وردەكاری چۆنیەتی دیاریكردنی كاندیدەكانی گۆڕان بۆ حكومەت و پەرلەمان ئاشكرا دەكرێت

15.01.2020

لڤین:  
ئەندامێكی دەست لەكاركێشاوەی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، لەبارەی شێوازی دیاریكردنی كاندیدەكانی حزبەكەی رایدەگەیەنێت جڤاتی گشتی لەو كاتەدا هەڕەشەی داخستنی دەرگای خۆی كردووە. 

ساڵح ژاژڵەیی، ئەندامی دەست لەكاركێشاوەی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، لە بەشی 10 هەمی وتارەكەیدا بە ناوی بزوتنەوەی گۆڕان بەرنامە بوو یان كاردانەوە؟! لەبارەی هەڵبژاردنی كاندیدیەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەت دەكات ووردەكاریەكەی ئاشكرا دەكات. 

ئەو لە نسوینەكەیدا باس لەوە دەكات كاندیدەكانی گۆڕان بۆ پۆستەكانی حكومەت لەم كابینەیەدا بەهۆی تەكەتولەوە دیاری كراون و عومەری سەید عەلی رێكخەری بزوتنەوەی گۆڕان هەموویان بە گوێرەی تەكەتولی خۆی یەكلایی كردووەتەوە.

ناوبراو لەو وتارەیدا باس لەوە دەكات هەر بەهۆی ئەو بابەتەوە ئەندامانی جڤاتی گشتی هەڕەشیان لە بزوتنەوەكە كردووە كە دەرگای جڤات دادەخەن. 

دەقی وتارەکە: 

بزوتنەوەی گۆڕان بەرنامە بوو یان كاردانەوە؟!

ساڵح ژاژڵەیی
بەشی‌ دەیەم
سیناریۆی‌ دیاریكرنی‌ كاندیدەكان بۆ حكومەت

ئەم چەند دێرەی لە سەرەتای ئەم بەشەدا دەیان نوسم پەیوەندی بە بەشی نۆیەمەوە هەیەو دەبوو لەویدا باسی بكەم، بەراستی لە یادم كردبو زۆر بەگرینگیشی دەزانم هەموان لێی ئاگادار بن . كاتێك لە سوید هاتمەوەو بەدواداچۆنم دەكرد بۆ ئەوەی بزانم كێ ئەم دوو یاسایەی تێپەراندوە ، پەیوەندیم  كرد بۆ بەریز كاك عومەری حاجی عینایەت  ئەندامی پەرلەمان، داوام لێكرد زانیاریم بداتێ و چۆن ئەم یاسایە تێپەرینراوە. لە وەڵاما وتی : من زۆر هەوڵم داوە ئەو دوو یاسایە تێنەپەریت و وتومە ئەمە لە زیان زیاتر سودی بۆ گۆڕان نابێت .  كاك عومەر دەڵێت:  كاك برزو و عەلی حەمە سالح وتویانە لە گردەكەوە پێمانوتراوە. واتە ئەوە فەرمانەو دەبێ جێ بەجێ بكرێت. كەواتە پێش ئەوەی لەپەڕلەمان قسەی لەسەر بكرێـت ، پێشوەخت لەگەڵ  پارتی ڕێكەوتن كراوە. دواجار لە كاتی دەنگداندا كاك عومەر و خاتو پەروا و دكتۆر شێركۆ حەمە ئەمین دەنگیان نەداوە بۆ تێپەڕاندی ئەو دوو یاسە. پێ دەچێت كەسانی تریش هەبوبن ئەوەیان پێ باش نەبوبێت بەڵام نەوێراون دەنگ نەدەن .
دوای‌ ئەوەی‌ كۆتا بڕیاردرا بۆ بەشداریكرن لە حكومەتەدا، بڕیاردرا لیژنەیەك پێك بهێنرێت و دەسەڵاتی‌ یەكلایی كەرەوەی‌ هەبێت بۆ دیاریكردنی‌ كاندیدەكان بۆیە بڕیاردرا كۆبونەوەی‌ جڤات بۆ ئەو مەبەستە بكەین. 
رۆژی‌ كۆبونەوەكە قسە لەسەر ئەوە كرا  كە پێش وەخت لیژنەیەكی‌ 7 كەسی‌ پێكهێنراوەو ناوەكانیش دیاریكرابون. بەڵام وەكو بۆمان دەركەوت و بە بن گویی ئێمەیاندادا  جڤاتی‌ نیشتمانی‌ هەڵویستی‌ هەبوە لەسەر دوان لە‌ ئەندامانی‌ لیژنەكە. واتە ئەوانەیان بەدڵ نەبوە. ئەو دوو بەریزەش دكتۆر دەرباز و ئاسۆ رەحیم بون .
بە كورتییەكەی‌ ئەیانویست شەڕەكە بە ئێمە بكەن و ئێمە بریار بدەین  ناوی  ئەو دوو كەسە لە لیژنەكە دەربهێنین .  قسە لەسەر ئەو بابەتە كراو بە هەڵپەسێراوی‌ مایەوە دوای‌ دوو رۆژ سەیرمان كرد ژمارەی‌ ئەندامانی‌ لیژنەكەیان كردوە بە 13 كەس و ئەو دوو كەسەش هەر لە لیژنەكەدا ماون كە پێشتر بە دڵی‌ جڤاتی‌ نیشتمانی‌ نەبون.
 كاك عومەری‌ سەید عەلی‌ خۆشی‌ بۆتە سەرۆكی‌ لیژنەكە.  لە راستیدا نەدەبوو  كاك عومەر بە هیچ شێوەیەك ئەوە قبوڵ بكات ئەگەر زۆریشی لێ بكەن ، چونكە كاك عومەر لە هەموو كارێكدا سەركەوتو بێت لەم كارەدا سەركەوتو و نابێت ، چونكە ناتوانێت  بێ لایەن بێت.  دوای‌ دوو مانگ وەرەو بڕۆ و دانیشتن هیچ ئەنجامێكی‌ نەبوو.  دیارە لە سەرەتاوە ئەمە هەر سیناریۆ بوەو بۆ خەڵەتاندن و دەستی‌ دەستی‌ بوە. دواجار لیژنەكە بڕیاری‌ خۆی‌ دابوو بەپێی ئەو پێوەرانەی‌ دانرابون ،  بۆ هەر پۆستێك 3 كەسیان كاندید كردبوو. 
بڕیاری‌ پێش وەختیش ئەوەبوو دوای‌ دەستنیشان كردنی‌ 3 كاندید بۆ هەر پۆستێك هەردوو جڤاتی‌ گشتی‌ و نیشتمانی‌ دەنگیان لەسەر بدەن. بەڵام هەندێك لە برادەرانی‌ خانەش و جڤاتی‌ نیشتمانیش ترسی‌ زۆریان هەبوو لەوەی‌ جڤاتی‌ گشتی‌ بەشداری‌ دەنگدان بكات. 
هۆكارەكەشی‌ بۆ ئەوە ئەگەڕایەوە كە ئەندامانی‌ جڤاتی گشتی بێمنەتن و خۆیان ئازادن چۆن و بە كێ دەنگ ئەدەن. بۆیە سەدان بەهانەو شێلەو بێلەیان دەهێنایەوە بۆ ئەوەی‌ ئێمە بەشداری‌ دەنگ دان نەكەین. 
 بەڕاستی‌ ئێمەش هەڕەشەمان كرد ئەگەر بەشداری‌ دەنگدانەكە نەكەین. دەرگای‌ جڤات دائەخەین. بۆ ئەوەی‌ ئێمە هەر بەشداری‌ دەنگدان نەكەین. جڤاتی‌ نیشتمانی‌ بڕیاری‌دا دەسەڵات بدەنە دەست رێكخەری‌ گشتی‌ و دواجار لە رێگای‌ ئەم سیناریۆیەوە رێگایان لە ئێمە گرت وەكو جڤاتی‌ گشتی‌ دەنگ بدەین. لێرەوە بە ئاشكرا دەردەكەویت جڤاتی نیشتمانی لە ئاستی ئەو بەر پرسیاریەتەدا نیە كە لە پێناویدا پێك هاتووە. كاك عومەری سەید عەلیش ئەوەی لە خوا دەویست و كاری بۆ ئەوە دەكرد  تاك لایەنە بریار بدات و ئەوەی دەیەویست ئەوە بكات و بەرژەوەندی بزوتنەوەكەو نارەزایەتی هیچ كەسی بەلاوە گرنگ نەبوو . دواجار هەموو سیناریۆ و پلانەكە وەكو خۆی دەرچوو .
شایانی‌ باسە ئێمە وەكو جڤاتی‌ گشتی‌ پێشتر پێشنیارمان كردبوو هیچ كەسێك  لە ئەندامانی‌ خانەو كادرە ئەساسیەكانی‌ رێكخستن و ئەوانەی‌ پێشتر پۆستی‌ حكومییان هەبوە یان ئەندامی‌ پەرلەمان بون پۆست وەرنەگرن بۆئەوەی‌ بۆشایی رێكخراوەیی دروست نەبێت و لە لایەكی‌ تریشەوە بۆ ئەوەی  كەسانی‌ بە تواناو شایستەو موستەحەقیش شانسی‌ وەرگرتنی‌ پۆستیان هەبێت. بەڵام وەكو لەدوییدا دەركەوت هیچ حسابێكیان بۆ پێشنیارەكەی‌ ئێمە نەكرد. 
 ئەگەر بەهانەكەی كاك عومەری سەید عەلی بۆ دانانی كوێستان خان ئەوە بوبێت كە دەبی ئافرەتی تێدابیت، ئەوەش لە شوینی خۆیدا نییە، باشە بۆ ئافرەتیكی تری دانەنا بۆ ئەوەی كەس گومانی نەبێت؟. لە لایەكی تریشەوە مەرج نییە لە چوار وەزیرەكە یەكێكیان ئافرەت بێت، چونكە ژمارەی ئەو پیاوانەی حەقی وەرگرتنی ئەو پۆستەیان هەیە زۆرترن. دەكرا پۆستی جێگری وەزیرێك بۆ ئافرەتەكان دیاری بكرێت . بەڵام كاك عومەر ئەوە ناكات چونكە پۆستەكەی بۆ ئەو دانابوو .
 كاك عومەر خۆی پیشمەرگە بوە . دەزانێت دكتۆر هەژار لە كەیەوە پێشمەرگە بووە، بونی دكتۆر لە پیشمەرگایەتیدا چ  رۆلێكی گرنگی هەبووە . لە سەروی ئەمەشەوە دكتۆر هەژار بروانامەی دكتۆرای هەیە لە بواری دەرونیداو مامۆستای زانكۆیە و ئەو بروانامەیە رێك بۆ ئەو بوارە دەگونجێت . جگە لەمەش پێشتر پۆستی وەرنەگرتوە و گورانخوازێكی زۆر باش بوە . 
 ئەگەر ئەوەش بكات بە بەهانەو بڵی ئەگەر ئەو دابنێم، دوایی گۆڕانخوازان گلەیی دەكەن و دەڵێن ، ئەوە لەبەر خاتری دكتۆر رەئوفی برایەتی، ئەوەش بەهانەیەكی بێ مانا دەبێت ، چونكە دەبێ  دكتۆر هەژار  لەبەر خاتری خەبات و ماندوبونی خۆی دانرێت، نەك براكەی. دكتۆر هەژار پیشمەرگە بووە ، نەك دكتۆر رەئوف .  ئەگەر كاك عومەر لەسەر بنەمای تەكەتول خاتو كوێستانی دانەناوە، با بفەرموێت رونكردنەوە بدات بۆ ئەوەی كەس قسەی نەمێنێت .
ئەی باشە بۆچی ئاراس وەلی نەكرێتە وەزیر لەبەر دوو هۆكار . یەكەم : لە سەرەتای بزوتنەوەی گۆرانەوە بەشدارە. خاوەنی كەسایەتییەكی زۆرباشەو كەسێكی بەرێزەو  كاری خۆی بە باشی كردووە . دووەم : ئەم پیاوە شانسی نەبوە زانكۆ تەواوبكات. دەكرێت بكرێت بەوەزیر بەڵام ناكریت بكرێتە بەریوەبەری گشتی چونكە بروانامەی زانكۆی نییە . 
 لە ئەوروپاش  خەڵك هەیە بۆتە سەرۆكی حكومەت و بروانامەی زانكۆشی نەبوە.  ئەمە كاریكی نایاسایی نییە . مەسەلەكە ڕوونە، ئەم پۆستە دەبی هەر بۆ ئافرەت بیت، لەناو ئافرەتەكانیش دەبی هەر بۆ كوێستان خان بێت. ئەی باشە بۆچی ئەم پۆستە بۆ  چیمەن خان نەبێت لە سەرەتای بزوتنەوەی گۆڕانەوە  شێلگیرانە  كاردەكات و زۆر چالاكە. ئەی بۆچی بۆ شانازخان خێزانی عەلی چەلەبی نەبێت  كە لەپێناوی گۆڕاندا كەوتنە سەر ساجی عەلی. یەعنی ئەگەر كوتلەبازی نییە كوێستان خان چی مەرجێكی تیادایەو ئەمانەی تر تیایاندا نییە، دوو خول پەرلەمانتار بووە چی بەرهەمێكی هەبووە؟ بۆچی ئەبێت جارێكی تریش بكرێت بەوەزیر؟ پسپۆڕییەكەی ئەوەندە دەگمەن و قاتییە ئیشەكە هەر بەو دەكرێت، یان چی؟.
هەر بۆ زانیاری لە سەرەتاوە كوێستان خان هەر سیڤیشی پر نەكردبۆوە . دوایی سیڤی  پركردبۆوە . كاتێكیش لیژنەكە بەربژیرەكان بۆ وەزارەتی كارو باری كۆمەڵایەتی  دەست نیشان دەكات  كوێستان خان چوارەمین كەس دەبێت لە دوای چیمەن خان و كاك ئاراس  وەلی و دكتۆر هەژار. واتە ئەو هەر لە بنەرەتدا بەربژیر نەكراوە .ئەگەر بە قسەی لیژنە ناكەی بۆ بە خۆرایی خەڵك مەشغول دەكەی ؟؟؟.  ئەی كاك عومەر پێمان ناڵێت ئەم ئینكاریەی  بۆ دانی كوێستان خان لەسەر چ بنەمایەكە ؟؟.  كەواتە لە سەرەتاوە فەلسەفەی ئەم حیزبە لەسەر بنەمای تەكەتول و پەراویزخستن و ملشكاندن و فێلیكردن و كلاوكردنە سەرەوە دروستكراوە بۆیە ئەوئەنجامەی ئێستای لێدەر چوو. 
لە هەموی گرنگتر ئەوەیە كە لە بنەرەتدا  ئەو وەزارەتە هەر زیادەیەو هەموو كاری ئەو وەزارەتە  بە بەڕێوەبەرایەتییەك بەڕیوە دەچێت.  زۆری ژمارەی وەزارەتەكان خۆی لە خۆیدا سەرچاوەی گەندەڵی و بە هەدەردانی سامانی نیشتمانییە .  ئەگەر بەراستی دەیانەویت چاكسازی بكەن ، با ژمارەی وەزارەتەكان كەم بكەنەوە .  با حكومەت سەر ژمیرییەك بكات و بزانن چەند راویژكاری بی ئیش تەنها بۆ موچە دامەزرێنراون لە سەرۆكایەتی هەریم و پەرلەمان و حكومەتدا .
كاك عومەریش خەنی‌ بوو بەو بڕیارەو ئەوەی‌ بە لایەوە گرنگ بوو بیكاتە وەزیر خاتو كوێستان محەمەد بوو . زۆرینە‌ پێیان وابوو خاتو كوێستان دوو دەورە ئەندامی پەرلەمان بوەو لە ئێستاشدا خانەنشینی‌ پەرلەمانەو خەڵكانی‌ تر هەن، هەم بە توانان و مەغدوریشن. بەهەر حاڵ كاك عومەر لەسەر بنەمای‌ تەكەتولەكەی‌ مەڵبەندی‌ سلێمانی‌ بڕیاری‌ خۆی‌ داو ئاواتەكەی‌ خۆی‌ بە زیندویی هێنایە دی‌ و قسەی خۆی بردە سەرو حسابی بۆ كەس نەكرد. 
ئەوەی‌ جێی وەبیر هێنانەوەیە مانگێك پێش ئەوەی‌ لیژنە پێكبهێنرێت بۆ دیاریكردنی‌ كاندیدەكانی‌ حكومەت. تەلەفزیۆنی‌ روداو ناوی‌ هەموو وەزیرەكان و كاك مستەفاو مامۆستا جەلالی‌ بڵاو كردەوە تەنها ناوی‌ بەڕێز كەمال موسلیمی‌ تێدا نەبوو. دیارە  پۆستی جێگری سەروكی حكومەت كە بریار وابوو دایتاشن بۆ مامۆستا جەلال، نەكراو لێی پەشیمان بونەوەو بە نسیبی مامۆستا جەلال نەبوو . كەواتە پێش وەخت پۆستەكان یەكلایی كرابونەوە . كەواتە  دروستكردنی لیژنە بۆ شاردنەوەی راستیەكان بوو لە گۆڕانخوازان و هەر لەسەرەتاوە سیناریۆ بوە . 
 ئەگەر مامۆستا جەلال لە سەرەتاوە بیزانیایە ئەو پۆستە بۆ ئەو نابێت ، یان لە سەرەتادا هەوڵی وەرگرتنی وەزارەتێكی دەدا لە بری ئەو پۆستە، یان هەوڵی ئەدا ئەو رێكەوتنە سەر نەگرێت ، ئەگەر سەرنج بدەن  لە ئێستادا كەوتوتە تانە لێدان و قسەكردن لەسەر چاكسازی. بەراستی مامۆستا جلال ئەو تیرەی بە دەستی چەپە هاویشت و نیشانی نەپێكا.
سیناریۆی‌ دانانی‌ وەزیرەكان كۆتایی هات و سیناریۆی‌ هەڵبژاردنی‌ خانەی‌ راپەڕاندن بوو بە باس و خواس. بەبێ هیچ پێشینەیەك بەبێ ئەوەی‌ هیچ باس و خواسێك لە ئارادابێت. لە پڕجڤاتی‌ نیشتمانی‌ بڕیاریدا رۆژی‌ 12/ 9/ 2019  جڤاتی‌ گشتی‌ كۆبونەوەی‌ خۆی‌ بكات و سەرۆكی‌ نوێی جڤات هەڵبژێرن. هەروەها رۆژی‌ 14هەمان مانگ جڤاتی‌ نیشتمانی‌ كۆببێتەوە دەنگ لەسەر هەڵبژاردنی‌ 6 ئەندامی‌ خانەی‌ راپەڕاندن بدەن. 
بەڕاستی‌ ئەوە وەك شۆك وابوو بۆ ئێمه،‌ چونكە وەكو خانەی‌ راپەڕاندن ماوەی‌ یاسایی تەواوبوە. 4 ساڵیش لەوە پێش جڤاتی‌ نیشتمانی‌ ماوەی‌ یاساییان تەواو بوە و چۆن ئەوان بۆیان هەیە ئەندامانی‌ خانە هەڵبژێرن. ئێمە داوامان لێكردن هەتا كاتی‌ كۆنگرە با ماوە بۆ خانەی‌ راپەڕاندن درێژبكرێتەوە. ئەو كاتە هەڵبژاردن لە خوارەوە بۆ سەرەوە بكرێت ئەندامانی‌ تازەی‌ جڤاتی‌ نیشتمانی‌ هەڵبژێرێن و ئەو كاتە دەنگدان بكەن بۆ هەڵبژاردنی‌ ئەندامانی‌ خانەی‌ راپەڕاندن. 
دوای‌ ئەوەی‌ دڵنیابوین كە پاشگەز نابنەوەو هەڵبژاردنەكە هەر دەكرێت. بەندە وەكو جێگری‌ سەرۆكی‌ جڤاتی‌ گشتی‌ و 6 ئەندامی‌ بەڕێزی‌ تری‌ جڤات لە رۆژی‌ 10 مانگ واتە دوو رۆژ پێش هەڵبژاردن نامەی‌ دەست لە كاركێشانەوەی‌ خۆمان لە ئەندامێتی جڤاتی گشتی و بزوتنەوەی گۆران  تەسلیم بە بەڕێز رێكخەری‌ گشتی‌ كرد.
كۆتا سیناریۆی‌ ئەم بەڕێزانە ئەمەبوو: تەنها دوو رۆژ پێش هەڵبژاردنی‌ دەستەی‌ سەرۆكایەتی‌ جڤاتی‌ گشتی‌ كە لە سەرۆك و جێگر و سكرتێردا خۆی‌ دەبینێتەوەو سەرۆكی‌ جڤاتیش دەبێتە ئەندامی‌ خانەی‌ راپەڕاندن. لە راستیدا كەس بۆی‌ نییە لە دەرەوەی‌ جڤاتەوە بهێنرێت و خۆی‌ كاندید بكات.
 هەر بۆ ئاگاداری‌ هەموو لایەك دكتۆر رەئوفیش بەر لە نزیكەی‌ ساڵیك بە منی‌ وتبو كە جارێكی‌ تر خۆم بۆ سەرۆكایەتی‌ جڤات كاندید ناكەمەوە، چونكە كارەكانی‌ خانە بە باشی‌ ناڕوات بەڕێوە، بڕیارەكان جێبەجێ‌ ناكرێن و زۆر دوادەكەون. چونكە بڕیارەكان بە تەنها لە دەستی‌ خانەدا نین.
بەڵام لە چاوتروكانێكدا مامۆستا جەمال حاجی‌ محەمەد كە پێشتر سكرتێری‌ خانەی‌ راپەڕاندن بوو. هێنایانە كۆبونەوەی‌ جڤات و دەریشیان چواند. بەلای‌ منەوە ئەوە گەورەترین غەدرە‌  لە ئەندامانی‌ جڤاتی‌ گشتی‌ و نایاسایشەو دەستور بەزێنراوە .
قسەكە لەسەر مامۆستا جەمال نییه،‌ چونكە هاوڕێی خۆمە، بەڵام من قسە لەسەر پڕۆسەكە ئەكەم كە زۆر نا دەستورییە.  دوایی هۆكاری خۆ كاندید كردنی مامۆستا جەمالیشم بۆ دەركەوت . راستیەكەی ئەوەیە كە كاك عومەری سەید عەلی زۆری لێكردوە بۆ ئەوەی خۆی كاندید بكات بۆ ئەوەی لە خانەی راپەراندندا پشتیوانی لێبكات، چونكە لە ئیستادا خانەی راپەراندن بۆتە دوو تەكەتول . هەر وەكو لە بەشەكانی‌ پێشتریش ئاماژەم بە ئەوە كرد كە كاك عومەری‌ سەید عەلی‌ لە ساڵی‌ 2004 یەكێك بوە لەوانەی‌ داوایان لە مام جەلال كردوە دەستبەرداری‌ پۆستەكەی‌ ببێت، چونكە تەمەنی‌ بۆتە70 ساڵ . 
بەڵام كاك عومەری‌ سەید عەلی‌ ئێستا تەمەنی‌ 75 ساڵەو خەرێكی‌ تەكەتول و سیناریۆ رێكخستنە بۆ ئەوەی‌ جارێكی‌ تر ببێتەوە بە رێكخەری‌ گشتی‌ و ئێستا چۆن وەڵامی‌ خەڵك ئەداتەوە دەربارەی‌ ئەوەی‌ بۆچی‌ كورسییەكانی‌ گۆڕان لە 24 وە بونە 12 كورسی‌ . چی‌ بە خەڵك دەڵێت كە بزوتنەوەی‌ گۆڕان بۆ وای لیهات؟؟؟.  چی‌ ئەڵێت كە  12 دكتۆری‌ زانكۆ دەستییان لە كاركێشایەوە؟؟؟. ئەی لە خۆی ناپرسێت بۆچی گۆرانخوازان دەستە دەستە واز لە گۆران دەهێنن؟.
 ئاواتەخوازم‌ كاك عومەر سەید علی‌ تەمەنی‌ درێژ بێت و لە هەڵبژاردنی‌ داهاتودا بە چاوی‌ خۆی‌ بیدیایە چ كارەساتێكی‌ بەسەر گۆڕاندا هێناوە.
 خۆ لەوانەیە هەندێ‌ كەسی نەشارەزاو بێ ئاگا و بەرژەوەندیخواز بڵێن جا چی بكەین چارە نییەو لە ئێستادا لە كاك عومەرمان باشتر نییە. بەڵام با هەموان باش بزانن ئێستاش و پێشوتریش لە كاك عومەر باشتر هەبون بۆ ئەو جێگایە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی‌ نەیانهێشت كەسی‌ تر ئەو پۆستە وەرگرێـت؟


1662 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations