یاسای هەڵبژاردن و مەلە کردن بەپێچەوانەی شەپۆلەکە!

24.12.2019

لڤین: لە هەژماری دڵشاد ئەنوەر وەرگیراوە

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق یاسای هەڵبـژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی پەسەند کرد، زۆربەی کوتلە کوردیە سەرەکیەکان دژی هەندێک مادەی نێو یاساکە بوون و دانیشتنی پەرلەمانیان بایکۆت کرد.

ئەوەی ئەمڕۆ ڕوویدا چاوەڕوانکراوبوو، پێشتر لە وتارێکی تردا و هەر لەم ئەکاونتەوە ئاماژەم پێکرد، کە کورد ناتوانێت هەروا تەماشاکەر بێت و پریشکی ڕووداوەکانی عێراق دەیگرێتەوە، بۆیە ئەمە سەرەتای گەیشتنی پریشکەکەیە.

ئەوەی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کردی، خواستی مەرجەعیەت و شەقامی ڕاپەریوی عێراق بوو، زۆربەی لایەنە شیعیەکان لێی ناڕازیبوون، بەڵام نەیانوێرا بەرەنگاری ببنەوە.

لایەنە شیعیەکان دژی بوون، چونکە پێگەی جەماوەریان خراپە، لەمەودوا لە سستمی فرە بازنەیی و هەڵبژاردنی فەردی دا، دەم و چاوی جوان و کەسایەتی و سەرۆک خێڵەکانی عێراق کە خاوەن پێگەن، دەتوانن لە دەرەوەی حیزبەکان خۆیان کاندید بکەن و حیزب تێپەڕێنن، بێگومان ئەمە سەرەتایەک دەبێت بۆ لاواز بوونی ڕۆڵی حیزب لە عێراق دا.

بەڵام سەرنجەکە ئەوەیە:

کە حیزبی شیعی و عێراقی بەیاساکە ڕازی نەبوون، بەڵام نەیانوێرا قسە بکەن، کەچی حیزبە کوردیەکان بانگی ناڕەزایەتیان لێ بەرز بوویەوە..

حیزبی کوردی و شیعی لە هەر شتێکدا دژ بن، لە دژایەتی یاساکەی ئەمڕۆدا کۆکن، چونکە مەترسی لەسەر پێگەیان دروستەکات، تەنها لە شتێکدا جیاوازن، ئەوانەی عێراق لەترسی مەرجەعیەت و شەقام نەیانوێرا قسە بکەن، بەڵام ئەمان بانگیان لێ بەرز بوویەوە.

حیزبی کوردی تۆقیوە، چونکە لەمەودوا دەبێت خەڵکی باش و خاوەن پێگە کاندید بکات، نەک خەڵکی لاڵ و بێ بەهرە و گوێ لە مشتی حیزب. حیزبی کوردی بانگی لێ هەستاوە، چـونکە یاساکە بە مەترسی دەزانێت بۆ سەر پێگەی خۆی، نەک بە زیان بۆ میللەتەکەی.

ئەگینا کورد گەر کوردانە ئیش بکات، بەم یاسایەشەوە نە لە کرکوک و نە لەدیالە و هیچ پارێزگایەکی جێناکۆک زەرەر ناکات، بەڵام ئیشکردن بە لۆژیکی "دەماخ سزەکان"ی حیزب، هاوشێوەی ڕابردوو ، هەر بەزەرەرەوە لە پرۆسەکە دێتە دەرەوە و چاوەڕوانکراویشە.

بۆیە دەنگ هەڵبرینی حیزبی کوردی دژی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ترسە لە پێگەی حیزب نەک میللەت..

696 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations