دەزگای لوتكە وتەبێژی حكومەت بەدرۆ دەخاتەوە

23.01.2020

لڤین: 
دەزگای لوتكە وەڵامی وتەبێژی حكممەت دەداتەوە و بەدرۆی دەخاتەوە و ئاشكرای دەكات كە هێنانەوەی تەرمی ئەو گەنجانەی سنوری سلێمانی و هەڵەبجە لەسەر ئەركی حكومەت نەبووە و بەپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری ئەركی مادی هێنانەوەی ئەو تەرمانەی گرتووەتە ئەستۆ. 

دەزگای لوتكە، بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران، رونكردنەویەەك لەبارەی راگەیەندراوێكی وتەبێژی حكومەتی هەرێم یكوردستان بڵاودەكاتەوە دەڵێت: لەدوای ئەوەی دەزگاكەمان هەواڵی گێڕانەوەی تەرمەكانی ڕووداوە نەخوازراوەكەی یۆنانی بڵاو كردەوە، وتەبێژی حكوومەتی هەرێم، بەڕێز جوتیار عادل ڕاگەیەندراوێكی فەرمیی بەناوی حكوومەتەوە بڵاو كردۆتەوە.

ئەو دەزگایە راگەیەندراوەكەی وتەبێژی حكومەت رەتدەكاتەوە و دەڵێت: لە یەكەم ساتی ڕوودانی ئەو ڕووداوەوە دەزگای لوتكە و نوێنەرە خۆبەخشەكانی بە شێوەیەكی بەرپرسیارانە مامەڵەیان لەگەڵ كەیسەكەدا كردووە و دەستبەجێ دەست كراوە بە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون و گشت كاروبارە یاساییەكانمان بە هاوكاریی باڵیۆزخانەی عێراق لە وڵاتی یۆنان جێبەجێ كردووە.

ئەوەشی رونكردووتەوە كە دەزگاكەیان لە "بەدواداچوون بۆ بێسەروشوێنەكان بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەدا پرۆفایلی دی ئێن ئەی لەلایەن دەزگاكەمانەوە لە كەسوكاری قوربانییەكان وەرگیراوە و بە وردی لەلایەن دەزگای لوتكەوە كاری لەسەر دەكرێت".

لوتكە ئەوەی رونكردووەتەوە كاروباری یاسایی بۆ گێڕانەوەی تەرمەكان جێبەجێ كراوە و ئەركی گێڕانەوەی ئەو تەرمانە "ئێمە گرتوومانەتە ئەستۆی خۆمان" ئەوەشی وتووە " تێچووی گێڕانەوەی تەرمەكان و بەدواداچوون بۆ بێسەروشوێنەكان لەلایەن بەڕێز لاهور شێخ جەنگییەوە گیراوەتە ئەستۆ".

دەزگاكە رەتیكردووەتەوە حكومەت هیچ زانیاریەكی لەوبارەیەوە هەبێت و دەڵێت "حكوومەتی هەرێم، جگە لەوەی هاوكار نەبووە لەم كەیسەدا، تەنانەت زانیاریشیان لەبارەی ئەم بابەتەوە نییە و بەڕێز جوتیار عادل زانیاریی هەڵەی بڵاو كردۆتەوە".

ئەو بەم شێوەیە زانیاریەكانی جوتیار عادل راست دەكاتەوە: 

١/ بەڕێزیان ڕایانگەیاندووە كە ئەم كارەساتە لە دەریای ئیجە ڕوویداوە، لە كاتێكدا كە بەداخەوە لە دەریای ئایۆن ئەم ڕووداوە ڕوویداوە، كە دەكەوێتە نێوان یۆنان و ئیتاڵیا.

٢/ ناوی ٤ لە پەنابەرەكانی بە هەڵە بڵاو كردۆتەوە و وا دیارە بەڕێزیان ناوەكانیان لەسەر ئەو وێنەیەوە وەرگرتووە كە تیایدا لەسەر سندووقی تەرمەكان ناوەكان بە شێوەی دوانی نوسراون و پێشتر دەزگای لوتكە بڵاوی كردبۆوە.

بۆیە ئێمە وەك دەزگای لوتكە بە مافی خۆمانی دەزانین كە ئەم ڕاگەیاندنە بۆ ڕای گشتی بڵاو بكەینەوە تاكو ماندووبوونمان بە فیڕۆ نەڕوات و حكوومەتیش هەموو دەستكەوتەكان نەكاتە موڵكی خۆی. گشت بەڵگەكان لای دەزگای لوتكە پارێزراون و پێشتریش بەشێك لەوانە لەلایەن دەزگاكەمانەوە بڵاو كراونەتەوە. ئێمە خوازیار بووین حكوومەتی هەرێم بە ئەركی خۆی هەڵبستایا و ئەو كاروبارانەی بگرتایەتە ئەستۆ و پێویستی بەوە نەكردایە ئێمە لە پێنج ساڵی ڕابردوودا تەواوی ئەو كارانە جێبەجێ بكەین. هەر لێرەشەوە ڕایدەگەیەنین كە ئەگەر حكوومەتی هەرێم هێندە پەرۆشی پەنابەرانە، ئێمە ئامادەین دەیان كەیسی تریان ڕادەست بكەین تاكو ئەوان بتوانن ئەو تەرمانەی لە وڵاتانی ئەوروپا نێژراون بگەڕێننەوە و بەدواداچوون بكەن بۆ كەیسی بێسەروشوێن بوونی سەدانی دیكە.

1506 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations