​وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا: پۆمپیۆ و بارزانی رێككه‌وتون

15.02.2020

لڤین:

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ئاماژە بۆئەوەدەکات، مایك پۆمپیۆ و مه‌سرور بارزانی رێككه‌وتون له‌سه‌ر پێكه‌وه‌كاركردنی نزیك و به‌رده‌وامی ئه‌مریكا و هه‌رێمی كوردستان، له‌چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنی ستراتیژیی نێوان ئه‌مریكا و عیراق.

دوای ئه‌وه‌ی هه‌ریه‌ك له‌ مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم و مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا كۆبونه‌وه‌، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا راگه‌یه‌ندراوێكی له‌باره‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌ بڵاوكرده‌وه‌، تیایدا هاتووه‌، پۆمپیۆ پابه‌ندبوونی به‌رده‌وامی واشنتۆنی بۆ عیراقێكی به‌هێز، خاوه‌ن سه‌روه‌ری و خۆشگوزه‌ران دووپاتكرده‌وه‌ و جه‌ختیكرده‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ حكومه‌تی عیراق چاكسازی ئه‌نجامبدات بۆئه‌وه‌ی وه‌ڵامی نیگه‌رانییه‌ ره‌واكانی خۆپیشانده‌ران بداته‌وه‌ و ژیانێكی شكۆمه‌ندانه‌ و خۆشگوزه‌ران و ئارام بۆ هه‌موو عیراقییه‌كان دابینبكات.

 وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ئاشكراشیكردووه‌، مایك پۆمپیۆ و مه‌سرور بارزانی رێككه‌وتن له‌سه‌ر پێكه‌وه‌كاركردنی نزیك و به‌رده‌وام له‌نێوان ئه‌مریكا و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه‌ش له‌چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنی ستراتیژیی نێوان ئه‌مریكا و عیراق.

لای خۆیه‌وه‌ مایك پۆمپیۆ له‌ تویتێكدا نوسیوێتی، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا سوپاسی مه‌سرور بارزانی كردووه‌ له‌به‌رامبه‌ر هاوبه‌شیی نه‌گۆڕی و پابه‌ندبوونی بۆ دڵنیابوونه‌وه‌ له‌ ئاسایشی بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا و ئه‌مریكییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان.

پێشتریش مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ تویتێكدا رایگه‌یاندبوو، له‌گه‌ڵ پۆمپیۆ هاوڕابوون، كه‌ پێویسته‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كه‌ بمێننه‌وه‌ بۆ تێكشكاندنی یه‌كجاریی داعش".

181 جار بینراوە

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations