هاتوچۆی هەولێر دوو بڕیاری دەركرد

23.01.2020

لڤین: 
بەڕێوەبەری ھاتوچۆی ھەولێر دوو بڕیاری نوێ لەبارەی بریكارنامە (وكالە) و تابلۆی ئۆتۆمبێل دەركرد، بە گوێرەی بڕیارەكە بۆ لەمەودوا بریكارنامەی ئۆتۆمبێل ماوەكەی بەسەر ناچێت.

لە راگەیەندراوێكدا ھاتوچۆی ھەولێر رایگەیاند: "بە مەبەستی ئاسانكاری زیاتر بۆهاووڵاتیان و پیشكەشكردنی خزمەتی زیاتر لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر، بەڕێوەبەری هاتووچۆی هەولێر كۆمەلێك بڕیار و راسپاردەی دەركرد بۆ بەشەكانی تۆمار و یاسایی". 

وەك لە راگەیەندراوەكەدا ھاتووە "دیارینەكردنی هیچ ماوەیەك بۆ بەسەرچوونی بریكارنامە (وكالە)ی گشتی و تایبەت كە پیشتر بۆ وكالەی گشتی ماوەی 5 ساڵ دیاری كرابوو، بۆ وەكالەی تایبەتیش ماوەی 3 ساڵ دیاری كرابوو، كه ‌ئەمە بوو بووە سەرچاوەی كێشە بۆ هاووڵاتیان و ‌زۆرێك لە هاووڵاتیان كە دەیانویست وەكالەكان تازە بكەنەوە موكل داوای پارەی لێدەكردن یاخود ئاماده ‌نەدەبوو سەر له ‌نوێ وەكالە بكاتەوە. ئێستا بەپێی ئەم بڕیارە بەبێ تازە كردنەوە و بۆ ماوەی كراوە كار بەوەكالە دەكرێت و ‌تەنیا لەو حاڵەتانەی كە بەپێی یاسا وەكالە كاریگەری نامێنێت".

ئەو بەڕێوەبەرایەتیە رونیشی كردووەتەوە "گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێل (تبدیل لوحات) كە زۆریك لەو هاووڵاتیانەی كە خاوەنی دوو ئۆتۆمبێل یان زیاترن حەز بە گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێلە‌كانیان دەكەن لەنێوان ئۆتۆمبێلە‌كانیان، كه ‌پێشتر نەدەبوایە لەماوەی كەمتر لە 6 مانگ ئەم كارە دووبارە بكرابایەوە، بەڵام ئێستا رێگاپێدراو كرا، و هاووڵاتی دەتوانێت لەماوەی 24كاتژمێر جارێكیش ئەم كارە بكات".

1555 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations