سلێمانی چی دەوێت؟!

02.02.2020

لڤین: وەرگیراوە لە هەژماری بەیار عومەرعەبدوڵا

برای بەڕێز و ئازیزم كاك دكتۆر هەڤاڵ، پارێزگاری سلێمانی

لە جیاتی ١١ هەزار پرۆژە كە فەرمووت گوایە جێبەجێتكردوە، خۆزگە تەنها ٣ پرۆژەت جێبەجێبكردایە بۆ شاری سلێمانی.

١-شەقامی ١٠٠ مەتری.

٢-سەوزكردنی گۆیژە. كە ئێستا چەند سەرمایەدارێك دەیانەوێت بەشێكی سەوزبكەن. دەكرێت پارە بۆ بەشەكانی تریشی تەرخان بكرێت.

٣-دروستكردنی بەنداوێكی گەورە لە نزیك شاری سلێمانی، كە هەم بۆ ئاوی ماڵان گرنگە، هەم بۆ كارەبا، هەم بۆ ئاودێری و كشتوكاڵ. لە هەمووشی گرنگتر دەبێتە ناوچەیەكی گەشتیاری و خەلكی سلێمانی دەتوانن كاتی تێدا بەسەربەرن. هەروەها كەرتی گەشتوگوزار دەبوژێنێتەوە. دەكرێت لەو بەنداوەشەوە كەناڵی ئاویی بهێنرێتەوە بۆ ناو شاری سلێمانی. ئەگەر دیقەتبدەین زۆربەی شارە گرنگ و بەناوبانگ و خۆشەكانی دونیا ئەو شارانەن كە ئاو بە ناویاندا تێپەڕدەبێت.

لەگەڵ چەند ئەندازیارێكدا دیراسەم كردوە ناوچەی شارباژێڕ لە سلێمانی بەرزترە. دەكرێت لە شارباژێڕ بەنداوێكی گەورە دروستبكرێت و لەوێوە ئاو بهێنرێتەوە بۆ ناو شاری سلێمانی. هەر بە ئاوی ئەو بەنداوەش شاخەكانی گۆیژە و ئەزمڕ ئاو بدرێن و سەوز بكرێن.

ئەگەر حكومەتی هەرێمیش پارەنادات، دەتوانرێت لە ڕێی بەغداو و وەزارەتی سەرچاوە ئاویەكانی عێراقەوە بودجەی بۆ تەرخان بكرێت. ئەگەر ئەوانیش ئامادە نەبوون، دەتوانرێت لەڕێی چەند سەرمایەدارێكی ناوخۆ و بیانیەوە جێبەجێیبكرێت؛ ئەوانیش لە بری پارەی دروستكردنەكەی چەند ساڵێك كارەبا بە حكومەت بفرۆشنەوە تا پارەكەی وەردەگرنەوە.

ئەمانە زۆر گرنگترن لە هەندێك نمایش كە سادەیی مرۆڤ پیشاندەدات. سادەیی وەختێك گرنگە كە لە پاڵ كار و خزمەتدا بێت. بەڵام ئەگەر تەنها نمایشێك بێت بۆ داپۆشینی خزمەتنەكردن و كەمتەرخەمی، بێگومان توڕەیی هاوڵاتیانی لێدەكەوێتەوە.

ئێستاش كات درەنگ نیە. دڵنیاتدەكەمەوە ئەم پرۆژانە جێبەجێبكەیت لە جاران خۆشەویستر دەبیت، بەپێچەوانەشەوە دەبیت بە یەكێك لە فیگەرە پۆپۆلیستەكان، كە بە درێژایی ئەم چەند ساڵە كاریان لەسەر سۆز و عاتیفەی هاوڵاتیانی ئەم سنورە كرد بۆ كۆكردنەوەی زۆرترین دەنگ و بەدەستهێنانی پلە و پایەی حكومی و پەرلەمانی، كە جگە لە دەوڵەمەندبوونی چەند كەسێك، بوو بە مایەی ماڵوێرانی هاوڵاتیانی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین.

پێشموایە چۆن بەشێك لە مافیاكانی یەكێتی زەرەری گەورەیان لەم سنورەدا لە ڕێی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانیەوە بە هەمان شێوە هەندێك لە پۆپۆلیستەكانی گۆڕانیش بە شێوەیەكی تر زیانیان لەم سنورەدا، كە بریتی بوو لە بەڵێنی قەبە و جێبەجێنەكردنی كە دواجار بوو بە هۆی لەناوبردنی هیوای هاوڵاتیان و نەمانی متمانە بە سیاسەت.

1646 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations