ئەمریكا سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق لەدۆخێكی نەخوازراو ڕزگاردەكات

13.02.2020

لڤین:

ئەمڕۆ پێنج شەممە ئەو وادەیە كۆتایدێت، كە پێشتر واشنتۆن پێشكەشی بەغدای كردبوو، بەوەی سەرەڕای سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران، بەڵام عێراق دەتوانێت غازی سروشتی بۆ كارپێكردنی وێستگەكانی كارەبا بكڕێت.

بەڵام بەپرسێكی عێراقی رایگەیاندووە، كە ئێستا ئەمریكا ماوەی 45 ڕۆژی وەك مۆڵەت پێشكەشی محەمەد تۆفیق عەلاوی، سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق كردووە، بۆ ئەوەی لەو ماوەیەدا مامەڵەی وزە و كڕینی غازی سروشتی بۆ دابینكردنی كارەبای عێراق لە ئێران بكڕێت، ئەوەش بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس.

ئێران بە فرۆشتنی غازی سروشتی بە عێراق، ڕۆڵی هەیە لە دابینكردنی یەك لەسەر سێی كارەبا لە عێراق، كە حكومەتی عێراق ئەو غازەی ئێران بۆ كارپێكردنی وێستگەكانی كارەبا بەكاردەهێنێت.

بەگوێرەی وتەی ئەو بەرپرسەی قسەی بۆ فرانس پرێس كردووە، ئەمریكا بەبێ مەرج ئەو وادەیەی بۆ عێراق درێژ نەكردووەتەوە، بەڵكو مەرجی خۆی بۆ حكومەتی نوێی عێراق هەیە، بەڵام مەرجەكانی ئەمریكای ئاشكرانەكردووە، بەوەش تا ڕادەیەك عەلاوی ئەو فشارەی لەسەر كەمدەبێتەوە، كە بەهۆی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت ڕووبەڕووی بووەتەوە.

4784 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations