وردەکاری نیگەرانییەکانی مەولود باوامراد لەیەکگرتووی ئیسلامی

25.12.2019

لڤین: ئیبراهیم عەلی

مەولود باوامراد، یەکێک لەناوە دیارەکانی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بووە. جیاواز لەسەرکردەکانی دیکەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کە هەموویان بەر لەراپەڕین لەخەتی یەکی ئیخوان بوون، بەڵام مەولود باوامراد هاوشێوەی محەمەد رەئوف وەزیری پێشووتری بازرگانی حکومەتی هەرێم لەخەتی دووەمی ئیخوان بوون لەکوردستان.

بەڵام بەهۆی ئەوەی سەلاحەددین بەهادین لەرێگەی نامەیەکی مورشیدی ئەو کاتی ئیخوان موسلیمینەوە کێشمەکێشمی خەتی یەک و خەتی دووی ئیخوان لەکوردستان لەبەرژەوەندی خۆی یەکلایی دەکاتەوەو خەتی یەکی ئیخوان بەنوێنەری رەسمی ئیخوان دەناسرێندرێن و خەتی دووەمی ئیخوان کە دواتر بزووتنەوەی راپەڕینی ئیسلامی کوردستانیان دروستکرد بەشێوەیەکی فەرمی لەلایەن ئیخوانەوە بایکۆتکران و مامەڵەی ئیخوان بوونیان لەگەڵدا نەکرا.

مەولود باوامرادیش یەکێک بوو لەو سەرکردانەی لەخەتی یەکی ئیخواندا بەردەوام بوو لەکارکردن و لەگەڵ خەتی دووی ئیخوان کە مەلا ێدیق عەبدولعەزیز رابەرایەتی دەکرد بەردەوام نەبوو لەکارکردن. مەولود باوامراد بەهۆی ئەوەی کەسێکی بزێو بوو، کەسێکی خوێندەوار بوو، بەزوویی لەنێو رێکخستنەکانی ئیخوان موسلیمندا رۆڵی سەرکردەی بینی. لەگەڵ راگەیاندنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش لە (6ی شوباتی 1994) وەک ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەستنیشانکرا.

بەدرێژایی ماوەی کارکردنی لەیەکگرتووی ئیسلامی کوردستاندا لەگەڵ سەرکردە تەقلیدییەکانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان جیاوازی بۆچوونی هەبووەو هەمیشە لەهەڵوێستەکانی جیاوازی هەبووە لەگەڵ سەرکردەکانی دیکەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان.

مەولود باوامراد، لەهەرێمی کوردستاندا لەرووی فکرییەوە ناوێکی دیار بووەو هەمیشە لەگەڵ نەیارە فکرییەکانیشی لەدەرەوەی بازنەی یەکگرتووی ئیسلامی حیوارو گفتوگۆی زۆر کردووەو هەمیشە لەکۆڕ و کۆبوونەوە گشتییەکاندا دەرکەوتنی هەبووە. یەکێکە لەو کەسانەی باوەڕی تەواوی بەگفتوگۆکردن هەیە لەسەر بابەتە فکرییەکان. لەخوێندنەوەو گفتوگۆی فکریدا کەم ماندوو دەبێت و نەفەسێکی درێژی هەبووە لەو بوارە.

دوای بڵاوبونەوەی ناوی مەولود باوامراد وەک وەزیر لەکابینەی هەشتەم لەناو خۆی یەکگرتوودا کۆمەڵێک ئەندامی سەرکردایەتی تۆمەتی ئەوە دەخەنە پاڵ مەولود باوامراد کە ئەو لەبری ئەوەی دانوستان بۆ یەکگرتوو بکات، دانوستانی بۆ پۆستکردووە بۆ خۆی. بیستنەوەی ئەم قسانە نیگەرانی زۆر لای مەولود باوامراد دروست دەکات

بەڵام لەناوخۆی یەکگرتوودا ئەگەر خاوەن بۆچوونێکی جیاوازیش بووبێت بەهۆی ئەوەی سەرکردەکانی دیکەی یەکگرتوو لەرووی تەمەنەوە لەئەو گەورەتر بوون، هەمیشە لەخاڵی کۆتاییدا وەک کوردەواری دەڵێت نەیگەیەندۆتە مریشکە رەشەو تەنازولی بۆ سەرکردەکانی دیکەی یەکگرتوو کردووە لەچوار چێوەی رێزگرتن و ئیحترامدا تەنازولی لەبۆچونەکانی کردووە نەک لەقەناعەتەوە.

لەساڵی 2005 یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کە بڕیاری لیستی جیاوازیدابوو بۆ بەشداریکردن لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و دروشمەکەی "روبەروو بونەوەی گەندەڵی و دابینکردنی خزمەتگوزاری" بوو. مەولودباوامراد لەکەناڵی سەتەلایتی کوردستان بەشداری بەرنامەیەکی سیاسی دەکات و بەرنامەی پارتی لەو بانگهێشتکردنەی مەولود باوامراد ئەوە بوو کە جیاوازی لیست وەک خیانەتێک نیشان بدرێت لەو بەرنامەیە، بەڵام مەولود باوامراد پێچەوانەکەی سەپاند بەسەر پێشکەش کارەکەو ئەو بەرنامەیە خزمەتێکی گەورەی یەکگرتووی کرد چونکە یەکگرتوو ئەو کات کەناڵی ئاسمانی نەبوو. بۆیە بەبڕیاری مەکتەبی راگەیاندنی پارتی بانگهێشتکردنی مەولود باوامراد بۆ دەرکەوتن لە هەر بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی قەدەغە دەکرێت و ئەو بەرنامەیەش بۆ ئەو کات دەنگدانەوەیەکی گەورەی دروستکرد. چونکە یەکەمجار بوو لەکەناڵی ئاسمانی پارتییەوە باس لەزۆری گەندەڵی بکرێت لەهەرێمی کوردستان.

ئەمە جگە لەوەش بۆ ناوخۆی یەکگرتووی ئیسلامیش مەولود باوامراد یەکەمین سەرکردەی ئەو حیزبە بوو کە دان بەوە بنێت سەرکردایەتی یەکگرتوو بەسەر بەرەی موحافیزکارو ریفۆرمخواز دابەش بووە. کە ئەو کات لەلایەن سەرکردە موحافیزکارەکانی یەکگرتووەوە روبەروی رەخنەی زۆر کرایەوە.

مەولود باوامراد بەهۆی ئەوەی لەساڵی 2003 لەدوای روخانی رژێمی بەعس و دامەزراندنی ئەنجومەنی حوکم لەگەڵ سەلاحەددین بەهادین دەچێتە بەغداو دەبێت یاریدەدەری سەلاحەددین بەهادین لەئەنجومەنی حوکم. بەهۆی ئەو پۆستەوە جیاواز لەئەندامانی دیکەی مەکتەبی سیاسی یەکگرتوو بێ بەشکرا لەوەرگرتنی پۆستی وەزیری لەکابینە یەک لەدوای یەکەکانی حکومەتی هەرێم. تا دواجار لەساڵی 2013 رێگەی پێدرا لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان وەک سەرۆکی لیستی یەکگرتوو بەشداری بکات.

لەو هەڵبژاردنەدا مەولود باوامراد دەنگێکی کەم دەهێنێت، هێنانی ئەو دەنگە کەمە یەکەمین وێستگەی نیگەرانی مەولود باوامرادە لەجەماوەری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان. چونکە مەولود باوامراد پێی وابوو کاری پەرلەمانتاری کاری کەسە سیاسییەکانەو دەبێت دەنگدەری یەکگرتوو ئەو هۆشیارییەی هەبێت کێ بۆ پەرلەمان باشەو کێ خراپە، بەڵام ئەو کەکەسێکی قاڵبوەوەی ناو سیاسەت بوو، بەدەنگی بانگخوازێکی ئیسلامی بوو بەپەرلەمانتار.

لەدوای دەرەنجامەکانی هەڵبژاردنی ساڵی 2013 و دروستبوونی وەفدی دانوستانکاری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بۆ بەشداریکردن لەکابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێم، مەولود باوامراد سەرۆکایەتی ئەو وەفدە دەکات.

دوای چەند جارێک دانیشتن و گفتوگۆ لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نۆیەم و پشکی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی ئیعجاب بوونی خۆی بەمەولود باوامراد ناشارێتەوەو پێی دەڵێت هەرچی تۆ داوای بکەی من واژووی لەسەر دەکەم.

لەماوەی کارکردنی لەکابینەی هەشتەم مەولود باوامراد دەبێتە کەسێکی متمانە پێکراو لەلایەن نێچیرڤان بارزانی بۆیە دوای دروستبوونی فەراغ لەوەزارەتی گواستنەوەی حکومەتی هەرێم، بەشێوەی کاتی پۆستی وەزیری گواستنەوەی حکومەتی هەرێمیش رادەستی مەولود باوامراد دەکرێت

لەکاتی پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێم دانیشتنێکی تایبەت لەنێوان نێچیرڤان بارزانی و محەمەد فەرەج ئەمینداری ئەوکاتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بەئامادەبوونی مەولود باوامراد ئەنجامدەدەرێت و لەو دانیشتنەدا نێچیرڤان بارزانی لەبەرامبەر هاوهەڵوێست بوون لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا کۆمەڵێک بەڵێنی سەرنجراکێش بەئەمینداری ئەو کاتی یەکگرتوو دەدات بەتایبەت لەچارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی یەکگرتوو. ئەمینداری یەکگرتوو لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی رێکدەکەون بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی نێچیرڤان بارزانی لەداهاتوو کەسێک هەبێت لەنێوانی ئەمینداری یەکگرتوو لەگەڵ نێچیرڤان. لەو کاتەش نێچیرڤان بارزانی پێشنیاری ئەوە بۆ محەمەد فەرەج دەکات کە مەولود باوامراد بکرێت بەوەزیری نێوان حکومەت و پەرلەمان چونکە ئەو وەزیرە مامەڵەی راستەوخۆی لەگەڵ نێچیرڤان هەیەو لەو رێیەوە دەتوانێت باشتر هاوکاری یەکگرتوو بکات. لەو دانیشتنەدا بێ ئەوەی مەولود باوامراد هیچ قسەیەک بکات، محەمەد فەرەج رەزامەندی نیشان دەدات و دەڵێت ئەوەندەی پەیوەندی بەمنەوە بێت زۆرم پێ باشەو هەر پەیامێکم هەبێت لەرێگەی مەولود باوامرادەوە بەتۆی دەگەیەنم، بەڵام ئەوە پێویستی بەدەنگی ئەنجومەنی سەرکردایەتیش هەیە، بەڵام من ئەو کێشەیەش چارەسەر دەکەم.

ئەو کات دوای بڵاوبونەوەی ناوی مەولود باوامراد وەک وەزیر لەکابینەی هەشتەم لەناو خۆی یەکگرتوودا کۆمەڵێک ئەندامی سەرکردایەتی تۆمەتی ئەوە دەخەنە پاڵ مەولود باوامراد کە ئەو لەبری ئەوەی دانوستان بۆ یەکگرتوو بکات، دانوستانی بۆ پۆستکردووە بۆ خۆی. بیستنەوەی ئەم قسانە نیگەرانی زۆر لای مەولود باوامراد دروست دەکات و لەکۆبونەوەیەکی سەرکردایەتی رونکردنەوەی خۆی دەدات و دەڵێت بۆ هەموو ئەو قسانەشم، محەمەد فەرەج ئەمینداری گشتی شاهێدەو ئاگاداری چۆنیەتی بونە وەزیری منە. لەو کۆبونەوەیەدا محەمەد فەرەجیش رونکردنەوەی خۆی دەدات.

لەماوەی کارکردنی لەکابینەی هەشتەم مەولود باوامراد دەبێتە کەسێکی متمانە پێکراو لەلایەن نێچیرڤان بارزانی بۆیە دوای دروستبوونی فەراغ لەوەزارەتی گواستنەوەی حکومەتی هەرێم، بەشێوەی کاتی پۆستی وەزیری گواستنەوەی حکومەتی هەرێمیش رادەستی مەولود باوامراد دەکرێت.

لەو ماوەیەدا کە مەولود باوامراد وەزیری گواستنەوەو گەیاندن دەبێت خزمەتێکی زۆری کادیرانی یەکگرتوو دەکات و تەنانەت وەک بەریدێک هەر کادیرێکی حکومەت مامەڵەیەکی هەبووبێت لەدامەزراوەکانی حکومەت ئەو بەشەخسی بەدواداچوونی بۆ مامەڵەکان کردووەو تەکلیفیشی لەوەزیرەکان کردووە بۆ راییکردنی مامەڵەی کادیرانی یەکگرتوو. ئەوە جگە لەوەی یەکگرووی ئیسلامی کۆمەڵێک زەوی هەبوون لەپێشودا لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بۆ یەکگرتوو تاپۆ نەدەکران، بەڵام لەو ماوەیەی مەولود باوامراد وەزیر بووە ئەو زەویانەی تاپۆکردوون بۆ یەکگرتوو. یەکێکی دیکە لەو مەلەفانەی مەولود باوامراد کاری لەسەر کردووە مامەڵەی شەهیدانی بادینانی یەکگرتوو بوون، کە مەولود باوامراد بەشەخسی بەدوای ئەو مەلەفەوە بوەو سەرجەم شەهیدانی یەکگرتووی وەک شەهیدی سەرکردە خانەنشین کردووە.

ئەو نوسینەشی ئەمرۆ مەولود باوامراد بڵاوی کردەوە تەنیا نوسینێک نەبوو بۆ راگەیاندنی ئەوەی کە خۆی بۆ هیچ پۆستێک هەڵنابژێرێتەوە، بەڵکو دەستبەرداربوونێکی شێنەییە لەیەکگرتووی ئیسلامی کوردستان.

هەموو ئەو کارانەی مەولود باوامراد لەناو حکومەتدا بۆ یەکگرتووی ئەنجام دەدان ئاراستەیەک لەناو سەرکردایەتی یەکگرتوو دیعای زۆریان لەسەر مەولود باوامراد دەکرد کە ئەو بۆیە ئەو کارانەی بۆ دەکرێت چونکە لەپارتی نزیکبووەتەوە. هەموو قسەو قسەڵۆکانەی لەسەر مەولود دەکران، نیگەرانی زۆری بۆ مەولود باوامراد دروست دەکرد، چونکە ئەو سەرکردانەی یەکگرتوو لەرووی مەولود باوامراددا قسەیەکیان دەکردو لەپشتەوەش بەجۆرێکی دیکە قسەیان دەکرد.

یەکێکی دیکە لەکارەکانی مەولود باوامراد ئەنجامدانی سوڵح بوو لەنێوان سەلاحەددین بەهاددین و نێچیرڤان بارزانی، کە لەدۆسیەی سیخوڕیکردن بەسەر پارتییەوە سەلاحەددین بەهادین تێوەگلێندرابو. هەر لەبەر ئەوەش بوو سەلاحەددین بەهادین ماڵەکەی لەهەولێرەوە گواستەوە بۆ سلێمانی. دوای بوونەوەی بەئەمینداری یەکگرتوو، سەلاحەددین بەهادین ترسی ئەوەی هەبوو جارێکی دیکە لەرووی یاساییەوە ئەو دۆسیەیەی لەسەر بجوڵێندرێت، بەڵام بەناوبژی مەولود باوامراد ئەو کێشەیە چارەسەرکراو دۆسیەی سەلاحەددین بەهادینیش لەدادگا داخرا.

لەدوای دەرکردنی بزووتنەوەی گۆڕانیش لەکابینەی هەشتەم و کشانەوەی کۆمەڵی ئیسلامی لەکابینەی هەشتەم مەولود باوامراد بۆچونی پێچەوانەی هەبوو، مەولود پێی وابوو یەکگرتوو دەبێت خاوەنی سیاسەتی خۆی بێت، نەک بەدوای سیاسەتی گۆڕان و کۆمەڵ بکەوێت. بەڵام هەوڵەکانی مەولود باوامراد بێ سودبوون و لەسەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیشەوە بڕیاری کشانەوەی یەکگرتوو درا لەکابینەی هەشتەم. لەدوای ئەو کارە جارێکی دیکە بەشێک لەسەرکردەکانی یەکگرتوو دیعای ئەوەیان لەدژی مەولود باوامراد دەکرد کە یەکگرتوو بڕیاری کشانەوەیداوە لەکابینەی هەشتەم، بەڵام مەولود باوامراد لەماڵەوە کارەکانی وەزارەتی گواستنەوە جێبەجێ دەکات. ئەم دیعایانە لەسەر مەولود باوامراد و ئەو جۆرە دوورویەی سەرکردەکانی یەکگرتوو بەرامبەر مەولود باوامراد کە لەروویدا موجامەلەیان دەکردو لەدواوەش قسەی دیکە، بەتەواوی مەولودی لەیەکگرتوو بێهیواکرد. ئەمە جگە لەوەی لەرووی فکریشەوە مەولود باوامراد پێی وایە دەبێت یەکگرتوو سیاسەت و کاری بانگەواز لەیەکتر جیابکاتەوە. بەڵام لەبری ئەوەی یەکگرتوو دەرس لەرابردوو وەربگرێت. بەپێچەوانەوە ئەمینداری ئێستای یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بەشێنەیی تەسفییەی ئەو سەرکردانە دەکات کە داوای جیاکردنەوەی دەعوەو سیاسەت دەکەن.

ئەو نوسینەشی ئەمرۆ مەولود باوامراد بڵاوی کردەوە تەنیا نوسینێک نەبوو بۆ راگەیاندنی ئەوەی کە خۆی بۆ هیچ پۆستێک هەڵنابژێرێتەوە، بەڵکو دەستبەرداربوونێکی شێنەییە لەیەکگرتووی ئیسلامی کوردستان.



1881 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations