"مانگانە ٢٠٠ ھەزار كارتۆن جگەرە بە قاچاخ دێت"

26.01.2020

لڤین: 
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان هۆشداری دەدات لە گەندەڵی و هاوردەکردنی جگەرەی قاچاخ لە خاڵە سنوریەکانەوە بۆ هەرێمی کوردستان. 

عەلی حەمە ساڵح، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: خاڵە سنوریەكان بووە بەناوەندێك بۆ قاچاخچێتی و قۆرخكاری و بە ملیۆنێركردنی چەند بەرپرس وكەسێك.

ناوبراو دەشڵێت لەئیبراھیم خەلیل و سمێلكاوە تاوەكو باشماخ، قاچاخچێتی دەکرێت و دەشڵێت "ئەوەی لە خاڵی سنوری سمێلكا، حومكمڕانە و بڕیاری بازرگانی دەدات چی بڕوات و چی بێت كۆمپانیای ستێرە.. نەك حكومەت ئەم دۆسیەش بە وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیران وتراوە".

ئەو وتیشی"ئێستا لە دەرەوەی گومرگی باشماخ ، بە پشتبەستن بە ھێزی ئەمنی جگەرە بە قاچاخ دێت و بە ھیچ گومرگ و پشكنینێك تێناپەڕێت، قەبارەی ئەم قاچاخی جگەرە بەشێوەیەكی مەترسیدار زیادیكردوە، ٨٠٪‏ جگەرە ئێستا بە قاچاخ لەلایەن بەرپرسانەوە بە ھێزی ئەمنی داخڵدەكرێت".

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان دەشڵێت مانگانە ٢٠٠ ھەزار كارتۆن جگەرە بە قاچاخ دێت، بەھۆی ئەم دۆسیەی خاڵە سنوریانە، فشارێكی ئێجگار زۆرمان لەسەرە بۆ ئەوەی بێدەنگ بین.

463 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations