مەحمود عوسمان: پارتە كوردییەكان ڕازی نین كەسایەتی سەربەخۆ لەپۆستە وەزارییەكان دابنرێن

13.02.2020

لڤین:

 سیاسەتمەدارێکی ناسراوی كورد ئاماژە بۆئەوەدەکات؛ پارتە كوردییەكان رازینابن كەسایەتی سەربەخۆی كوردی لەدەرەوەی ناوەندی سیاسی كوردیدا پۆستە وەزارییەكانی ناو حكومەتەكەی محەمەد عەلاوی وەربگرن.

مەحمود عوسمان؛ سیاسەتمەداری ناسراوی كورد ئاماژە بۆئەوەدەکات: هەموو پارتە سیاسییە عێراقییەكان پاڵێوراوی خۆیان پێشكەشی عەلاوی دەكەن و هاوشێوەی حكومەتەكانی تر دوای رەزامەندی سەرۆك وەزیران پۆستەكان وەردەگرن.

باسی لەوەش كردووە، كە ئەوە راست نییە دەوترێت لەدەرەوەی پارتە سیاسییەكان كەسانی سەربەخۆ بۆ وەرگرتنی پۆستە وەزارییەكان رادەسپێردرێن، بەڵكو ئەوە پارتەكانن پاڵێوراو بۆ وەزارەتەكان پێشكەش دەكەن، بۆیە پرەنسیپی سەربەخۆیی لەئارادا نامێنێت.

ئەوەش دەڵێت"پارتە شیعییەكان گڵۆپی سەوزیان بۆ عەلاوی هەڵكردووە بۆ ئەوەی كەسانی سەربەخۆ بۆ پۆستەكانیان دەستنیشان بكات بەو مەرجەی هەمان مامەڵە لەگەڵ كوتلە كوردی و سوننیەكانیشدا بكات، ئەگەر نا ئەوانیش چاو بە بڕیارەكەیاندا دەخشێننەوە".

بەقسەی مەحمود عوسمان لەناو هەموو پارتە سیاسییەكاندا كەسانی پاك ‌و لێوەشاوە هەیە، بۆیە شتێكی لۆژیكی نییە بەتەواوەتی كەسایەتییە حیزبییەكان رەتبكرێنەوە.

عوسمان ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، محەمەد تۆفیق عەلاوی پشتگیری ئێران و ئەمەریكای بەدەستهێناوە، بەڵام  لەبەر كۆمەڵێك هۆكار توانای ئیدارەدانی ئەو قۆناغە و داهاتووی عێراقی نییە، كە دیارترینیان بریتییە لە بێتوانایی لە رازیكردنی شەقامی عێراقی و كوتلە سیاسییەكان لەیەككاتدا، هەروەك سەختی دۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابووری عێراق .

450 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations