ئاڵۆزتربوونی دۆخی عێراق

27.12.2019

لڤین: لە ھەژماری دڵشاد ئەنوەر وەرگیراوە
وردە وردە بەرەکان خەریکە ڕوون دەبنەوە، خەریکە بوار نامێنێت بۆ هیچ حیزب و لایەنێک، تا لەنێوان خۆپیشاندەران و دەسەڵاتی عێراق دا یاری بکات.

ئاخر، پێشتر هێز و تەنانەت کەسایەتیش هەبوو، لە ژێرەوە لەگەڵ دەسەڵاتدا بوو، لەسەریشەوە پشتیوانی خۆپیشاندەرانی دەکرد لەبەر خاتری پێگە جەماوەریەکەی، بەڵام ئێستا کێشمەکێشەکان هێندە قوڵ بوونەتەوە، بوار بۆ یاریکردن لەو نێوانەدا نەماوەتەوە.

ئێستا مەرجەعیەت، سەرۆکایەتی کۆمار، سەدر، نەسر، حیکمەو چەند لایەنێکی سونی بە ئاشکرا جەبهەیەکن و پشتگیری خواستەکانی شەقام دەکەن.

لەبەرامبەریشدا، دەوڵەتی یاسا، فەتح و عەسایب و گروپە شیعیەکان بە پاڵپشتی ئێران، جەبهەیەکن و شەقام دژیان ڕاپەڕیووە.

حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان بە ناردنی کاندیدی کوتلەی بونیاتنان بۆ سەرۆکایەتی کۆمار بەلای جەبهەی دووەمدا یەکلا بوویەوە، بەشێک لە فراکسیۆنە کوردیەکانیش وەکو لایەنگری جەبهەی دووەم لێیان دەڕوانرێ، چونکە نانەکەیان لای ئەوانە.

ململانێی ئەم دوو جەبهە بەهێزە دۆخی عێراقی ئاڵۆزکردووە، بەڵام ئامادەیی نیشاندانی بەرهەم ساڵح بۆ دەست لەکارکێشانەوە دۆخەکەی ئاڵۆزتر کرد.

 کوتلەکان چیتر نائومێد دەبن لە بەدەستهێنانەوەی پۆستی سەرۆک وەزیر، بۆیە  یان کوتلەکان مل بەکاندیدێک دەدەن کەخواستی شەقامی لەسەر بێت، یان ململانێکان توندتر و قوڵتر دەبنەوە و دەچنە قۆناغێکی مەترسیدارەوە.

832 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations