵاتیی کورد شەهید کراون وە زیاتر لە ٢٠  هەزار هێزی سەربازی وە ئەندامانی میتی تورکیە کوژراون.

لە ماوەی جەنگی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا لەلایەن حکومەتی تورکیاوە ١٧ هەزار مامۆستا، ئەندازیار، خوێندکار، گوندنیش، پارێزەر، پزیشک لە شار و گوندەکانی باکووری کوردستان فڕیندراون و چارەنووسیان نادیارە.

هەرچەند هێزی سەربازی پەکەکە و ژمارەیان بە تەواوەتی ڕوون نییە، بەڵام مەزەندە دەکرێت پەکەکە زیاتر لە ١٤ هەزار گەریلای لە شاخدا هەبێت، کە لە چوارچێوەی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)دا ڕێکخراون. هەپەگە لەلایەن موراد قەرەیلانەوە سەرپەرشتی دەکرێت. لە ناو پەکەکەدا ژنان خاوەنی هێزی تایبەت بە خۆیان و هێزەکانیان بەناوی (یەژە ئا ستار)ە. هەروەها ژنان لە ناو پەکەکە حزبێکیان هەیە بەناوەی پارتی ژنانی ئازادی کوردستان (پاژک). سەرچاوە داراییەکانی پەکەکە بە تەواوەتی ڕوون نین، بەڵام بەرپرسانی پەکەکە و ئەو بەرپرسانەشی کە لە پەکەکە جیابوونەتەوە باس لەوە دەکەن کە سەرچاوەیی سەرەکیی داراییەکانی پەکەکە هاووڵاتییانی کوردن لە ناوچە جیاواز و جۆراجۆرەکانی کوردستان و ئەوروپا.

تۆڕێکی گەورەی میدیایی وەک ستێرک تیڤی، ئاژانسی هەواڵی فورات، نوچە تیڤی، ئاژانسی هەواڵی دیجلە، کەناڵی ئای ئێم سی، ڕۆژنامەی ئازادیا وڵات، ڕۆژنامەی یەنی ئوزگور پولوتیکا کارو چالاکییەکانی پەکەکە ڕووماڵ دەکەن. شانبەشانی ئەوانە ئاژانسی هەواڵی هاوار، ڕووناهی تیڤی، نەورۆز تیڤی و چرا تیڤی گرنگی بە بڵاوکردنەوەی کارو چالاکییەکانی پەکەک دەدەن.

ئەو حزبانەش کە بە دۆست و هاوپەیمان و هاوئایدۆلۆژی لەگەڵ پەکەکە دەناسرێن بریتین لە پەیەدە، تەڤگەری ئازادی، پەژاک، کۆدار و هەدەپە، دەبەپە، کەجەدە، کۆنگرەی گەل، دەتەکە و کەژەئا. هەروەها هێزە سەربازییەکانی یەپەگە، یەبەشە، یەپەژە، یەرەکە بەو هێزە سەربازیانە دەناسرێن، کە هاوستراتیژ و هاوتاکتیکی پەکەکەن.

ئۆجەلان و مام جەلال

 عەبدوڵا ئۆجەلان لە دوای هەوڵەکان بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان پەکەکە و حکومەتی تورکیا بۆ ئەوەی کێشەی کورد بە شێوەی ئاشتییانە چارەسەر بێت، لە ڕۆژی ١٩ی ئازاری ١٩٩٣ عەبدوڵا ئۆجەلان بە ئامادەبوونی جەلال تاڵەبانی سکرتێری کۆچکردووی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بوقاعی لوبنان کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیی بەڕێوەبرد و لەلایەن پەکەکەوە ئاگربەست ڕاگەیاندرا، بەپێی گفتوگۆکان بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست و چارەسەرکردنی کێشەکی کورد بە شێوەی ئاشتییانە بەهێزترین پێشنیاز، پێشنیازی دامەزراندنی تورکیای فیدراتیڤ بوو.

ئۆجەلان و گەشتەکانی

ئۆجەلان لە یەکەم گەشتیدا ڕووی لە ڕووسیا کرد و سەرباری ئەوەی دۆمای ئەو وڵاتە بە کۆی دەنگ مافی پەنابەریی سیاسیی بە ئۆجەلان بەخشی، بەڵام حکومەتی ڕووسیا مانەوەی ئۆجەلانی لە خاکەکەیدا قبوڵ نەکرد، ڕووسیا لەبەرامبەر ئەوەدا کە ڕێگری لە مانەوەی ئۆجەلان بکات لەلایەن سندوقی دراوی نێودەوڵەتییەوە قەرزێکی ١٠ ملیار دۆلاریی پێدرا و تورکیاش پشتیوانییەکانی خۆی بۆ چەکدارەکانی چیچان بڕی، کە ئەو کات چەکدارەکانی چیچان بەسەرۆکایەتیی جەوهەر دۆدایف و ئەسلان مەسخادۆف و شامیل باسایفەوە ڕووسیایان ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورە کردبووە، لە دوای ئەوە ئۆجەلان سەردانی هەر یەک لە وڵاتانی یۆنان و ئیتالیای کرد، هەروەها هەوڵیدا بڕواتە ئەڵمانیا کە لەلایەن حکومەتی ئەڵمانیاوە ڕیگری لێکرا.

 هەوڵێکی دیکەی ئۆجەلان ڕۆیشتن بوو بۆ هۆڵەندا تاوەکو لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دۆسییەیەک لە بارەی کێشەی کوردەوە بکرێتەوە و ئەو کێشەیە بەشێوەیەکی نێودەوڵەتیی کۆتایی پێبهێنرێت.

بریتا بۆلەر یەکێک لە پارێزەرە هۆڵەندییەکانی ئۆجەلان، کە هاوکات ئەندامی دەستەی تیمێکی پارێزەری نێودەوڵەتی بوو لە کتێی "گەشتە بێ ئاکامەکانی سەرکردەیەکدا" نووسیویەتی، کاتێک ئۆجەلان هەوڵیدا خۆی بگەیەنێتە هۆڵەندا حکومەتی ئەمێستەردام ئامادە باشی ڕاگەیاند و ڕێگای لە نیشتنەوەی فڕۆکەکەی ئۆجەلان گرت لە فڕۆکە خانەکانی ئەو وڵاتەدا، لەسەر داوای یۆنان و بۆ هێوربونەوەی دۆخەکە، داواکرا ئۆجەلان یۆنان بەرەوە کینیا لە ئەفریقا بەجێبهێڵێت، لەو کاتەدا پلانی ڕۆیشتنیش بۆ ئەفریقای باشوور بۆلای ماندێلا بەهۆی ڕەزامەندی نیشان نەدانی حکومەتی ئەفریقای باشوورەوە شکستی هێنا.

 

کاتێک ئۆجەلان لە باڵیۆزخانەی یۆنان لە شاری نایرۆبیی پایتەختی کینیا بوو، بڕیاری ئەوە درابوو ئۆجەلان بگەڕێتەوە بۆ ئەوروپا و یەکێک لە پلانەکانیش ئەوە بووە بگەڕێتەوە بۆ کوردستان، بەڵام کاتێک لە بینای باڵیۆزخانەی یۆنانەوە بەرەو فڕۆکە خانەی نایرۆبی بەڕێدەکەون لەلایەن ژمارەیەک لە تیمی تایبەتەوە هێرشکرایە سەر ئۆتۆمبێلەکەی ئۆجەلان و دەستگیریان کردووە و لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ دا ئۆجەلان فڕێندرا بۆ تورکیا.

بەپێی بەشێک لەسەرچاوە میدیاییەکان سەرۆکی ئەو کاتی کینیا لەبەرامبەر وەرگرتنی پێنج ملیۆن دۆلاردا ئامادەبووە ڕێگا بە فڕاندنەکەی ئۆجەلان بدرێت، هەروەها بەشێک لە میدیاکان ئەوەیان بڵاوکردبووە کە وتەبێژی کۆشکی سپی بەناوی سێندی برگرەوە سەرپەرشتیی ئۆپراسیۆنی چاودێرکردن و دەستگیرکردنی ئۆجەلان بووە. ئەو زانیارییە بەشێوەی فەرمی لەلایەن ئەمریکاوە پشتڕاست نەکراونەتەوە لەو کاتەدا ئۆجەلان فڕیندرا، پەکەکە سەرقاڵی بەڕێوەبردنی شەشەمین کۆنگرەی خۆی بوو.

2187 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations