یەكێتی سیستمی هاوسەرۆكی جێبەجێ دەكات

08.02.2020

لڤین: 
لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، سیستمی هاوسەرۆكی بۆ بەڕێوەبردنی یەكێتی لە داهاتوودا پەسەند كرا.

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەركردایەتی گشتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستاندا بە زۆرینەی دەنگ سیستمی هاوسەرۆكی بۆ بەڕێوەبردنی داهاتووی یەكێتی پەسەند كرا.

مسته‌فا چاوڕه‌ش، سه‌رپه‌رشتیاری كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی گشتی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: له‌ سه‌رجه‌م كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی گشتی به‌ تایبه‌ت كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ گفتوگۆی زۆر چڕوپڕ كرا له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌سه‌ر سكرتێری ئه‌نجومه‌ن، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی و ئیشوكاره‌كانی تریش، ئه‌وه‌ی مه‌بده‌ئییه‌ هه‌موو هه‌ڤاڵان له‌ ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی گشتی، كۆكن له‌سه‌ر ئه‌و خاڵانه‌ی تائێستا گفتوگۆیان له‌سه‌ر كراوه‌.

چاوڕه‌ش راشیگه‌یاند: تاوتوێی ته‌واوه‌تی سیستمی هاوسه‌رۆكی كراوه‌و رای هه‌موو ئه‌ندامانی له‌سه‌ر وه‌رگیراوه‌ ، كه‌ ئایا له‌ داهاتوودا سه‌رۆك جێگری ده‌بێت یان نای بێت، هه‌روه‌ها ئه‌رك و به‌رپرسیارێتیه‌كانیان چی ده‌بێت، كه‌ سه‌رجه‌م رێكه‌وتنه‌ سیاسییه‌كان و داڕێژه‌ری سیاسه‌تی یه‌كێتی ئه‌وان ده‌سه‌ڵاتی ته‌واویان تێدا ده‌بێت، چونكه‌ به‌رپرسی یه‌كه‌م و راسته‌وخۆ ده‌بن له‌ حزبدا.

ناوبراو وتیشی: به‌رپرس ده‌بن به‌رامبه‌ر داهاتوو سامان و موڵكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و ده‌توانن لێپرسینه‌وه‌ بكه‌ن، سه‌رۆك به‌رپرس ده‌بێت له‌ جێبه‌جێكردنی هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ رۆژانی داهاتوودا دێته‌ پێشه‌وه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی.

سەرپەرستیاری کۆبونەوەکە وتیشی: كۆبوونه‌وه‌كانمان بۆ په‌سه‌ند كردنی په‌یڕه‌وی ناوخۆ به‌رده‌وامی ده‌بێت، به‌پێی په‌یڕەو ئه‌وانه‌ی هه‌ڵده‌بژێردرێن بۆ سه‌رۆكایه‌تی ده‌بێت چه‌ند مه‌رجێكی سه‌ره‌كی هه‌یه‌ تێیایاندابێت، له‌وانه‌ ده‌بێت ناو ناوبانگیان باش بێت ساڵی خه‌باتیان له‌ 10 ساڵ كه‌متر نه‌بێت و رابردویان پاك بێت و له‌دۆسییه‌ی گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ نه‌گلابن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، تا ئێستا ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی 40 خاڵی له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆ تاوتوێكردووه‌و په‌سه‌ند كردووه‌، وتیشی: له‌ داهاتوودا مژده‌ی دڵخۆشكه‌رمان بۆ یه‌كێتییه‌كان ده‌بێت.

834 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations