بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، تكایه‌.. تكایه‌

جگه‌ له‌ چین، له‌ 11 وڵات نیشانه‌كانی ده‌ركه‌وتووه‌

25.01.2020

لڤین: لە هەژماری لوقمان غه‌فوور وەرگیراوە

ئه‌مڕۆ 25 جێنیوه‌ری میدیاكانی ئه‌مریكا، بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌ لێره‌وه‌ هۆشداری پێویسته‌، كه‌واته‌ وڵاتێكی وه‌ك ئه‌مریكا بكه‌وێته‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باشی، ئه‌بێت ئیستا كوردستان ته‌واو ئاگاداری هاوڵاتیانی كردبێته‌وه‌ له‌ دواهه‌مین ڤایرۆسی كوشنده‌ كه‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا-یه‌.

له‌ رۆژی 16ی جێنیوه‌ری به‌رپرسانی ته‌ندروستی چین ئاشكرایان كرد بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسێكی نوێی هاوشێوه‌ی سارس- وڵاته‌كه‌یانی گرتۆته‌وه‌ و تا ئه‌مڕۆ 25ی جێنیوه‌ری له‌ وڵاتی چین 45 كه‌سی كوشتووه‌ و 1400 كه‌سیش تووشبوون.

كه‌واته‌ له‌مڕۆ زووتر نییه‌ پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌رێگه‌ی فرۆكه‌خانه‌كانه‌وه‌ هه‌موو بازرگانه‌كان و ئه‌و كه‌سانه‌ی سه‌ردانی چین ده‌كه‌ن، سه‌ردانه‌كانیان راگرن و رێگه‌یان نه‌ده‌ن گه‌شت بۆ ئه‌و وڵاته‌ بكه‌ن. چونكه‌ راستییه‌كی حاشا هه‌ڵنه‌گره‌ یه‌ك نه‌خۆش بێته‌ كوردستانه‌وه‌ ئه‌وا كۆنترۆڵكردنی زۆر قورس ده‌بێت.
ره‌نگه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ بواری پزیشكی شاره‌زاتر بن له‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ به‌ڵام ئه‌م ڤایرۆسه‌ هاوشێوه‌ی ئه‌نفلۆنزای باڵنده‌ نییه‌، به‌ڵكو له‌ مرۆڤه‌وه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ مرۆڤ، كه‌واته‌ یه‌ك تووش بوو به‌سه‌ بۆئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ تووش بكات.

ئه‌مڕۆ جگه‌ له‌ چین، 11 وڵاتی تر ئاشكرایان كرد كه‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ له‌نێویاندا ده‌ستنیشانكراوه‌ ئه‌وانیش فه‌ره‌نسا، كۆریای باكور، ژاپۆن، نیپاڵ، تایلاند، سه‌نگاپۆره‌، ڤێتنام، تایوان، ئوسترالیا و ئه‌مریكا. هه‌ر ئه‌مڕۆ هۆنك گۆنگ ته‌واوی قوتابخانه‌كانی له‌سه‌رتاسه‌ری وڵات داخست بۆ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌.

نه‌خۆشیی ڤایرۆسی كۆرۆنا بریتییه‌ له‌ هه‌وكردنی توندی قوڕگ و دواتر پوكانه‌وه‌ی گورچیله‌ و مردنی كه‌سه‌كه‌. زانایانی پزیشكی پێیانوایه‌ ئه‌مه‌ نه‌وه‌یه‌كی نوێی (سارس) ڤایرۆسی كۆرۆنا-یه‌. كه‌ بۆ هه‌مان خێزانی ئه‌و ڤایرۆسه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و نه‌خۆشییه‌كی تونده‌ و تووشی كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌ ده‌بێت. هه‌روه‌ك ڤایرۆسی كۆرۆنا مرۆڤ تووشی تا و كۆكه‌ و پوكانه‌وه‌ی گورچیله‌ ده‌كات.

كه‌واته‌ لێره‌وه‌ پێویسته‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستان بێ هیچ ترس و دوو دڵییه‌ك میدیا به‌رووی رێنماییه‌كاندا بكاته‌وه‌ كه‌ چۆن خۆ له‌ په‌تاكه‌ ده‌پارێزرێت.

7251 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations