عێراق پاش سێ مانگ لە خۆپیشاندان

26.12.2019

لڤین: شیکاری/ یاسین تەها

خۆپیشاندانەكانی بەغداو پارێزگاكانی باشوور بەرەو مانگی سێیەم دەچن و ژمارەی كوژراوەكان بۆ 500 كەس و بریندارەكان بۆ نزیكەی 22 هەزار هەڵكشاون، كەچی هێشتا دەسكەوتە سیاسییەكانی بزوتنەوەی ناڕەزایەتییەكان جێگەی گومان و مشتومڕن، بەپێچەوانەی دەسكەوتە كۆمەڵایەتییەكانەوە كە خۆی لە گەڵاڵەكردنی گوتارێكی ڕەخنەگرانەی نا تایفی و كاری پێكەوەیی گەنجان و ژیانەوەی هەستی عێراقچێتیدا دەبینێتەوە بەشێوەیەكی سەرسوڕهێنەر.

خۆپیشاندانەكان حكومەتی عادل عەبدولمەهدییان ڕووخاند، یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانیشیان گۆڕی، یاسای خانەنشینی یەكگرتوویان هەمواركردەوە و سێ ساڵ خانەنشین بوونیان هێنایە پێش، هەڵوەشاندنەوەی ئیمتیازانی بەرپرسانیشیان بەئاكام گەیاند. لەكۆی ئەم پێشهاتانەش دوو هەنگاوی یەكەم هەڵگری بۆچوونی جۆراوجۆرن و تاڕادەیەكیش دوو یاساكەیتر بەدەسكەوتی جوزئی و مەعنەوی بچوك دەدرێنە قەڵەم.

ئەگەرچی خودی عەبدولمەهدی و حكومەتەكەشی سەبەبكاری دۆخی ئێستای عێراق نین و مەسەلەكە كەڵەكە بوونی شكستەكانی 15 ساڵی حوكمڕانییە، بەڵام دەستلەكاركێشانەوەی حكومەت لەژێر گوشاری خەڵك و پاشان مەرجەعیەت حاڵەتێكی بێ پێشینەیە لە عێراقی دوای 2003 و دەشێت بۆ داهاتوو ببێتە نەریت، سەرباری ئەو دەسكەوتەش هێشتا خۆپیشاندەران لەگەڵ پایەكانی "سیستمی 2003" لە چنگەكرێدان ڕوون نییە جێگرەوەی عەبدولمەهدی چۆن دەبێت و ڕەوشی حوكمڕانی لەپاش عەبدولمەهدی بەچ ئاقارێكدا دەڕوات.

هەموو ئەو ناوانەی تا ئێستا لەلایەن هاوپەیمانێتی بیناوە (شیعەو سوننە پاشكۆكانیان) پێشكەشكراون تا ئێستا (ئیبراهیم علوم و قوسەی سوهەیل و ئەسعەد عیدانی)، هەر كۆنەو كوتەكانی ناو سندوقی نوخبە سیاسەتوانە شیعییە تاقیكراوەكانن، ئەمەش دژی خواستی خۆپیشاندەرانە

سەبارەت بەیاسای هەڵبژاردنیش كە وەك دەسكەوت وێنا دەكرێت هاوتای ئەو خۆشبینییەی لەبارەی بە بازنەكردنی قەزاكانەوە هەیە (100 هەزار دەنگدەر و بازنەیەك و كورسییەك)، هێندەش ترس و نیگەرانی لە باڵادەستی زیاتری حیزبە گەورەكان و عەشیرەت و خەڵكانی پارەدار و چەكدار و پۆپۆلیست و پەراوێزخستنی كەمایەتییەكان هەیە و بابەتێكی جێ مشتومڕی نێوان شارەزایانی سیستمەكانی هەڵبژاردنە و تا بازنەكانیش بە پاشكۆیەكی یاساكە پەسەند نەكرێن نازانرێت هیڵە گشتییەكانی پەڕلەمانی داهاتوو كتومت چۆن دەبێت، چونكە ئەو دابەشكارییە هێڵراوەتەوە بۆ وەزارەتی پلاندانان و لیژنەی یاسایی و دەنگدانێكیتر.

بڕیار وەهایە ئەو حكومەتەی كە لەجێگەی عەبدولمەهدی دەستبەكاربێت كاتیی بێت و ئامادەكاریی بكات بۆ هەڵبژاردنێكی پێشوەختە، بەڵام ئەو شەڕە سوورەی هێزە شیعە گەورەو كاریگەرەكان و لەپشت ئەوانیشەوە سوپای پاسداران دەیكەن لەسەر پاڵێوراوەكانی سەرۆك وەزیران وەها ناڵێت، وەك ئەوەی مەبەستیان تەواوكردنی سێ ساڵەكەی پاش عەبدولمەهدی بێت، ئەمەش پێچەوانەی خواستی خۆپیشاندەران و سیستانییە كە لەدوا وتاری هەینی داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی كرد.

هەموو ئەو ناوانەی تا ئێستا لەلایەن هاوپەیمانێتی بیناوە (شیعەو سوننە پاشكۆكانیان) پێشكەشكراون تا ئێستا (ئیبراهیم علوم و قوسەی سوهەیل و ئەسعەد عیدانی)، هەر كۆنەو كوتەكانی ناو سندوقی نوخبە سیاسەتوانە شیعییە تاقیكراوەكانن، ئەمەش دژی خواستی خۆپیشاندەرانە كە چاویان لەسەر ناوێكە تا ئێستا پۆستی وەرنەگرتبێت و لەقوڕاوی گەندەڵی تێوە نەگلابێت و ئازاو جەربەزە بێت، ئەمەش بەشێكی خۆشبینی سیاسییە لە دۆخێكدا كە وڵاتەكە هەر چوارچمكی بەدەستی ئێران و نفوزی ئیقلیمی و دەرەكییەوەیە.

ئەگەری زاڵ ئەوەیە ململانێكە تا دوا وێستگە بڕوات و لەو نێوانەشدا بەرێژەیەكی زۆر موقتەدا سەدر هێلكەی قەپانەكە دەبێت چونكە پێیەكی لەناو ماڵی شیعی و پێیەكەیتری لە شەقامە بەڵام ئەمە بەمانای ئەوە نایەت ئەگەر ئەو ڕازی بوو ئیتر ناڕەزایەتی كۆتایی بێت

لەبارەی باكگراوەند و سیمای سەرۆك وەزیرانەوە كەلێنی نێوان هێزە شیعییە حوكمڕانەكان و خەڵك زۆر قووڵ و بەرینەو سازشی هەرلایەكیان بۆ ئەویتر لەمبارەیەوە وەك جۆرێك لە خۆكوژی دێتە پێش چاو بۆیە ئەگەری زاڵ ئەوەیە ململانێكە تا دوا وێستگە بڕوات و لەو نێوانەشدا بەرێژەیەكی زۆر موقتەدا سەدر هێلكەی قەپانەكە دەبێت چونكە پێیەكی لەناو ماڵی شیعی و پێیەكەیتری لە شەقامە بەڵام ئەمە بەمانای ئەوە نایەت ئەگەر ئەو ڕازی بوو ئیتر ناڕەزایەتی كۆتایی بێت و دوور نییە سەرۆك وەزیرانی نوێ یەكەم كاری بەكوشتنی خۆپیشاندەران دەست پێ نەكات چونكە بەزۆر پێوەر گەڕانەوەی عێراق بۆ پێش 1 تشرینى 2019 ئاسان نییە، ئەگەر مەحاڵ نەبێت.

348 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations