نەهەزت حالی بە هۆی وەسفێکی ئیدریس بارزانی لەپۆستەکەی دوورخرایەوە

14.02.2020

لڤین:
بەرپرسی ئاژانسی پاراستن بە فەرمانی سەرۆكی پارتی لەكارەكەی لابراوە و كەسێكیتر خراوەتە شوێنی و تا ئێستاش هەواڵەكە بەفەرمی رانەگەیەندراوە، بەڵام هۆکاری دوورخستنەوەی بە هۆی وتارێک بووە لە ساڵیادی کۆچی دوایی ئیدریس بارزانیوتبووی ئەگەر ئیدریس بارزانی لە ژیاندا بوایە حوكمڕانییەكی باشتر و نێوماڵی كوردیشمان یەكگرتووتر دەبوو. 

نەزهەت حالی دۆڵمەڕی، بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی پارتی، بە فەرمانێكی مەسعود بارزانی، لە كارەكەی دوورخراوەتەوە و لە شوێنی ئەو كادرێكی پاراستن خراوەتە شوێنی بەناوی موحسین گەردی. 

ئەو بڕیارەی بارزانی دوێنێ دراوەتە ئەو ناوەندەی حزبەكە و بەهۆی ئەوەشەوە نەزهەت نیگەران بووە و رۆشتووەتەوە ماڵەوە، وادەركەوتووە لە پارتی و سەرۆكی حزبەكەش توڕە بێت. 

دوای ئەو رووداوە ئەو بەرپرسەی پارتی كە هاوكات ئەندامی سەركردایەتی پارتیشە، نیگەرانی خۆی دەربڕیوە و چووەتەوە ماڵەوە ژمارەیەكی زۆر لە كەسوكارەكەی لە ماڵەكەی كۆبونەتەوە و كوڕەكەشی لە كارەكەی كە ئەفسەر بووە لە دەزگاكەدا دوورخراوەتەوە ئەو جگە لەوەی کە سەرجەم ئیمتیازەکانی لێسەندراوەتەوە. 

ئەو بڕیارەی بارزانی دوای ئەو ململانێ توندەی نێوان هەریەكە لە مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی دێت كە لە ماوەی رابردوودا زۆرینەی كەسە نزیكەكانی سەرۆكی هەرێم لە پۆستەكانیان دوور خرانەوە، بەڵام نەزهەت حاللی بە مەرجی نێچیرڤان بارزانی دوای مەسرور بارزانی كراوەتە بەرپرسی ئەو دەزگایە، بەڵام بارزانی باوك لە كارەكەی دووری خستووەتەوە. 

بەگوێرەی زانیاریەکانی (لڤین پرێس) ئەو بڕیارەی بارزانی بەهۆی ئەوە بوو کە نەزهەت حالی لە ساڵیادی كۆچی دوایی ئیدریس بارزانی، باوكی نێچیرڤان بارزانی وتی: بۆ ئەوانەی ئەو سەركردە مەزنەیان بە دروستی ناسی بێت و خۆشەویستی ئەو لە ناخ و دڵیان ڕوو چووبێت، مانگ و ساڵان ناتوانن مەزنایەتی، پاكی، سادەیی، وەفا و زانایی و یادی ئەویان لە بیر بچێت. 

لەو نوسینەیدا لە پەڕەی خۆی بڵاوی كردبوویەوە ئەوكاتە بەرپرسی ئاژانسی پاراستن نوسیبوشی "ئیدریس ئەو سەركردە مەزنە بوو كە بە بوونی ئەو كوردانی پەنابەر لە ئێران هەستیان بە دوری لە وڵات و غوربەت و بێ كەسی نە دەكرد.  نەك تەنیا كوڕی شەهید و كوڕی پێشمەرگەی لە سەنگەرهەستیان بە نەبوون و دووری باوك نە دەكرد، پێشمەرگە و دەروێشانی ڕێبازی بارزانیش زۆر كەم هەستیان بە نەمانی باوكی ڕوحیان مەلا مستەفای بارزانی ئەكرد، لە بەر ئەوەی هەمووان دەیانتوانی دەردی دڵی خۆیان لای ئیدریس باس بكەن".

 لەو وتارەیدا حالی وتبوشی پۆست و پایە بۆ ئەو گرنگی نەبوو "ساڵان دێن و دەچن، زیاتر هەست بەو زیانە گەورەیەی كە بە كۆچی ناوادەی ئەو سیاسەتمەدارە مەزنە لە بزاڤی رزگاریخوازی كورد كەوت دەكرێت. بە باوەڕی خۆم گەر ئەو سەركردە مەزن و دانا و بە ئەزمونە لە ئێستادا لە ژیاندا بوایە حوكمڕانییەكی باشتر و نێوماڵی كوردیشمان یەكگرتووتر و باشتر دەبوو". 

ئەو وتارە لەو كاتەدا وەك رەخنەگرتن لە مەسعود بارزانی لێكدانەوەی بۆكرا و دوێنێش بڕیاری دوور خستنەوەی دەرچووە و لەكارەكەی دوورخراوەتەوە بەڵام تا ئێستا میدیاكانی پارتی باسیان نەكردووە. 


10956 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations