خومەینی گەڕایەوە بۆ تاران، بزانە دوایی چی بەسەر هاوڕێكانی هێنرا

02.02.2020

ئا: سەڵاح سالار

بەسەرهاتی ئەو وێنەیەی ئێرانی وەرچەرخاند
یارەكانی دوێنێ‌و نەیارەكانی سبەینێ

ئەم وێنەیە كاریگەرییەكی تەواوی لەسەر ڕەوتی سیاسیی ئێران هەیە، ئەم كۆمەڵە كەسە هەموو نەیارانی ڕژێمی پاشایی ئێرانن، بەڵام یەك گروپ نین، بەڵكوو چەند بیروبۆچونی جیاوازیان هەیەو دژایەتی دەوڵەتی پاشایی خاڵی كۆكەرەوەی ئەوانە.

ئەم كۆمەڵە كەسایەتییە لە 1ی شوباتی 1979 لەفەڕەنساوە گەڕانەوە بۆ تاران‌و ڕژێمی پاشایی ئێرانیان بەیەكجاری هەڵتەكاند.

بەڵام ئایا ئەم كەسانە دواتر چییان بەسەر هات‌و چارەنوسیان بەكوێ گەیشت؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە كە جێگەی سەرنجەو بەگوزەرێكی خێرا ڕوونی دەكەینەوە.

لەسەروبەندی ڕاپەڕینی 1978و 1979ی ئێران‌و شۆڕشە جەماوەرییەكەی گەلانی ئێران كە زیاتر ئیمام خومەینی لەپاریسەوە ڕابەرایەتیی دەكرد، هەناوی حكومەتی پاشایی ئێران بەجارێ هەڵتەكاو خەڵكی شۆڕشگێرو خەباتكەری ئێران بەهەموو نەتەوەو ئایین‌و مەزهەبەكانەوە دەسەڵاتی پاشایی ئێرانیان قڵپ كردەوە.

ئەم وێنەیە بەدەگمەنترین‌و ناوازەترین وێنەی ڕۆژانی شۆڕشی گەلانی ئێران دێتە ئەژمار، وێنەكە دوو گرنگیی‌و تایبەتمەندیی خۆی هەیە، یەكەم: بۆ كات‌و ساتی خۆی زۆر گرنگ بوو چونكە سەرانی شۆڕش‌و هیوای ئازادیخوازانی ئێران بەشی سەرەكییان ئەو وێنەیە كۆیان دەكاتەوە كە لە كاتی گەڕانەوەی ئەو فڕۆكەیە لەفەڕەنساوە بۆ فڕگەی میهرئابادی تاران پێكەوە دەركەوتن. گرنگیی دووەمی وێنەكە بۆ پاش وێنەكە دەگەڕێتەوە، ئەویش بەهۆی ئەو ڕووداوە تاڵانەی بەسەر هاوڕێكانی ئەو گەشتەی فڕۆكەكەو ناو وێنەكەدا هات.


فڕۆكەكە لە فەرەنساوە هات و فڕۆكەیەكی تایبەت بوو، لە پاریسەوە فڕی بۆ تاران، لە كاتێكدا هێشتا حكومەتی پاشایی نەڕووخابوو، بەڵام شا خۆی هەڵاتبوو، حكومەتی بە شاپوور بەختیار سپاردبوو، شاپوور بەختیار بە ڕەگەز (بەختیاری)ییە و بەختیارییش هۆزێكی گەورەی لوڕن و لوڕیش لە بنەڕەتدا كوردن، ئەگەرچی ئێستا خۆیان بە نەتەوەیەكی سەربەخۆ دەزانن نەك كورد.

10 ڕۆژ بەرلەوەی شۆڕش سەربكەوێت و حكومەتی پاشایی تێكبشكێت، ڕۆژی 12ی بەهمەنی 1358 بەرانبەر بە 1ی شوباتی 1979 فڕۆكەكە لە سەعات 9:30 خولەكی سەرلەبەیانی گەیشتە فڕگەی میهرئاباد و پاش چەند خولەكێك ئەم كەسانە لە فڕۆكەكە وەردەركەوتن كە سەدان ڕۆژنامەنووس و دەیان هەزار و بە ملیۆنان خەڵك چاوەڕێی دەكردن. شیاوی باسە فڕۆكەكە لەسەر كیسەی (ئەبولحەسەنی بەنی سەدر) بەكرێ گیرابوو كە بە یاوەریی ئیمام خومەینی بۆ تاران گەڕایەوە. كە ئیتر بە 10 ڕۆژ دوای گەڕانەوەی ئەو سەرنشینانەی فڕۆكەكە لە 22ی بەهمەنی 1358، بەرانبەر بە 11ی شوباتی 1979 حكومەتی پاشایی ئێران بەیەكجاری هەرەسی هێنا و شۆڕشی گەلانی ئێران سەركەوتنی خۆی ڕاگەیاند.

با بزانین هاوڕێیانی ناو وێنەكە كێن و چییان بەسەرهات؟

ئیمام خومەینی:
ئەڵبەت كەسایەتی خومەینی دیارە و باسكردنی ناوێت.

ئەبولحەسەنی بەنی سەدر:
ئەوەی لە گۆشەی سەرەوەی وێنەكەوە دیارە ئەبولحەسەنی بەنی سەدرە، بەنی سەدر لەپاش پێكهێنانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەهەڵبژاردندا سەركەوت و نزیكەی 35 ملیۆن دەنگی بەدەستهێنابوو، بەڵام دوایی لەگەڵ لایەنگرانی شۆڕش ململانێی بۆ دروست بوو، تا ئیمام خومەینی بە یەك ڕستە (35 ملیۆن كەس بڵێن بەڵێ من دەڵێم نا) لە سەرۆك كۆماریی خست و فەرمانی گرتنیشی بۆ دەرچوو، بەڵام دوایی خۆی حەشاردا و پاش ماوەیەكی زۆر ئینجا بە نهێنی گەیاندەوە پاریس و تا ئێستاش لە پاریس دەژی و حەوت كەسیش لە لایەنگرانی دەستگیركران و لەسێدارە دران.

ئایەتوڵا لاهووتی:
ئەو ئایەتوڵایەی ڕێك لە پشتی سەری ئیمام خومەینییەوە وەستاوە و عەمامەیەكی سپی لەسەرە، ناوی (ئایەتوڵا لاهووتی)یە، ناوبراو یەكێكە لە زیندانیانی سیاسیی سەردەمی ڕژێمی پاشایی و پیاوێكی خەباتگێڕ بووە و لەگەڵ هەردوو ئایەتوڵای دیاری ئێران (تاڵەقانی و مونتەزەری) زیندانیی بووە. لاهووتی سەرسەختترین نەیاری بەنی سەدر بوو، 2 مانگ پاش بەركەناركردنی بەنی سەدر بە فەرمانی ئایەتوڵا لاجوەردی دەستگیر كرا و لە بەندیخانەی (ئەوین) لەسێدارە درا. وتە بەناوبانگەكەی لاهووتی بەرانبەر بە ڕەفسەنجانی و هاوڕێیانی ئەوەبوو: (خەڵك شۆڕشی بۆ ئەوە نەكرد من و تۆ حكومەتداریی بكەین، چۆن دەبێت لەسەدا هەشتی وڵات حكومەتداریی بۆ لەسەدا هەشتای خەڵك بكات؟).

سادق قوتبزادە:
ئەو كەسەی دیكە لە نێوان ئایەتوڵا مونتەزەریی و لاهووتی وەستاوە ناوی (سادق قوتبزادە)یە، ئەویش كەسایەتییەكی خەباتكەری دیار بوو، دواتر بە تۆمەتی نانەوەی بۆمب لە نزیك بارەگای ئیمام خومەینی لە (جەماران) دەستگیر كرا و لەسێدارە درا. جەماران گەڕەكێكی باڵاشاری تارانە و خومەینی لە خانوویەكی بچووكی موتەوازیعدا لەوێ دەژیا كە ئێستا كراوەتە مۆزەخانە. ئایەتوڵا موتنەزەری لە بیرەوەرییەكانیدا دەڵێت: من دوایی بۆم دەركەوت كە لە نزیك بارەگای ئیمام هیچ بۆمبێك دانەنەبرابوو.

سادق تەباتەبایی:
ئەوەی لە تەنیشتی بەنی سەدر ڕاوەستاوە (سادق تەباتەبایی)یە، ئەو دوایی بووە وتەبێژی دەوڵەتەكەی مەهدی بازرگان و دواتر پشتی كردە بارزگان و ڕووی كردەوە گرووپی حكومەتییەكان (بەنی سەدر و هاوبیرانی)، پاش شكستی ئەوان ئەویش دەرپەڕێنرا، ناوبراو پۆلیسی ئەڵمانیا بە تۆمەتی بڕێكی زۆر لە مادەی هۆشبەر دەستگیری كرد و حوكمی زیندانی بۆ بڕایەوە.

ئەحمەد خومەینی:
كوڕی ئیمام خومەینییە و كەسایەتییەكی دیاری ئێران بوو، پاش مەرگی باوكی لە ساڵی 1994 بە شێوەیەكی گوماناوی لە تاران كۆچی دوایی كرد، لایەنگرانی وتیان: لە نەخۆشخانە بە ژەهر تیرۆر كراوە، نەك بە نەخۆشی مردبێت. حكومەتیش ڕایگەیاند: كە لە نەخۆشخانە و بە نەخۆشی كۆچی دوایی كردووە.

موحسین سازگارا:
سازگارا دوای شۆڕش بوو بە بەڕێوەبەری دەنگ و ڕەنگی كۆماری ئیسلامیی ئێران، دوای ماوەیەك ئەویش تەنگی پێهەڵچنرا و دەستگیر كرا و ماوەیەكی زۆر لە بەندیخانەی ئەوین بەند كرا، ناوبراو مانی لەخواردن گرت و دواتر لێبوردنی بۆ دەرچوو، پاشتر هەڵات بۆ ئەمریكا و ئێستا لە ئەمریكا دەژی.

ئیبراهیم یەزدی:
ئیبراهیم یەزدی كەسایەتیەكی سیاسیی و دیاربو، لەدەوڵەتە كاتییەكەی مەهدی بازرگان، جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە بوو، لەساڵانی دواییدا بوو بەچالاكی باڵی ئیسڵاحییەكان‌و لایەنگرێكی سەرسەختی میرحوسێن موسەوی بوو، بە تۆمەتی ئاژاوەنانەوە دەستگیر كرا و سزای هەشت ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە.

مورتەزا موتەهەری:
ئەو ئایەتوڵایە كە لە پشتی ئیمام خومەینی وەستاوە و عەمامەیەكی سپی لەسەرەو چاویلكەیەكی لەچاودایە، موتەهەری زانایەكی دیار بوو، بە فەیلەسووفێكی ئیسلامیی شیعە دادەنرا، لەهەمان ساڵی گەڕانەوەی بۆ تاران بەدەستی گرووپی فورقان تیرۆر كرا و تیرۆرەكەی جێگەی گومان بوو.

محەمەدی مونتەزەری:
كوڕی ئایەتوڵا مونتەزەری بوو، كە پاش خومەینی كەسایەتی دووەمی وڵاتەكەی بوو، ناوبراو لە تەقینەوەكەی نووسینگەی حزبی كۆماریی ئیسلامیی كوژرا، ئەڵبەت ئەو تەقینەوەیە گورزێكی كورچكبڕبوو وەك كردەیەكی تیرۆریستی دژی سەرانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بەكارهێنرا و سەرك كۆمار (ڕەجائی) و سەرۆكی وەزیران (دكتۆر باهونەر) و چەندین كەسایەتی گەورەی ئێران تێیدا كوژران و پاشتریش لە تەقینەوەیەكی دیكەدا عەلی خامنەییش دەستێكی پەڕی.

دوای گەڕانەوەی ئەم كۆمەڵە سەركردەیەی ئۆپۆزیسیۆن بۆ تاران دە ڕۆژ ململانێی سەختی نێوان شۆڕشگێڕان و دارودەستەی محەمەد ڕەزا پەهلەوی درێژەی كێشا، دواجار پاش دە ڕۆژ شاپوور بەختیاری سەرۆكوەزیرانیش هەڵات بۆ هەندەران و حكومەتی پاشایی شكستی یەكجاریی هێنا و شۆڕش سەركەوتنی خۆی ڕاگەیاند. ئێرانییەكان بەو 10 ڕۆژە دەڵێن دەیەی فەجر.

بۆیە ئەم وێنەیە ڕۆڵی یەكلاكەرەوەی بۆ سەردەمی ڕۆژانی شۆڕشی گەلانی ئێران و دواتریش هەبوو، براكانی دوێنی دوای سەركەوتنیان كەوتنە پاكتاوی یەكتر و باڵی ئیمام خومەینی و مەلاكانی چواردەوری سەركەوتن و ئەوانی دیكەیان دەرپەڕاند و بۆخۆیان دەستیان بەسەر شۆڕشەكەدا گرت.

866 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations