ئاڵدار خەلیل: قسەكانی نێچیرڤان بارزانی بەهانە دەدات بە توركیا

25.01.2020

لڤین: 
بەپرسێكی باڵای تەڤگەری كۆمەڵگەی دیموكرات، وەڵامی سەرۆكی هەرێمی كوردستنا دەداتەوە و پێیوایە ئەو قسانەی ئەو خزمەت بە توركیا دەكات و بەهانەی هێرش دەداتە ئەو وڵاتە بۆسەر رۆژئاوای كردستان. 

ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری كۆمەڵگای دیموكرات (تەڤدەم) رایگەیاند "لێدوانەكانی ئەم دواییەی بەڕێز بارزانی جێی داخە و پشت بەو پاساو بەڵگە ناڕاستانە دەبەستێت كە توركیا هەیەتی بۆ هێرشكردنە سەر ناوچەكانمان".

ناوبراو وتیشی"پاش داگیركارییەكانی ئەم دواییەی توركیا بۆ سەر ناوچەكانمان جیهان لەگەڵ ئێمە وەستاو دژی ئەوە بوو كە توركیا پێی هەڵدەستێت، ئەو پێشهاتانەش گرنگن بۆ ئێمە، ئەمڕۆ ئێمە بووینەتە بەرەیەكی گرنگ لە جیهان".

ئەو وەڵامەی ئاڵدار لە كاتێكدایە كە پێشتر نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، رایگەیاندبوو "پەیوەندی لە نێوان هەسەدە و قەندیلدا هەیە بەهۆی ئەوەیە توركیا هێرش دەكاتە سەر رۆژئاوای كوردستان". 

ئەو بەرپرسەی تەڤدەم بە پێویستی دەزانێت سەرجەم هێزە كوردستانیەكان پشتیوانیان بن  لەبەر ئەوەی ببنە بەربەست لەبەردەم هێرشەكانی توركیا و دەشڵێت"لێدوانەكانی بەڕێز بارزانی كە دەڵێت قەندیل لەوێ رۆڵی هەیە، ئەوە بە هیچ جۆرێك خزمەت بە ئەزمونی گەلەكەمان و كورد ناكات، بە پێچەوانەوە زیان بە سەرجەم هەوڵەكان دەگەیەنێت". 

2000 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations