ئامانج بابانی و مەلامەزهەر بۆ شاردنەوەی هۆقەباز و مەجید ئیبراهیم

06.02.2020

لڤین:
سەرهەڵدانەوەی دوو چیرۆک بۆ لەناوبردنی دوو چیرۆکیتر ئەمڕۆ هەریەکە لە دادگاکانی هەولێر و سلێمانی بە چەند دۆسیەیەکی کۆنەوە سەرقاڵ کران کە میدیاکانیشیان بە خۆیانەوە سەرقاڵ کرد.

ئەمڕۆ دادگای هەولێر لە بارەی هەریەکە لە دۆستەکانی مەلا مەزهەر و سکاڵای چالاکوانانی ژنان بە تۆمەتی ناوزڕاندن و دۆسیەی دادگایکردنی تۆمەتبارانی دۆسیەی هۆقەباز هاوکات بوو لەگەڵ نوێکردنەوەی دۆسیەی خۆکوشتنی ئامانج بابانی لەلایەن پۆلیسی بەڵگەی تاوان، هەموو ئەم دۆسیانە لەلایەن ماڵباتی لانە محەمەد و میدیاکانی نزیک لە یەکێتی والێک دەدرێتەوە کە بۆ ونکردنی دۆسیەی مەجید ئیبراهیم پێشمەرگەی یەکێتیە کە لە زیندانی ئاسایشی هەولێر بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا.

مەلا مەزهەر و بابەتی ناوزڕاندن

دۆسیەی مەلا مەزهەر ئەمڕۆ لەلایەن دادگای هەولێرەوە بڕیاری کۆتایی لەبارەوەدرا کە کاردانەوەی زۆری میدیایی و جەماوەری هەولێری لێکەوتەوە بەو هۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی شارەکە بۆ هەریەکە لە پشتیوانی مەلامەزهەر و چالاکوانان ئامادەبوون ئەوەش دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتەوە.

دادگا بڕیاری بێتاوانی مەلا مەزهەری دەرکرد و دواتریش چالاکوانان باسیان لەوەکرد کە داوای پێداچونەوەی دەکەن بۆ ئەوەی بۆ دادگای بسەلمێنن کە ئەو مەلایە ناوی زڕاندوون.

دۆسیەی ئامانج بابانی

هەرچەندە بەپێی بڕیارەكەی دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی لە18.12.2019 ئەوەی تۆماركردوە كردەوەی خۆكوژی بووەو بەھۆی ئەوەی ئامانج كۆتایی بەژیانی خۆشی ھێناوە كەیسەكە داخرا بەشێوەیەكی كۆتایی.

بەیانی ئەمڕۆ پۆلیسی هەرێم كە ناوەندەكەی لە شاری هەولێرە و سەر بە وەزارەتی ناوخۆیە رایگەیاند گومانیان لە كەیسەكەی ئامانج بابانی و لانە محەمەد هەیە.
 جەبار ئەحمەد، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی بەڵگەكانی تاوانی ھەرێم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "لەبەرئەوەی چوار قەوان دۆزراوەتەوە و چەكەكەی دیار نییە، داوادەكەین تانە لە بڕیاری دادگا بدرێت كە بۆچی دۆسییەكە داخراوە."

راشیگەیاند"لێكۆڵینەوەكە نەگەیشتووە بە كۆتایی و ھەربۆیە داوادەكەین لە سەرۆكایەتی داواكاری گشتیی چاو بە بەڵگەكاندا بخشێنیتەوە تا دەگەنە راستیەكە".
هۆقەباز دوای  شەس مانگ ئەمڕۆ باسکرا.

ئەمڕۆ لەگەڵ ئەو روداواەی هەرێمیانگرتەوە دادگاییکردنی تۆمەتبارانی رووداوەکەی ریستۆرانتی هۆقەباز یەکەم دانیشتنی دادگای بەڕێوە بەشێوەیەک بەشێکی زۆر لە میدیاکان ئاگادار نەبوون و باسیان لێوە نەکرد.

 ئەوەشدوای ئەوەهات کە رۆژی ١٧.٧.٢٠١٩ لە کاتی ئامادەبونی برایەکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ریستۆرانتی هۆقەباز هێرش کرایە سەر بەرپرسێکی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و دواتریش هێزە ئەمنیەکان گەمارۆیان خستە سەر کەمپی پەنابەرانی مەخمور  و تائێستاشئەو گەمارۆیە بەردەوامە.

لەوکاتەدا پارتی تۆمەتبارکرا بە پەردەپۆشکردنی ئەو ڕووداوە کە دیارترینیان رێبوار کەریم وەلی رۆژنامەنوسی نزیک لە سەرۆکی هەرێم ئەو گومانانەی باسلێوە کرد، بەڵام ئەمڕۆ دادگاییەکەیان بەڕێوە چوو.

بنەماڵەی لانە محەمەد وەڵام دەدەنەوە

خانەوادەی لانە محەمەد رۆژنامەنوس كە لەگەڵ منداڵەكەیدا لەڕووداوێكی خۆكوژی لەلایەن ئامانج بابانی هاوسەرییەوە كوژران، وتەكانی بەڕێوەبەری پۆلیسی بەڵگەی تاوانی هەرێم رەتدەكەنەوەو ئاشكراشیدەكەن، جوڵاندنی كەیسەكە لەم كاتەدا بۆ پەردەپۆشی حساباتی سیاسییە نەك خەمی خانەوادەكەیان.

ئەوەش دوای ئەوە هات کە دوای زیاتر لە 50 رۆژ لە بڕیاری كۆتایی دادگای تاوانەكانی سلێمانی/2 لەكەیسی "خۆكوژی" ئامانج بابانی و لانە محەمەدی هاوسەری و منداڵەكەیان، ئەمڕۆ 6ی شوباتی 2020، بەڕێوەبەری بەڵگەی تاوانی هەرێم لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، كەیسە داخراوەكەی جوڵاندەوەو رایگەیاند: لەوانەیە كەیسەكە خۆكوژی نەبووبێت.

لەوەڵامی وتەكانی بەڕێوەبەری بەڵگەی تاوانی هەرێم، ئەندامێكی خانەوادەی رۆژنامەنوسی جوانەمەرگ لانە محەمەد، بە میدیای فەرمی یەكێتی راگەیاند: ئەوپەڕی بێ ئەدەبییە بۆ هەر كەسێك كەیسێكی وا بجوڵێنێتەوە، تا پەردەپۆشی حساباتی سیاسی پێ بكات.

وتیشی: حكومەتی هەولێر دوای ئەوەی خەڵك لەژێر ئەشكەنجەدا دەكوژێت، بیر لەوەدەكاتەوە بۆ پەردەپۆشكردنی ئەو دۆسێیانە، دێت كەیسێك دەجوڵێنێت كە ببێتە كێشەیەكی گەورە لەنێوان دوو حزبی سیاسیدا، تا دواتر بڵێن بابەتەكان دابخرێن.

دادگای سلێمانیش وەڵام دەداتەوە

دادوەر عومەر ئەحمەد وتەبێژی دادگای سلێمانی راگەیاند، بە رەخنە و سەرسوڕمانەوە سەیری قسەکانی بەڕێوەبەری پۆلیسی بەڵگە و تاوان دەکەین و ئەو بابەتە ئیشی ئەو نیە و هیچ زانیارییەکی دروستی لەبەردەست نەبووە کاتێک قسەی کرد.

 ناوبراو وتیشی ئەو بەڵگانەی ئەو باسی دەکات زۆر دەمێکە لای ئێمە هەیە بۆ دادگا گەیشتە ئەنجامی کۆتایی و دۆسیەکەی داخست.

بۆچی دۆسیەی ئامانج بابانی و مەلا مەزهەر قەدریان لە میدیا هەبوو

داپۆشینی قەزیەی مەجید ئیبراهیم، پێشمەرگەی یەکێتی کە لەلایەن ئاسایشی هەولێر دەستگیر کرا دواتر هەر لە زیندانی ئاسایس گیانی لەدەستدا و تۆمەتباریشکرا ەب خۆکوشتن و بازرگانی مادەی هۆشبەر کە یەکێتی دژی ئەو بەیاننامەیە وەستایەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانی کوردستان لیژنەی لێکۆڵینەوەی پێک هێنا بەڵام پێش ئەوەی ئەنجامی ئەو لیژنانەبە شێوەیەکی فەرمی رابگەیەندرێت ماڵپەڕی پەرلەمانی کوردستان لە زاری لژنەکەی پەرلەمانوە پشتیوانی بەیاننامەکەی ئاسایشی کرد.

ئەو رووداوە کە دەبوو لەم چەند رۆژەدا ئەنجامەکەی ئاشکرا بکرایە، بەڵام تا ئێستا وەستاوەو هیچ لێکۆڵینەوەیەک ئەنجامەکەی ئاشکرا نەکراوە، ژمارەیەک میدیاش ئاشکرایان کردبوو پارتی لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی دۆسیەی ئامانج بابانی بجوڵێنێت لەبەرامبەر دۆسیەی مەجید ئیبراهیم.

ئەمرۆش بۆ داپۆشینی دۆسیەی مەجید ئیبراهیم و تۆمەتبارکراوانی هۆقەباز هەردوو بابەتی مەلا مەزهەر و ئامانج بابانی لە میدیاکانی پارتیەوە وروژێندرا و بە گرنگیەوە کاریان لەسەرکرد و هاوکات هیچ باسێکیشیان لە دۆسیەی هۆقەباز و کەیسی مەجید ئیبراهیم نەکرد.

1686 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations