وڵاتی دوو ڕوبارەکە دوای نامەکەی بەرهەم ساڵح و گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سەلام

28.12.2019

لڤین: محەمەد هەورامی
دوای نزیکەی دوومانگ لە خۆپیشاندانەکانی عێراق و چەندین کوژراو بریندار دواجار سەرۆککۆماری عێراق نامەیەکی ئاڕاستەی پەرلەمان کردو ئامادەی خۆی بۆ دەستلەکارکێشانەوە ڕاگەیاند و هاوکات سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشتر دەستی لەکار کێشایەوە بەڵام هیچکام لەمانە نەبوونە هۆی بێدەنگ بوونی شەقامی عێراقی بەردەوامن لەسەر داواکارییەکانیان.

خۆپیشاندانەکانی عێراق بۆچی؟

لە دوای ڕوخاندنی ڕژێمەکەی سەدام، شەقامی عێراق زۆرترین ئازادی بەخۆیەوە بینی بەراورد بە دەیەیی ڕابردوی ژێر فەرمان ڕەوایی سەدام، وە زۆرترین بەرپرسی گەندەڵی بەخۆیەوە بینی لە کابینەکانی حکومەتدا بەراورد بە سەردەمەکانی ڕابردوو، بەپێی ڕاپرسییەکان کابینەکەی نوری مالکی گەندەڵترین کابینەی حکومەت بووە لەدوای ساڵی 2003 بەڵام بەهۆی نا جێگیری ناوخۆی ڕیزەکانی شیعە و پاڵپشت دەرەوە نەتوانراوە مالکی و کابینەکەی لەو دۆسییەی گەندەڵیانەی تێوە گلاون ببرێنە دادگا.

ئێستا عێراق هاوشێوەی ئەو تەختیەیە کە سەر ئاو دەکەوێت و هەرجارەی ئاڕاستەکەی بەلایەکدایە بەڵام ئاراستەی ئێستەی شەقام بەدەست هاوڵاتیانە نەک پلە باڵاکانی عێراق بۆیە ڕێگە نادرێت ئەو دۆخەی دروستیان کردوە درێژە بکێشێت و دواجار دەبێت حکومەت بە مەرج و داواکارییەکانی شەقام ڕازی ببێت ئەمەش بۆ خۆپیشاندانەکانی پێشوو دروست بوو کاتێک خۆپیشاندەران هەڵیان کوتایە سەر باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق و تەواوی پەرلەمانتارانیان دەرکرد و جێگی سەرۆکی پەرلەمانی ئەوکات کەوتە دەست خۆپیشاندەران.

تورەی و نا سەقامگیری شەقامی عێراقی ئەوکاتە زیاد بوو کە بەرپرسان بەڵێنی جێ بە جێکردنی داواکاری خۆپیشاندەرانیان دەرکرد بەڵام پاش دوو هەفتە لە جێ بە جێ نەکردنی داواکانیان دووبارە خۆپیشاندەران هاتنەوە میدانەکانی خۆپیشاندان و دەستیان کردەوە بە نارەزایی دەربڕین بەڵام شێوەیەکی توندتر.

کێ لە پشت خۆپیشاندانەکانەوەیە؟

یەکێک لە خەسڵەتەکانی خۆپیشاندانی سەرکەوتوو ئەوەیە خۆرسک بێت و هیچ لایەنێک نەتوانێت خۆپیشاندەران بۆ مەبەستی تایبەتی خۆی بەکار بهێنێت بەتایبەت ئەو لایەنە سیاسیانەی کە تۆمەتبار دەکرێن بە پاڵپشتی کردنیان لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە.

سەرجەم بەرپرسە باڵاکانی حکومەت بەتایبەت پەرلەمان ئاماژە بە ڕەوایی ئەم خۆپیشاندانانەی ئیستەی عێراق دەکەن بەشێوەیەکی ئاشتییانە بەڵام هیچ بەرپرسێکی باڵا نییە سازش لەسەر پۆستەکەی بکات بەرامبەر داواکاری خۆپیشاندەران

، هەرچەندە عادل عەبدولمەهدی دەستی لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی کێشاوەتەوە بەڵام ئیستەشی لەگەڵدا بێت هاوشێوەی پێشتر کارو فەرمانەکانی دەوڵەت بەڕێوە دەبات و نایەوێت کورسی دەستەڵات بەیەکجاری جێبهڵێت و چاوەڕێی دانانەوەیەتی بە پاڵپشتی وڵاتانی ناوچەکەو ئەمریکا.

ئەوەی لە مەیدانەکانی خۆپیشاندان دەبینرێت زۆرینەیان ئەو گەنجانەن کە داوای چاکسازی ڕیشەی لە حکومەتدا دەکەن بۆ بەدەست هێنانی ئایندەیەکی ڕونتر بۆ وڵات و نەوەکانیان بەڵام زۆرکات چالاکوانەکان لەلایەن قەناس بەدەستەکانەوە دەکرێنە ئامانج و شەهید و بریندار دەبن وەک ئەوەی لە دوو هەفتەی ڕابردوو بینیمان بەشێوەیەکی هەرەمەکی و لە چەندین شوێنەوە هێرش دەکرێتە سەر خۆپیشاندەران.

ڕۆڵی وڵاتان لەسەر شەقامی عێراقی

هەرچەندە چەند جارێک لەڕێگەی نادیارەوە مووشەک ئاراستەی باڵیۆزخانەی وڵاتان کراوە لە بەغداد بەتایبەت ناوچەی سەوز، بەڕایی چاودێرانی دۆخی سیاسی عێراق ئەو مووشەکانە لەلایەن ئەو هێزانەوە ئاڕاستە دەکرێن کە دژی خۆپیشاندەرانن و نایانەوێت هیچ وڵاتێک پشتیوانیان بکات بەتایبەت ئەمریکا، چونکە لەوە تێگەشتوون ئەمریکا دەستی کەسانی دیکە وەک مەقاش دەگرێت بۆ دەرکردنی ئێران لەسەر خاکی عێراق و کەمکردنەوەی نفوز و باڵادەستی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لەو هێزە شیعەکاندا بەتایبەت (سەرایا سەلام و حەشدی شەعبی).

هەریەکە لە ئەمریکا و فەرەنساو بەریتانیا و ئەڵمانیا لە ڕێگەی بەیاننامەوە پشتگیری خۆیان بۆ خۆپیشاندانێکی ئاشتییانە دەربڕیوە

بەڵام جەختیان لەسەر ئەوە نەکردوەتەوە تا چەند لەگەڵ ئەو ئاراستەیەن کە شەقامی عێراقی پێیدا تێ پەڕدەبێت بەتایبەت کە ئیستە ڕون بوەتەوە خۆپیشاندەران بێ دەنگ نابن و هیچ لایەنێک نایان وەستێنێت.

هێرشەکەی سەر ماڵی سەدر

لەم کاتەدا سەدر لەبەردەم ئیحراجیەكی گەورەی لایەنگرانی دایە بەتایبەت كە ئێستا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان نزیك بووەتەوە بەوپێیەی سەدر ساڵی ڕابردوو  كاتێك متمانەی بە عبدول مەهدی دا ڕایگەیاند تەنها ساڵێك مۆڵەت دەدات بە کابینیەی حکومەت ئەگەر  دۆخی عێراق نەگۆڕێت متمانەی لێدەسەنرێتەوە.
بۆیە ئێستا ساڵەكە تەواو بوو بەڵام سەدر نەیتوانی مەهدی لاببات بەلکو شەقام و تورەییەکەی مەهدییان لابرد هەرچەندە هەوڵیكی جدی هەبوو لەناو سیاسییەکاندا پێش خۆپیشاندەران مەهدی لاببەن بەڵام لە كۆتا ساتد علی خامەنەئی لە ڕێگەی نامەیەكەوە بە سیاسیە عێراقیەكانی ڕاگەیاندبوو كە مەهدی دەبێت لەجێگای خۆی بمێنێتەوە ئەوەش سەدری توشی بێ ئومێدی كرد هەربۆیە بەناڕاستەوخۆ پشتیوانی خۆپیشاندەران دەكات لەم کاتەدا چونكە نایەوێت پەیوەندی لەگەڵ ئێراندا تێكبچێت.
هەرچەندە سەدر هیچ پۆستێکی باڵای نییە لە حکومەتدا و پەرلەمانتارەکانیشی دانیشتنی پەرلەمانیان هەڵپەساردوە و وەک ئۆپۆزسیۆن دەردەکەون بەڵام دواجار ماڵەکەی سەدر کەوتە بەر مووشەکی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و تەنها زیانی ماددی بەدوای خۆیدا دروستکرد

نامەکەی بەرهەم ساڵح

سەرۆککۆماری عێراق به‌رهه‌م ساڵح لەدوای دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدول مەهدی له‌ژێر فشاری گه‌وره‌ی لایه‌نه‌ شیعه‌كاندا بوو، بەپێیەی لایەنی شیعەو دادگای فیدراڵی و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەرهەم ساڵح یان ئاگادار کردبوەیەوە بە دیاریکردنی کاندیدێک لە گەورەترین کوتلەی ئەنجومەنی نوێنەران کە کوتلەی (بینا) بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەم کاتەشدا سەرۆککۆمار توانای رەتکردنەوەی کاندیدی نییە، بەڵام ساڵح رەتی کردەوە کاندید رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بکات و بەم هۆیەشەوە کێشەو ئاڵۆزییەکان پەرەی سەند و گەرایەوە سلێمانی.

بەهۆی دروست بوونی ئەو ئاڵۆزییەوە و بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی ئیندی پێندنتی بەریتانی به‌ریتانی بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ له‌رێگه‌ی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتن له‌ به‌رهه‌م ساڵح كراوه‌، ئەمە دوای دروست بوونی ئاڵۆزی و دەنگە دەنگ لە نێوان بەرهەم ساڵح و هادی عامری و نوری مالکی کە هەڕەشەی دەرکردنیان لە سەرۆککۆمار کردبوو.

بەدروست بوونی پشێوییەکانی ناو کۆشکی سەلام لە بەغداد لایەنە شیعییەکان بەرهەم ساڵح دەخەنە بەردەم دوو ڕێگا یان دەبێت دەستلەکار بکێشیتەوە وەیاخود کاندیدەکەی فراکسیۆنی بینا ڕابسپێریت بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.

بەرهەم ساڵح بە ئامادەی بۆ دەستلەکارکێشانەوەکەی زۆرێک لەو فشارانەی کەلەسەری بوون لە ساحەی تەحریرەوە گۆڕی بۆ بەدەست هێنانی پشتیوانی خۆپیشاندەران و لەناو تەلاری ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بەشێوەیەکی باش پشتیوانی لەنامەکەی بەرهەم ساڵح کرا بۆ ئامادەی دەستلەکارکێشانەوە و ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە بەرهەم ساڵح لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە گەڕایەوە بەغداد ئەوەیش دوای بەدەست هێنانی پشتیوانی لایەنە شیعییەکان. 

بەرژەوەندی کورد لە خۆپیشاندانەکانی عێراق چییە؟

بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە ئەو دۆخەی بەغداد  بەردەوام بێت تا كۆتای ئەمساڵ بەشێوەیەكی ئاشتیانە كە ئەمە قورس و مەحاڵە ڕووبدات، بۆیە بژاردەی دووەم هەمان خواستی ئێرانی لە بەرژەوەندی كوردە بە كۆتایهاتن بە خۆپیشاندان و مانەی عادل عبدلمەهدی لە جێگای خۆیدا.

چونكە بوونی حكومەتێكی لاواز و پركێشە و ململانێ لە بەغداد لە بەرژەوەندی كوردە و دەتوانێت كارتە سیاسیەكانی باشتر بەكار بهێنت بەتایبەت لە پرسی بودجە و هەڵبژاردنی ناوچە جێناكۆكەكاندا، بەڵام بەهۆی لاواز و دابەش بوون و نەبوونی پلانەوە كورد ناتوانێت ڕۆڵی گرنگی هەبێت لە چنینەوەی دەستكەوتەكاندا و تەنها چاوەڕی لێكەوت و بەركەوتەكان دەكات و هیچی تر. 

بەڵام ئەوەی مەترسیە بۆسەر کورد خۆپیشاندانەکانی عێراق کە ئەمەریکا و نەیارانی ئێرانی لە پشتن ئێران هان بدات بۆ مەترسی دروستکردن بۆ سەر بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکا لە عێراق کە پشکی شێری بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکا دەکەوێتە کوردستانەوە بۆ یە ئێران کارتی ئاڵۆزکردنی باروودۆخی کوردستان دژی ئەمەریکا وەک وەڵامێک بەکار دەهێنێت و دوور نییە لە ئایندەدا دۆخێکی نا سەقامگیر لە تەواوی ناوچەکە دروست بکات ئەگەر خۆپیشاندانەکان بەرژەوەندییەکانی ئێران بخەنە مەترسییەوە لە ناوچەکەدا.

1548 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations