ناوی ئەوانەی لە گۆڕاندا رۆڵیان هەبووە لە نزیك بونەوەی پارتی ئاشكرا دەكرێت

09.01.2020

لڤین: 
ئەندامێكی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كە ئێستا دەستی لەكار كێشاوەتەوە ناوی ئەو كەسانە ئاشكرا دەكات كە كاریان كردووە بۆ نزیك بونەوەی بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی. 

ساڵح ژاژڵەیی، ئەندامی دەستلەكار كێشاوەی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە بەشی نۆیەمی نوسیننەكەیدا كە ئەمڕۆ بڵاو كرایەوە دەڵێت: بەدواداچونم كرد بۆ ئەوەی بزانم كێبوون ئەوانەی كاریان كردووە لەسەر نزیك بونەوەی پارتی و گۆڕان بۆم دەركەوت كە هەریەكە لە "كاك مستەفای‌ سەید قادر، مامۆستا جەلال جەوهەر و علی‌ حەمە ساڵح، د.یوسف محمەد، برزو مەجید بوون و بە رەزامەندی‌ و ئاگاداری‌ كاك عومەری‌ سەید عەلی‌ و كوڕەكانی‌ كاك نەوشیروان ئەنجامیانداوە".

ژاژڵەیی رونیدەكاتەوە، "خەبەری‌ ئەوەشم هەبوو كە عەلی‌ حەمە ساڵح د.یوسفی‌ لەگەڵ خۆی‌ بردوە بۆ هەولێر و تەسفیەی‌ حساباتی‌ كۆنیان بۆ كردوە و كێشەشی‌ لەگەڵ پارتی‌ نەماوە".

دەقی نوسینەكە: 

بزوتنەوەی گۆڕان بەرنامە بوو یان كاردانەوە؟!
بەشی‌ نۆیەم

"سەرەتای‌ نزیك بونەوە لە پارتی" 

مانگی‌ حوزەیرانی‌ ساڵی ڕابردوو سەردانی‌ وڵاتی‌ سویدم كرد پێش ئەوەی‌ بگەڕێمەوە لە شاشەی‌ تەلەفزیۆنەكانەوە باسی‌ ئەوە ئەكرا بزوتنەوەی‌ گۆڕان دوو یاسای‌ گرنگی‌ بۆ بەرژەوەندی‌ پارتی‌ لە پەرلەمان تێپەڕاندوە. ئەویش یاسای‌ سەرۆكایەتی‌ هەرێم و دژە تیرۆر بوو. هەر دوای‌ ماوەیەكی‌ كورت، پارتی‌ كادیرێكی‌ كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ گرت بەپێی ئەو یاسایە. كۆمەڵی‌ ئیسلامیش كە بۆ ماوەیەكی‌ زۆر هاوكار و پشتیوانی‌ گۆڕان بون گلەیی زۆریان كردو گلەیەكەشیان لە شوێنی‌ خۆیدا بوو.
كاتێك گەڕامەوە گلەیم لە ئەندامانی‌ جڤاتی‌ گشتی‌ كرد، بۆچی‌ لەسەر ئەوە بێدەنگ بون و هەڵوێستییان نەبوە. كەمێك بەدواداچونم كرد بۆ ئەوەی‌ بزانم كێن ئەوانەی‌ ئەم كاری‌ نزیكبونەوەیان لەگەڵ پارتی‌ رێكخستوە. دوایی بۆم دەركەوت كاك مستەفای‌ سەید قادر، مامۆستا جەلال جەوهەر و علی‌ حەمە ساڵح، د.یوسف محمەد، برزو مەجید بوون و بە رەزامەندی‌ و ئاگاداری‌ كاك عومەری‌ سەید عەلی‌ و كوڕەكانی‌ كاك نەوشیروان ئەنجامیانداوە. 
تەلەفۆنم لەگەڵ برزۆ و د.یوسف كرد. دوای‌ كەمێك دەمەتەقێ‌ سەیرم كرد ئەوان نایانەوێت بە راشكاوی قسە لەسەر باسەكە بكەن  و هەریەكەو ئەیەوێت خۆی‌ بێبەری‌ بكات. داوام لە برزۆ مجید  كرد بێتە بارەگای‌ جڤات بۆ قسەكردن لەسەر ئەو بابەتە. هەندێ‌ بەهانەی‌ هێنایەوە و نەهات.
 د.یوسف خۆی‌ هات و هەندێك رونكردنەوەی‌ بۆ داین، بەڵام بەڕاستی‌ قەناعەتمان بە هەمو قسەكان نەبوو، بەڵام كورد واتەنی‌ شتێكمان لە قسەكانی‌ ئەو هەڵكڕاند. خەبەری‌ ئەوەشم هەبوو كە عەلی‌ حەمە ساڵح د.یوسفی‌ لەگەڵ خۆی‌ بردوە بۆ هەولێر و تەسفیەی‌ حساباتی‌ كۆنیان بۆ كردوە و كێشەشی‌ لەگەڵ پارتی‌ نەماوە. 
كۆبونەوەی‌ جڤاتی‌ گشتیمان كرد و لە كۆبونەوەكەدا هەستام و رومكردە ئەندامانی‌ خانەی‌ راپەڕاندن و لێم پرسین لەسەر چ بنەمایەك ئەو دوو یاسایە‌تان بۆ پارتی‌ تێپەڕاندوەو بۆچی‌ بە دزیەوە ئەو پەیوەندیەتان لەگەڵ پارتی‌ دروستكردوەو پرستان بە كەس نەكردوە. 
 دەبوو مامۆستا جەلال جەوهەر وەڵامم بداتەوە، چونكە ئەو بەشداری‌ كۆبونەوەكانی‌ گۆڕان و پارتی‌ بوو. تا لام كردەوە ژووری‌ كۆبونەوەكەی‌ جێهێشتبو. ئەو رۆژە هیچ وەڵامێكمان دەست نەكەوت و بە دەستی‌ بەتاڵ گەڕاینەوە.
دوای‌ ماوەیەكی‌ كورت كۆبونەوەیەكی‌ تری‌ جڤاتمان كرد. ئەم جارەیان رومكردە بەڕێز رێكخەری‌ گشتی‌ داوام لێكرد چۆنیەتی‌ دروستبونی‌ ئەو پەیوەندییەی‌ نێوان پارتی‌ و گۆڕانمان بۆ رون بكاتەوە. رانەوەستام وەڵامم بداتەوە روم كردە بەڕێزان دكتۆر رەئوف عوسمان و دكتۆر شۆڕش حاجی‌ و لێم پرسین ئەرێ‌ ئێوە ئەندامی‌ خانەی‌ راپەڕاندنن ئاگاتان لەو پەیوەندییە هەیە؟ جاری‌ پێشوش پرسیارم كرد كەستان وەڵامی‌ ئێمەتان نەدایەوە؟ كاك عومەری‌ سەید عەلی‌ هاتە دەنگ و وتی؛‌ بەڵی‌ ئاگایان لێیەتی‌. 
 دوایی د.رەئوف و كاك شۆڕش حاجی‌ وتیان ئێمە تەنها ئەوەندەمان ئاگا لەم ئیشەیە مەسجیان بۆ ناردوین و وتویانە ئێمە ئەمانەوێت ئەم دوو یاسایانە لە پەرلەمان تێپەڕێنین. ئێمەش وەڵاممان داونەتە‌وە كە بەوە رازی‌ نین و ئەمە دژی‌ ئەو پرەنسیپانەیە كە بزوتنەوەی‌ گۆڕانی‌ لەسەر دروستكراوە. كەواتە ئەمان خۆیان دەرباز كرد و بەڕاستیش ئەوە ئاگادار بون نییەو وتویانە ئێمە ناڕازین. لێرەوە بە ئاشكرا دەردەكەویت ئەم پەیوەندییە ژێر بە ژێر رێكخراوەو زیاتر بۆ بەرژەوەندی تایبەتی بوەو تەنانەت بەشێكی ئەندامانی خانەی راپەراندنیش ئاگاداری چۆنیەتی رێكخستنی ئەم پەیوەندیەنین كەواتە جێی خۆیەتی كە گومانمان هەبێت . 
دوای‌ ئەوە بۆمان دەركەوت رێكخەری‌ سەرەكی‌ ئەم پەیوەندییە كاك مستەفای‌ سەید قادر كە نوێنەری‌ كوڕەكانی‌ كاك نەوشیروانه و‌ مامۆستا جەلال جەوهەر و كاك عەلی‌ حەمەساڵح. هەر وەكو سەرەتا باسیشم كرد د.یوسف و د. بەهار و برزۆ مەجیدیش بەشدار بون و ئەمانە پڕۆژەكەیان نوسیوەتەوە. 
ئەم حیكایەتە لێرە كۆتایی هات و حیكایەتی‌ بەشدار‌یكردن لە حكومەتدا دەستی‌ پێكرد. ئێمە وەكو جڤاتی‌ گشتی‌ كۆبونوەی‌ خۆمان كرد و لیژنەیەكمان پێكهێنا بۆ ئەوەی‌ دیراسەی‌ لایەنی‌ ئەرێنی‌ و نەرێنی‌ بەشداریكردن لە حكومەتدا رون بكەنەوە. لە ئەنجامدا لیژنەكە بە باشیان نەزانی‌ بەشداری‌ حكومەت بكەین. 
كۆبونەوەی‌ جڤاتمان كردو ئەو باسەمان كردە بەرنامەی‌ كۆبونەوەكە. وەكو لە ئەنجامدا دەركەوت. زۆرینە دژی‌ بەشداریكردن بون لە حكومەتدا. دوای‌ ئێمە جڤاتی‌ نیشتمانی‌ كۆبونەوەیان كردبوو. ئەوان بە زۆرینە بڕیاریان دابوو بەشداری‌ حكومەت بكەین. چونكە لە كۆی 44 ئەندامی جفاتی نیشتمانی 23 كەسیان بە نیازبون لە حكومەتی‌ تازەدا پۆست وەرگرن. 
 هەرچەندە ئەگەر هەر دوو جڤاتەكەش دەنگیان بدایە كە بەشداری‌ حكومەت نەكەین،  لیژنەی‌ دانوستكار پێشوەخت لەگەڵ پارتی‌ مەسەلەی‌ بەشداریكردنی حكومەتیان بڕاندبۆوەو لەسەر ئەوە رێككەوتبون كە پۆستی‌ جێگری‌ سەرۆكی‌ هەرێم بۆ كاك مستەفاو پۆستی‌ جێگری‌ سەرۆكی‌ حكومەت بۆ كارو باری‌ چاكسازی‌ بۆ مامۆستا جەلال  بێت‌. 
تا ئێرە ئێمە قسەی‌ خۆمان كرد بەڵام لەبەرئەوەی‌ ئێمە جڤاتێكی‌ راوێژكارین و هەر بۆمان هەیە پێشنیار بكەین و پێشنیارەكەشمان رەتكرایەوە. بەڵام بڕیاردان لای‌ جڤاتی‌ نیشتمانییەو هەر وەكو لەسەرەوە ئاماژەم بۆ كرد. ئەوان یەكسەر وتیان بەڵی‌ بەسەر چاو چونكە لە كۆی 44 ئەندامی جفاتی نیشتمانی 23 كەسیان سیڤییان پڕكردۆتەوە بۆ وەرگرتنی‌ پۆست. 
لە لایەكی‌ تریشەوە زۆرینەی‌ ئەندامی‌ خانەش لەگەڵ ئەو رێكەوتنە بون لەگەڵ پارتی‌ و لە راستیشدا خۆیان بەرنامەی‌ ئەوەیان دانابوو. ئەوەی‌ شایانی‌ باسە ئاماژەی‌ بۆ بكەم ئەوەیە من وەكو خۆم هەرگیز دژی‌ رێكەوتن نیم لەگەڵ پارتی‌. هەمیشە دانوستان و رێكەوتن لەسەر پرسەگرنگەكان و چارەسەری‌ كێشەكان، زۆر باشترە لە شەڕكردن و ئاژاوەنانەوەو خەلك بە كوشتدان. 
بەڵام ئەوەی‌ بە لای‌ ئێمەوە مایەی‌ سەرنجە بۆچی‌ تەنها چەند كەسێك بەدزی‌ هەمومانەوە بچن رێكەوتن لەگەڵ لایەنێكی‌ سیاسی‌ بكەن. لەكاتێكدا ئەو رێكەوتنە لەپێناوی‌ بەرژەوەندی‌ گشتیدابێت و بەناوی ئەنجامدانی چاكسازییەوە لەحكومەتدا بكرێت، بۆچی‌ بە دزییەوە ئەنجامیدەدەن‌؟ كەواتە جێی خۆیەتی‌ ئەم پرسیارە لەو برادەرانە بكرێت كە بۆچی‌ ئەم كارەیان بە نهێنی‌ كردوە؟. من هیچ رەخنەو گلەیم لە پارتی‌ نییەو هەركەس سیاسەت بۆ بەرژەوەندی‌ خۆی‌ ئەكات. تۆش عاقڵ بەو بە خۆڕایی خۆت مەدە بەدەستەوە.
با ئەوەشمان لە یادنەچیت كە رێكخەری‌ گشتی‌ و كوتلەكەی جارێك لە داخی‌ یەكێتی‌ لە پارتی‌ ئەچونە پێشەوە و نەرمی‌ زۆریان ئەنواند، جارێكی‌ تر لە ترسی‌ یەكێتی‌ نەبادا ئەوان نەرمی‌ زۆر بنوێنن بەرامبەر پارتی‌ و گۆڕان پشتگوێ بخەن. دیارە سودمەند و یاریكەری‌ وریا پارتی‌ بوو لەم بوارەداو زەرەرمەندی‌ یەكەمیش گۆڕان بوو چونكە:
1- پشێوی‌ و بۆڵە بۆڵ كەوتە ناو ریزەكانی‌ بزوتنەوەكە.
2- پارتی‌ دەستی‌ گۆڕانی بڕی‌.
3- رێكەوتنی‌ پارتی و گۆڕان بو بە هۆكاری‌ دوورخستنەوەی‌ گۆڕان و یەكێتی‌ لە یەكتری‌. 
4- گیانی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ لە گۆڕاندا كۆتایپێهنا.
هەر لەسەرەتاوە ڕون بو كە ئەو رێكەوتنە بۆ بەرژەوەندی چەند كەسێك كراوەو زیاتر بۆ وەرگرتنی ئەم پۆستانەی ئێستا بوە بە تایبەتی كە وەرگیراون. ئەگینا گۆڕان وەكو حزب نەك هیچ دەستكەوتێكی نەبو بەڵكو زەرمەندی یەكەمیش بو. هەر بۆ میژوو ئێمە هەلویستی خۆمان نیشاندا. بەلام ئەوەی زۆر بەلامەوە مایەی نیگەرانییە چۆن هاتن ئەم رێكەوتنەیان  لەگەل پارتی كرد بەبێ كۆمەڵی ئیسلامی ؟. كۆمەڵی ئیسلامی  هاوكارێكی راستگۆبون . پشتیوانێكی باشبون. دەبوایە  بەشداری پێكردنی كۆمەڵی ئیسلامی بكەن بە مەرج لەگەل پارتی. ئەگەر كۆمەڵی ئیسلامی بەشداربونایە، ئەوەندەی بۆ خۆیان باشبوو، ئەوەندەش بۆ گۆڕان باشبوو. چونكە لەناو حكومەت و پەرلەمانیش ئەندامەكانیان دەبونە  پشتیوانی  گۆڕان و بواریش بۆ ئەو درزە گەورەیە دروست نەدەبو كە پارتی زیرەكانە دروستیكرد و گروپی پۆستخوازی ناو گۆڕانیش لەتاو خۆیان ئاگایان نە لە گۆڕان و نە لە هاوپەیمانە سەر ڕاستەكەیانما. پارتی یەكگرتوی پەراوێز خست .  لەرێگای گۆڕانیشەوە كۆمەڵیشی پەراوێز خست و یەكێتیشی خستە مەوقفێكی لاوازەوەو بە پەڕوباڵكراوی دەستی بەدانوستان كرد لەگەڵ پارتی، سەرەنجام هەموی بەزیانی خەڵكی ئەم سنورە شكایەوەو پارتیشی بەرەسمی كرد بە كەڵەگای كوردستان، ئەوە هەمان ئەو سیاسەتە هەڵەیەبوو كاتی خۆی بەشێك لە بەرپرسەكانی یەكێتی پیادەیان كرد، بەڵام بێگومان ئەوەی بۆ یەكێتی چووە سەر بەحوكمی كۆمەڵێك كەرەستەو توانی بەپێوە بمێنێتەوە بۆ گۆڕان ناچێتەسەر، ئایندەش شاهیدی ئەم راستیە رونە دەدات.

13023 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations