نوسینگەی مەسرور بارزانی رونكردنەوە لەسەر شەقامی 100مەتری سلێمانی دەدات

04.02.2020

لڤین: 
نوسینگەی مەسرور بارزانی، لەبارەی بڕیارنەدانی بۆ خەرجنەكردنی پارەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی رونكردنەوە دەدات و دەڵێت سەرقاڵی پێداچونەوە و ئامادەكارین بۆ دەستپێكردنی. 

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، روونكردنەوەیەكی لە بارەی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی بڵاوكردەوە و تیایدا دەڵێت: لێژنەیەكی باڵا و پسپۆری حكومەت سەرقاڵی پێداچوونەوە و ئامادەكاری كردنە بۆ دەستپێكردنی هەندێك پڕۆژەی ستراتیژی كە پڕۆژەی شەقامی سەد مەتریی سلێمانیش لەناو ئەو پرۆژانەیە. 

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی حكومەت ئەوەشی وتووە: حكومەتی هەرێم بە ڕەچاوكردنی دۆخی دارایی هەرێمی كوردستان تا ئێستا تەنیا ڕەزامەندیی لەسەر جێبەجێكردنی ئەو پرۆژانە داوە كە بە رێژەی زیاتر لە 75% ( بۆ پەرەپێدانی پارێزگاكان ) جێبەجێ كراون.

دەقی روونكردنەوەكە: 

لەم ماوەیەدا زۆر كەس و لایەن زۆر بە ناشارەزایی و بە بێ زانیاریی، لە چوارچێوەی موزایەدەكردن، بابەتی پرۆژەی شەقامی سەد مەتریی سلێمانییان خستووەتە بەر باس و گفتوگۆ و بەداخەوەش تا ڕادەیەكی زۆر ئامانجێكی چەواشەكارانە لە پشت ئەم هەوڵانە هەیە.

هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان و بە تایبەتی شاری هەڵمەت و قوربانی ئاگادار دەكەینەوە، حكومەتی هەرێم بە ڕەچاوكردنی دۆخی دارایی هەرێمی كوردستان تا ئێستا تەنیا ڕەزامەندیی لەسەر جێبەجێكردنی ئەو پرۆژانە داوە كە بە رێژەی زیاتر لە 75% ( بۆ پەرەپێدانی پارێزگاكان ) جێبەجێ كراون. بۆیە تا ئێستا حكومەت نەپڕژاوەتە سەر ئەو پرۆژانەی كە ڕیژەی جێبەجێكردنیان لە ژێر ڕێژەی ئاماژەپێكراودایە، بەڵام لە هەمانكاتدا لێژنەیەكی باڵا و پسپۆری حكومەت سەرقاڵی پێداچوونەوە و ئامادەكاری كردنە بۆ دەستپێكردنی هەندێك پڕۆژەی ستراتیژی كە پڕۆژەی شەقامی سەد مەتریی سلێمانیش لەناو ئەو پرۆژانەیە.

داواكاریی سەرەكیی هاووڵاتیانی كوردستان هەمیشە چاكسازی و شەفافیەت بووە، بۆیە پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن بۆ هەموو گرێبەستەكان دەكرێت لە هەر شوێنێكی هەرێمی كوردستان بن تاكو سامانی نیشتیمان لە بەرژەوەندیی هیچ كەس و لایەنێك بە هەدەر نەدرێت. حكومەتی هەرێم خزمەتگوزارییەكانی بەبێ جیاوازی دەگەیەنێتە هەموو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان، هاووڵاتیانمان لە سلێمانی شایەنی باشترین و شایستەترین خزمەتگوزارین و لە چەند مانگی ڕابردووشدا بڕیارمان لە سەر جێبەجێكردنی چەندین پڕۆژە لە سنووری سلێمانی و گەرمیان و هەلەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین داوە و لە ماوەیەكی نزیكیشدا دەست بە جێبەجێ كردنی پرۆژەی سەد مەتریی سلێمانی دەكرێت بە جۆرێك كە سامانی هاوولاتیانی سلێمانی بە شیوەیەكی كارا و بەجێ بۆ خزمەتی خۆیان بخرێتە كار، لە پرۆسەی پێداچوونەوەی پرۆژەكانی سلێمانیش ھەر گوژمەیەك بمێنێتەوە ھەر لەو سنوورە بۆ پرۆژەی دیكە خەرج دەكرێت. 


نووسینگەی راگەیاندنی
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان
2020/2/4

576 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations