رێکەوت زەکی: سەرۆکی حکومەت ٢ جار پارەی بۆ شەقامی سەدمەتری کەم کردۆتەوە

03.02.2020

لڤین:
ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەبارەی شەقامی سەدمەتری شاری سلێمانی رونکردنەوە دەدات و ئاشکرای دەکات سەرۆکی حکومەت رێگری دەکات لە خەرجکردنی پارەی ئەو شەقامە.

رێکەوت زەکی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لەبارەی پڕۆژەی شەقامی سەدمەتری شای سلێمانی، رایگەیاند: دەستپێنەکردنی پرۆژەکە تەنیا یەک ھۆکاری ھەیە ئەویش رەزامەندنەبونی سەرۆکی حکومەتە.

ناوبراو رایگەیاند: تائێستا سەرۆکی حکومەت ٢ جار بڕە پارەی تەرخانکراوی بۆ پرۆژەکە کەم کردۆتەوە و ھێشتاش پێی رازی نییەو دەڵێت زۆرە. بەرەو ئەوە دەچێت لەکۆتایدا ھێندە بودجەی پرۆژەکە کەم بکەنەوە تا کەس ئامادە نەبێت بیکات و کارەکە بسپێرن بە کۆمپانیایەکی خۆییانە.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەشڵێت: ھەموو ئەو ئاستەنگ دروستکردنانە لەکاتێکدایە کەکۆمپانیای جێبەجێکار ئامادەیە تا ئاستێک پرۆژەکە جێبەجێبکات و چاوەرێی سلفەی حکومەت نەکات. چوار قاچی کورسی ئەم حکومەتە سیانیان ھی خوێن و قوربانی و ئەنفال و کیمیا باران و قەزاو گوندە تەختکراوەکانی پارێزگای سلێمانین، ئێستا شەقامێکی رێک و پێک بۆی زۆرە؟

رێکەوت زەکی لە راگەیەندراوێکدا پێی باشە دەسەڵاتی خەرجی بدرێتەوە پارێزگای سلێمانی و پارێزگاکە خۆی خاوەنی بودجەو ئیدارەی ئەم پرۆژەیەو پرۆژە ستراتیژیەکانی دیکەی وەک بەنداوی خێوەتەو ئەوانیتر بێت.

1029 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations