عەبدولای موهتەدی: قاسم سولەیمانی فەرماندەیەكی كاریگەر و لێهاتوو بوو

05.01.2020

لڤین: 
عەبدوڵا موهتەدی، سكرتێری گشتیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی ئێران، لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا لەبارەی كوشتنی قاسم سولەیمانی دەڵێت: قاسم سولەیمانی فەرماندەیەكی كاریگەر و لێهاتوو بوو، بۆیە بۆ هەژموون و دەسەڵاتی ئێران لە ناوچەكەدا شوێنگرتنەوەی كارێكی ئاسان نییە.

ناوبراو كە سكرتێری حزبێكی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیە لە باسی لێهاتووی سولەیمانی دەشڵێت: ئەو تەنیا جێبەجێكەری سیاسەت و پلانی ئێران نەبوو، بەڵكو بۆ خۆیشی رۆڵی هەبوو لە داڕشتنی سیاسەتی ناوچەكەدا.

موهتەدی باس لە ئیسماعیل قائانی دەكات كە بۆ شوێنگرتنەوەی سولەیمانی دیاری كراوە و باس لەوە دەكات كە "بێگومان سیاسەتەكان ناگۆڕێن، بەڵام كەس ناتوانێ وەكو قاسم سولەیمانی سیاسەتەكانی ئێران لە ناوچەكەدا جێبەجێ بكات".

ئەو قسانە لە كاتێكدایە كە سولەیمانی بە كەسێكی بەهێز لەبەرامبەر حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان ناسراوە و بەتوندی رووبەڕویان بووەتەوە هەموو دانیشتن و گفتوگۆیەكی لەگەڵ ئەو حزبانە رەتكردووەتەوە بەڵام لەلایەن ئەمریكاوە لە رۆژی 3ی ئەم مانگە لە بۆردومانێكدا لەگەڵ مەهدی موهەندس متمانەپێكراوترین كەسی ئەو بەرپرسە ئێرانیە لە عێراقدا كوژران. 

1582 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations