سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ: لە سنوری شیلادزێ ئێستا 27 كەس دەستگیركراون

25.01.2020

لڤین: 
سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ لەسەر دەستگیر كردنی 27 كەس لە سنوری شیلادزێ و ناوچەی بادینان رایگەیاند ئەوانە بە تۆمەتی ئەندامبوون لەپەكەكە بە شێوەیەكی نایاسایی دەستگیر كراون.  

عەبدولستار مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لەپەرلەمانی كوردستان، نیگەرانی لەدەستگیركردنی هاوڵاتیانی شیلادزێ بە شێوەیەكی نایاسایی دەردەبڕێت و دەڵێت: ژمارەیەك لە هاونیشتمانیان لە دەڤەری شیلادزێ لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە دەستگیركراون، بەپێی بەدواداچوونێكمان لەسەرئەوبابەتە، تا ئێستا 27 كەس دەستگیركراون و ئەوەندەشی پێمان گەیشتوەتەوە، تۆمەتی ئەندامبوون و كاركردنیان بۆ پارتی كرێكارانی كوردستان PKK  دراوەتەپاڵ .

سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ ئەوەشی رونكردووەتەوە "دەستگیركردنی خەڵك لەو ناوچەیە دوای خۆپیشاندانەكانی ساڵی ڕابردووی بەشێك لە دانیشتوانی ئەو دەڤەرە دێت دژ بە بوونی بنكە و بارەگا سەربازیی و هەواڵگرییەكانی توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستان و بەدیاریكراویش لە شیلادزێ". 

عەبدولستار پێشیوایە "ئەو دەستگیركردنە ڕەمەكییە نایاساییە و پێویستە ڕابگیرێن و دەزگا ئەمنییەكان ناكرێ و نابێ بۆ خزمەتی ململانێی حزبی بەكاربهێندرێن، هەروەك لەگەڵ هەموو ڕێوشوێن و ڕێكارێكی یاساییداین بەرامبەر هەركەسێك تۆمەتێكی لەسەربێت".

سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ ئەوەشی راگەیاندووە: ئایا بەڕاستی پەكەكە لای حكومەت و یاسا كارپێكراوەكانی هەرێمی كوردستان وەك گروپێكی یاساغ و تیرۆریستی پۆلێنكراوە تا خەڵك لەسەر ئەندامبوون تیایدا دەستگیربكرێت؟ ئەگەر وەڵامەكەی نەخێرە، ئەی دەستگیركردن بۆچی؟. 

1144 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations