به‌شیر حه‌داد: گفتوگۆكانی هه‌رێم و به‌غدا ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه‌

19.01.2020

لڤین:

جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق ئاشکرای دەکات سه‌ردانه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی بۆ هه‌رێم، ئاماژه‌یه‌ بۆ به‌رده‌وامی ئه‌و رێككه‌وتن و گفتوگۆیانه‌ی، كه‌ پێشتر له‌ نێوان هه‌ولێر و ناوه‌ند كراون، باس له‌وه‌شده‌كات، به‌ ئارامبوونه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌ سه‌ردان  و گفتوگۆكان ده‌ست پێ ده‌كه‌نه‌وه‌.

به‌شیر حه‌داد به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمی پارتی راگه‌یاندووه‌، په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌ ئاستێكی باشدایه‌، كه‌ گه‌یشتبوونه‌ ئاستێكی به‌رز و تیمه‌ هوونه‌رییه‌كان خه‌ریكی كاری خۆیان بوون، گفتوگۆكان و هاتووچۆی شانده‌كانیش به‌رده‌وامی هه‌بوو، هه‌تا رووداوی خۆپێشاندانه‌كانی باشوور و نێوه‌ڕاستی عێراق، كه‌ بارودۆخی ئاڵۆزكرد، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ حكوومه‌تی عێراق زیاتر سه‌رقاڵی خۆپێشاندان و ئه‌و بارودۆخه‌ بوو، كه‌ تێیكه‌وتبوو، بۆیه‌ گفتوگۆ و سه‌ردانه‌كان ساردی تێكه‌وت، هاوكات هۆكارێكی دیكه‌یشی، ده‌ستله‌كار كێشانه‌وه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران بوو.

 جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق وتیشی، "سه‌ردانه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی، كه‌ له‌ رۆژانی رابردوودا ئه‌نجامی دا و له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی كوردستاندا كۆبووه‌وه‌، ئامانجی برودان و به‌ره‌و پێشه‌وه‌بردنی گفتوگۆ و رێككه‌وتنه‌كانی نێوان هه‌ولێر به‌غدایه‌.

به‌شیر حه‌داد پێیوایه‌ گفتوگۆكان كاتێك به‌رده‌وامی ده‌بێت، كه‌ بودجه‌ی گشتی عێراق بڕواته‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، هاوكات له‌گه‌ڵ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێشدا گفتوگۆكان چڕتر ده‌بن و ده‌گه‌نه‌ رێككه‌وتن.

296 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations