یاسایی چاکسازی، نەوەی نوێ هەڵدەوەشێنێت؟

لڤین وردەكاری هۆكارەكانی پارچەبوونی فراكسیۆنی نەوەی نوێ بڵاو دەكاتەوە

20.01.2020

لڤین:

بەهۆی یاسای چاكسازی و خانەنشینی پەرلەمانتارانەوە نەوەی نوێ دەبێتە دوو بەش، بەشێك لە پەرلەمانتارەكانی ئەو جوڵانەوەیە پشتیوانی سەرۆكی جوڵانەوەكەیان بەدەست هێناوە و دەڵێن ئێمە مووچەی خانەنشینی وەرناگرین  وبەشێكیتریشیان رایانەگەیاندووە كە مووچەكە وەرناگرن بەڵام بەشێوەیەكی راستەوخۆ رایانگەیتاند كە چیتر پەیوەندیان بەو جوڵانەوەیەوە نەماوە. 

سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، شاسوار عەبدولواحید لە گەڵ هەریەكە لە كازم فاروق، سیپان ئامێدی، مژدە مەحمود، كاوە عەبدولقادر، ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیان ئەنجامدا و تیایدا رایان گەیاند ئەو چوار پەرلەمانتارەی جوڵانەوەكە دەستبەرداری خانەنشینیەكەیان بوون لە پەرلەمانی كوردستان. 

سەرۆكی جوڵانەوەكە ئەوەی راگەیاند ئەو پەرلەمانتارانەی سۆندیان خواردووە و بەڵێننامەیان پر كردووەتەوە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنیشدا وتویانە كە مووچەی خانەنشینی رەتدەكەنەوە، بەڵام ئێستا لە كۆی 8 پەرلەمانتاری جوڵانەوەكە تەنها 4 پەرلەمانتار لەسەر بەڵێنەكەی ماوە، یەكێك لە پەرلەمانتارەكانی ئەو جوڵانەوەیە كە شادی نەوزاد بوو پێشتر بەهۆی بونی ناكۆی نێوانیان خۆی لە كاروباری فراكسیۆنەكە دوورخستبویەوە، بەڵام رۆژێك پێش ئەوەی پەرلەمان دەنگ بدات بە پڕۆژە یاساكە ئەو پەرلەمانتارە دەركرا لە ریزەكانی نەوەی نوێ.

تەنها کازم فاروق بە بڕێكی شیاو خانەنشین دەكرێت بەهۆی تەمەنەكەیەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی بۆخۆی پزیشك بووە پێشتر ئەگەر بگەڕێتەوە سەر كارەكەی بڕی خانەنشینیەكەی بەشێوەیەكی زۆر زیاتر زیاد دەكات لەوەی لە خانەنشینی پەرلەمان وەری دەگرێت

جگە لەوە سێ پەرلەمانتاری تری بزوتنەوەكە كە هەریەکە لە سیروان بابان، دیاری ئەنوەر، مەم بورهان قانع بوون، لەلایەن سەرۆكی جوڵانەوەكەوە داوایان لێكرا لە زوترین كاتدا فۆرمی وەرنەگرتنی خانەنشینی پڕ بكەنەوە ئەگەرنا لە ریزەكانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەردەكرێن، بەڵام هەرزوو ئەو سێ پەرلەمانتارە كشانەوەی خۆیان راگەیاند و یەكێكیش لەو پەرلەمانتارانە لە رونكردنەوەیەكدا رەخنە لە سەرۆك جوڵانەوەكە دەگرێت و تیایدا دەڵێت: تكام لە ھاوڕێكانم كرد، با ئێمە لەگەڵ خەڵك ڕاست بین. فۆرمێكی فەرمیم دروستكرد و تكام لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ كرد ھەموومان ئیمزای بكەین لە كۆتایی خوولەكە، خۆمان خانەنشین ناكەین. بەڵام سەرۆكی فراكسیۆن و ھاوكارەكانی ڕەتیانكردەوە ئیمزای فۆرمەكە بكەن. 

تەمەن بڕیاردەری خانەنشینی 

لەبارەی ئەو هەڵوێستەی پەرلەمانتارەكانی نەوەی نوێ سیروان بابان، كە خۆی لە نێو ئەو پەرلەمانتارانەدا نیە رەخنە دەگرێت و ئاشكرای دەكات، رێكەوتن لە نێوان ئەو پەرلەمانتارانە و سەرۆكی جوڵانەوەكە كراوە بەڵێنی پێداون وەك نەوەی نوێ ئەو پەرلەمانتارانە كاندید بكاتەوە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە پارەی خانەنشینی عێراقی بڕێكی زۆر زیاترە، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە تەمەنی ئەو پەرلەمانتارانە كەمە و ناتوانن بە بڕی زۆر خانەنشین بكرێن.   

هەریەك لە مەم بورهان قانع و سیروان بابان تەمەنیان بۆ وەرگرتنی خانەنشینی شیاوە و بە بڕێكی شیاو خانەنشین دەكرێن، بەڵام بەهۆی تەمەنەكەیان هەریەكە لە دیاری ئەنوەر و شادی نەوزاد ناتوانن بڕێكی زۆر خانەنشینی وەربگرن، بەڵام هۆكاری ئەوەش  دیاری ئەنوەر پێشتر لە میدیای نالیا كاری كردووە خانەنشینیەكەی بە برێكی زۆر زیاترە لەو موچەیەی كە لە پێشەكەی پێش پەرلەمانتاری وەریگرتووە

ئەو پەرلەمانتارانەی كە بڕیاریانداوە خانەنشینی وەرنەگرن پێهاتوون لە هەریەكە لە كاوە عەبدولقادرلە ئێٍستادا 38 ساڵ، كازم فاروق لە ئێستادا 34ساڵ، سیپان ئامێدی لە ئێستادا 29 ساڵ، مژدە مەحمود لە ئێستادا33ساڵ، بەڵام ئەوەی دەردەكەوێت تەنها کازم فاروق بە بڕێكی شیاو خانەنشین دەكرێت بەهۆی تەمەنەكەیەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی بۆخۆی پزیشك بووە پێشتر ئەگەر بگەڕێتەوە سەر كارەكەی بڕی خانەنشینیەكەی بەشێوەیەكی زۆر زیاتر زیاد دەكات لەوەی لە خانەنشینی پەرلەمان وەری دەگرێت.  

لەبەرامبەردا چوار پەرلەمانتاری جوڵانەوەكە وەرگرتنی خانەنشینیان رەتنەكردووەتەوە ئەوانیش پێكهاتوون لە هەریەكە لە دیاری ئەنوەر لە ئێستادا 32 ساڵ،  سیروان بابان لە ئێستادا 51 ساڵ، مەم بورهان قانع لە ئێستادا تەمەنی 46 ساڵ، شادی نەوزاد لە ئێستادا تەمەنی 31 ساڵە، لە نێوان ئەو چوار پەرلەمانتارەدا هەریەك لە مەم بورهان قانع و سیروان بابان تەمەنیان بۆ وەرگرتنی خانەنشینی شیاوە و بە بڕێكی شیاو خانەنشین دەكرێن، بەڵام بەهۆی تەمەنەكەیان هەریەكە لە دیاری ئەنوەر و شادی نەوزاد ناتوانن بڕێكی زۆر خانەنشینی وەربگرن، بەڵام هۆكاری ئەوەش  دیاری ئەنوەر پێشتر لە میدیای نالیا كاری كردووە خانەنشینیەكەی بە برێكی زۆر زیاترە لەو موچەیەی كە لە پێشەكەی پێش پەرلەمانتاری وەریگرتووە، ئەوە جگە لەوەی شادی نەوزاد بەهۆی ناكۆكیەكانی پێشتر پەیوەندی بە جوڵانەوەكەوە نەماوە.  

نەوەی نوێ لەنێوان بازرگانی و خیانەتی سەركردەكانیدا 

ئەگەرچی جوڵانەوەی نەوەی نوێ وەك دەنگێكی ناڕاززی لە سلێمانی و هەرێمی كوردستان دەستی بەكار كرد لە كاتی ریفراندۆمەكەی ساڵی 2017ی هەرێمی كوردستان كە ئەوكات سەرۆكی گروپی كۆمپانیاكانی نالیا، هەستا بە دروستكردنی (جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا) كە دەنگی نەخێری لە ریفراندۆمەكەدا بەكار هێنا و دوای شكستی ریفراندۆمەكەش شاسوار عەبدلو واحید توانی متمانەی خەڵكی بۆ خۆی كۆبكاتەوە بۆیە دوای ئەوە ئەو جوڵانەوەیە بووە جوڵانەوەیەكی سیاسی و لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق و كوردستان بەشداری كرد  وەك دەنگێكی ناڕازی رادیكاڵ  توانی لە عێراق 4 كورسی پەرلەمان بەرێتەوە بە هاوپەیمانی لەگەڵ تەڤگەری ئازادی و لە هەرێمیكوردستانیش توانی 8 پەرلەمانتار بەرێتەوە. 

لایەنگرانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئەو پەرلەمانتارانە تۆمەتبار دەكەن بەوەی بەهۆی بونی پارەی خانەنشینی بە شێوەیەكی زۆر دەستیان لە جوڵانەوەكە بەرداوە لە كاتێكدا پێش هەڵبژاردن بەڵێنیانداوە كە هیچ ئیمتیازێكی پەرلەمانتاری وەرنەگرن و نیوەی مووچەكەشیان بگێڕنەوە بۆ جوڵانەوەكە، بەڵام ئەوان پابەند نەبوون بە بەڵێنەكانیانەوە 

زۆری نەبرد پەرلەمانتارەكانی جولانەوەی نەوەی نوێ لە عێراق و لە هەرێمی كوردستان كشانەوە كە لە ئێستادا ئەو فراكسیۆنە لە هەرێمی كوردستان تەنها 4 پەرلەمانتاری ماوەتەوە و لە بەغدادیش تەنها پەرلەمانتارەكەی تەڤگەر خۆی بە خاوەنی فراكسیۆنی نەوەی نوێ دەزانێت. 

ئەو پەرلەمانتارانەی لە جوڵانەوەكە دوور كەوتونەتەوە سەرۆكی جوڵانەوەكە تۆمەتبار دەكەن بەوەی "بەڵێنی بە ئێمە دابوو كە واز لە بازرگانی و گرێبەستە بازرگانییەكان بھێنێ، بە پێچەوانەوە نەك وازینەھێنا بەڵكو فراوانتریكرد و پەلی ھاویشت بۆ بەغداد و دەرەوەی وڵات". 

سیروان بابان، یەكێك لەو پەرلەمانتارانەی كە خۆی بەشێوەیەك لە پەرلەمانتارەكانی تری جوڵانەوەكە جیاكردووەتەوە دەڵێت، داوامان كرد سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ "حەقی خەڵكەكە لە پشكەكانی چاڤێ لاند بگێڕێتەوە و ٥٢ ملیۆن دۆلارەكە بداتەوە بە حكومەت و ھەروەھا وەك بەڵێنی پێداین واز لە بازرگانی بھێنێت. بەڵام نەك ھەر بە گوێی ئامۆژگارییەكانی ئێمەی نەكرد، بەڵكو كەوتە رێكەوتنی نھێنی ژێر بە ژێر و دەست تێكەڵكردن لەگەڵ دەزگایەكی جاسوسی ناوخۆ تاكو مەلەفەكانی دادگای بۆ ھەڵپەسێرن". 

لەبەرامبەردا سەرۆك و لایەنگرانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئەو پەرلەمانتارانە تۆمەتبار دەكەن بەوەی بەهۆی بونی پارەی خانەنشینی بە شێوەیەكی زۆر دەستیان لە جوڵانەوەكە بەرداوە لە كاتێكدا پێش هەڵبژاردن بەڵێنیانداوە كە هیچ ئیمتیازێكی پەرلەمانتاری وەرنەگرن و نیوەی مووچەكەشیان بگێڕنەوە بۆ جوڵانەوەكە، بەڵام ئەوان پابەند نەبوون بە بەڵێنەكانیانەوە بۆیە لەگەڵ سەرۆكی جوڵانەوەكە رووبەڕووبونەتەوە، هەر بەوهۆیەشەوە سەرۆكی جوڵانەوەكە لەسەر سكاڵای یاسایی شادی نەوزاد دەستگیركرا لە كاتێكدا باس لەوە كرا كە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی تایبەتی لێكردوون.

1965 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations