هۆشیار عەبدوڵا: گۆڕان بەم شێوەیەی ئێستا ناتوانێت بەردەوام بێت

14.01.2020

لڤین:
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هۆشداری دەداتە بزوتنەوەکەی وپێیوایە گۆڕان بەمم شێوەیەی ئێستای لە دۆخێکی مەرسیداردایە و متمانەی خەڵکی لەدەست دەدات و ناتوانێت بەردەوام بێت.  

هۆشیار عەبدوڵا، ئه‌ندامی فراكسیۆنی گۆڕان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند"‫لە ۲٠٠۹ ەوە خەڵک چاوی لەوەبوو گۆڕان فشار بێ لەسەر یەکێتی و پارتی،گۆڕان ئەو ئەرکەی لەنێوان ۲٠٠۹ بۆ ۲٠۱۳ باش ئەنجامدا بۆیە جارێکی تر خەلک ۲٤ کورسی و دەنگی زیاتریان پێدایەوە،بەڵام کاتێک ویستی بە تەنیشت ئەو دو هێزەوە بێت کە حزب نین(دۆڕان و بردنەوە)قبوڵ بکەن بەڵکو دەسەڵاتێکی سەپاون،پشتیوانی خەلكێکی زۆری لەدەستدا".

ناوبراو وتیشی"‫خەڵک دەیەوێ هێزێک هەبێت داکۆکی لێبکا، فشاربێ لەسەر ئەو هێزانەی کە سڵناکەنەوە لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، خەڵک دەیەوێ هێزێکی جیاواز هەبێت کاک نەوشیروانیش گۆڕانی بەو جیاوازیەوە دروستکرد، ئێستا جیاوازیەکانی گۆڕان و ئەوان بەرەونەمان دەچن".

ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی گۆڕان له‌ نوسینێكدا "‫وا شەش مانگ بەسەر بەشداریکردنی گۆڕان لەم کابینە نوێیەدا تێدەپەرێت،حەقی هەمو گۆڕانخوازێکە بپرسێت رای گۆڕان تا ئێرە لە رێکەوتنەکەیان،گۆڕانکاریەکان،چاکسازیەکان چیە؟ گۆڕان لانیکەم دەبێ بە دەنگدەرەکانی بڵێ رازیە لەو حکومەتەی کە هێشتا بەشێکی پۆستەکانی پێنەدراوە یا لانیکەم رەخنەکانی ڕاشکاوانە دەخاتە بەردەم رایگشتی!".

ئەو رونیشی دەکاتەوە  "‫رێکەوتن لەگەڵ پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت و پاشەکشەی پارتی لە زۆر بەڵێن کە سەرەتا بە گۆڕانیان دابو بەرپرسیارێتی مێژویی وەفدی دانوستانکار گران دەکا چونکە بەشێک لە پاشەکشەی گۆڕان و لاوازبونی بۆ ئەو رێکەوتنە دەگەرێتەوە،کە ئەوان واژۆیانکردوە و ئاڵاهەڵگریبون".

ئەو داواش لە بزوتنەوەکەی دەکات  "وتارە رەخنەییەکەی زیندوبکاتەوە و ڕو لە خەڵک و پشت لە دەسەڵات بێ، ئەوەی کە لە حکومەت بەشدارە مانای ئەوە نیە خۆی بکاتە بەشێک لەو هەمو بەدکاری و گەندەلێی و پیسخۆرەیەی کە هەیە،بە روی ناوەوەدا دەرچون لە دۆخی ناشەرعیبونی دامەزراوەکانی بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لەخوارەوە بۆ سەری سەرەوە ئێجگار پێویستە و چیتر نابێ دوابخرێ یا خۆدزینەوەی لێبکرێ!".

ئه‌ندامه‌كه‌ی فراكسیۆنی گۆڕان باسی له‌وه‌كردووه‌ "‫گۆڕان بەو جۆرەی ئێستا و بێ گۆڕانکاری ریشەیی و نوێبونەوە لە هەمو ئاستەکانیدا بەتایبەتی لە روی فکریەوە،ناتوانێ بەردەوامبێت".

1769 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations