له‌ ئه‌مریكا كه‌ی ده‌بێت به‌ پشوو؟

13.02.2020

لڤین: لە هەژماری لوقمان غه‌فوور وەرگیراوە

8ی به‌یانیی رۆژی 13ی فێبریوه‌ری 2020-ه‌، به‌كاتی خۆرهه‌ڵاتی باكوری ئه‌مریكا و پله‌ی گه‌رمی (-29) پله‌ی سیلیزییه‌، واته‌ 29 پله‌ له‌ ژێر سفره‌وه‌یه‌، ئه‌مڕۆ به‌شی زۆری ناوچه‌ی باكوری خۆرهه‌ڵات له‌نێوان -10 بۆ -30 دایه‌، به‌ڵام ژیان نه‌وه‌ستاوه‌ و پشوو نییه‌.


خه‌ڵك ئاسایی ئه‌چێت بۆ سه‌ر كاره‌كانیان، فه‌رمانبه‌ران له‌سه‌ر كارن، خوێندكاران له‌ هۆڵه‌كانی خوێندنن، به‌رێوه‌به‌رێتی سه‌لامه‌تی و خۆپاراستنی ویلایه‌ته‌كه‌، ئه‌مڕۆی نەکرد به‌ پشوو له‌كاتێكدا پله‌ی گه‌رمی 29 پله‌ ژێر سفره‌. به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌ رۆژی 12 ی فێبریوه‌ری پله‌ی گه‌رمی -10 بوو واته‌ 10 پله‌ ژێر سفر بووه‌. ده‌وامی فه‌رمی هه‌موو فه‌رمانگه‌ و زانكۆ و خوێندنگاكانی راگرت، هه‌ر له‌شه‌وی پێشتره‌وه‌ به‌ نامەی ئەلەکترۆنی و لەڕێگەی میدیاوە، لەسه‌نته‌ری فریاكه‌وتنه‌وه‌، خه‌ڵك ئاگاداركرایه‌وه‌، سبه‌ی رۆژی 12ی فێبریوه‌ری (گه‌رده‌لوله‌) به‌فرو با پێكه‌وه‌یه‌، بۆیه‌ پشووی ره‌سمییه‌.

پشوو له‌ ئه‌مریكا بۆ سه‌لامه‌تی گیانی گشتییه‌ بۆئه‌وه‌ی شه‌قامه‌كان كه‌مترین ئۆتۆمبێلی له‌سه‌ر بێت، كه‌مترین خه‌ڵك بێته‌ ده‌ره‌وه‌ و كه‌مترین رووداوی هاتووچۆ رووبدات. ئه‌وانه‌ی زۆر پێویست نه‌بن وه‌ك نه‌خۆشخانه‌ و پۆلیس و ئاگركوژێنه‌وه‌ و شوێنه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت بازاری سه‌وزه‌ و میوه‌. هیچ شوێنێكی تر كراوه‌ نییه‌.

لەو ڕۆژەدا پۆلیس له‌هه‌موو شوێنه‌ گشتییه‌كان له‌ ئێشكگری پێویستدان. ئه‌م دۆخه‌، ساڵانه‌ له‌به‌شی باكوری خۆرهه‌ڵاتی ئه‌مریكا 2-3 جار رووده‌دات و زیاتر نییه‌. حكومه‌ت به‌پێی دابه‌زینی پله‌ی گه‌رمی پشوو ڕاناگەیەنێت، لەسەر بنەمای بۆڵە بۆڵ و ژانی توڕەیی بێ نەوت و غاز پشوو ڕاناگەیەنێت. به‌پێی به‌فربارین نایكات به‌ پشوو. چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌و پێیه‌ بیكات به‌ پشوو ئه‌بێت له‌ 1ی دیسێمبه‌ره‌ تا 1ی مارچ واته‌ مانگی 12 تا مانگی 3 ھەمووی پشوو بێت. دەسەڵاتی ئیداری ویلایەتەکە و شارەکان به‌پێی ئه‌و دۆخه‌ی كه‌ سه‌لامه‌تی گیانی هاووڵاتیان پارێزراو بێت دەیکەن بە پشوو. بۆ ئەوەی خه‌ڵك وا لێ بکات نەیەنە ده‌ره‌وه‌ی ماڵەکانیان تا تووشی زیانی گیانی و ماددی نەبن.

له‌به‌رامبه‌ردا ئەمەدا، پشوو له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر داواو ناره‌زایی خه‌ڵكه‌، ئه‌مه‌ ئه‌و دۆخه‌ نه‌خوازراوه‌یه‌ له‌ سیستمی ئیداریی لاوازدا بەدیدەکرێت. خه‌ڵك داوای پشوو ده‌كات له‌ده‌سه‌ڵاتی ئیداری نه‌ك له‌به‌ر سه‌لامه‌تی. له‌به‌رئه‌وه‌ی بێتاقه‌ت و نیگه‌رانه‌ له‌ دۆخی كوردستان و حه‌زی به‌ ده‌وامكردن نییه‌. چونكه‌ ئه‌گه‌ر پشوو بۆئه‌وه‌ نه‌بێت سه‌لامه‌تی گیانی هاووڵاتیان پارێزراو بێت، بۆچی له‌ رۆژانی پشوو به‌هۆی دابه‌زینی پله‌ی گه‌رمی و به‌فر بارین له‌بری خه‌ڵك بۆ سه‌لامه‌تی له‌ ماڵه‌كانیان بمێننه‌وه‌ كه‌مترین هاتووچۆ هه‌بێت کەچی بە پێچەوانەوە خه‌ڵك روده‌كه‌نه‌ چیا و دۆڵه‌كان بۆ چركاندنی وێنه‌ و یاریكردن له‌ناو به‌فر.

پرسیار ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر مرۆڤه‌كان بتوانن به‌سه‌لامه‌تی هاتوچۆ بكه‌ن بۆچی بكرێت به‌ پشوو؟! ناسه‌لامه‌تی له‌وه‌دایه‌ كه‌ تۆ له‌رێگای چوون بۆ سه‌ركاره‌كه‌ت تووشی رووداوی هاتووچۆ ببیت. ئه‌مه‌ هه‌ڵگری زۆر گله‌ییه‌ له‌ ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت كه‌ خه‌می هاووڵاتییه‌كانی هه‌ڵناگرێت.

كه‌واته‌ به‌رله‌وه‌ی هه‌ر گله‌ییه‌كه‌ت له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئیداری هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین، پێویستە كه‌مێك بیر له‌ سه‌لامه‌تی گیانی خۆمان و خه‌ڵك به‌گشتی بكه‌ینه‌وه‌ و كاتێك داوای پشوو ئه‌كه‌ین كه‌مێك له‌ ماڵه‌كانماندا ئارام بگرین. ئه‌گه‌ر توانای چوونه‌ ده‌ره‌وه‌شمان هه‌یه‌ ئه‌وه‌ چونه‌ سه‌ركار و فه‌رمانگه‌ و شوێنه‌كانی ده‌وڵه‌ت ئه‌و ئه‌ركه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵك ئه‌بێت قه‌ناعه‌تی پێ بێت بۆ خزمه‌تی گشتییه‌ نه‌ك زۆره‌ ملێی.

399 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations