كورته‌ سه‌رنجێكم له‌سه‌ر هێڵی له‌ڤ و ده‌ركه‌وتنه‌ تازه‌كه‌ی..

'دیارده‌'ی هێڵی له‌ڤ و پیاوه‌كانی ده‌وروبه‌ری

15.12.2019

لڤین: لە هەژماری هۆزان مەحمود وەرگیراوە

له‌ ڕاستیدا هه‌ر قسه‌ پێ گووتنێك به‌ كه‌سی (هێڵی له‌ڤ) به‌ هه‌ڵه‌ ده‌زانم، به‌ڵام گرنگه‌ ئێمه‌ باس له‌م ژنه‌ بكه‌ین وه‌ك دیارده‌یه‌كی دزێو و درێژكراوه‌ی كولتورێكی گڵۆباڵی به‌رخۆری، گه‌نده‌ڵی و به‌كاڵابوون. ئه‌وه‌ی ئه‌و و هاوشێوه‌كانی له‌ كوردستان ده‌یكه‌ن له‌ ئه‌وروپاش هه‌یه‌، ئه‌مانه‌ سه‌ر به‌و ڕه‌وته‌ن كه ‌ 'ئازاد'ی و 'سه‌ربه‌خۆیی' ژن له‌ پۆست و پاره‌ و كه‌لوپه‌لی ماركه‌دا ده‌دۆزنه‌وه‌، ته‌نانه‌ت له‌شفرۆشیش لای ئه‌م ڕه‌وته‌ (پیشه‌)یه‌ مادامه‌كی پاره‌ی تیایه‌.بێگومان ئه‌م ڕوانینه‌ بۆ ژن، له‌ خودی خۆیدا زاده‌ی پاتریاركیه‌تی-سه‌رمایه‌داریه‌ و ژنی به‌مشێوه‌یه‌ ده‌‌وێت و به‌مشێوه‌یه‌ش ڕێگه‌ی فراوانی بۆ ده‌كاته‌وه‌.

خانمه‌ فێمینیستی ئه‌مریكی-ئه‌فریقی ( بێل هوكس) له‌باره‌ی پاتریاركیه‌وه‌ ده‌ڵێت؛ ( پێویسته‌ به‌رده‌وام سه‌رزه‌نشت و ڕه‌خنه‌ی ئیمپریالیزمی سپی سه‌رده‌سته‌ بكه‌ین، چونكه‌ كولتوری پاتریاركی‌ له‌ ڕێگه‌ی ماس میدیاوه‌ نۆرمه‌ڵایز ده‌كرێت و كێشه‌ساز ناكرێت)..

لێره‌وه‌ ئاماده‌یی هێڵی له‌ڤه‌كان، به‌شێكه‌ له‌و كولتوره‌ی كه‌ ئیمپریالیزمی جیهانی لێره‌ و له‌وێش ڕه‌واجی پێده‌دات. ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌ی له‌ دونیادا نمایشده‌كرێت له‌ تیڤیه‌كانه‌وه‌، تاڕاده‌یه‌كی زۆر له‌ زۆربه‌ی وڵاتان وه‌ك ستانداردی لێهاتووه‌. بوونی كۆمه‌ڵێك پیاو به‌ده‌وری هێڵی له‌ڤدا وه‌ك كاڵا و كۆمه‌ڵێك كچی گه‌نج، ته‌واوكه‌ری یه‌كترن. وه‌ك چۆن ژنان به‌ كاڵاده‌كرێن، به‌هه‌مان شێوه‌یش پیاوانیش به‌كاڵاكراون. ئه‌مه‌ چ له‌ ڕێگه‌ی به‌شداری ڕاسته‌خو له‌م نمایشانه‌دا بێت یان له‌ڕێگه‌ی به‌رخۆری و چێژه‌وه‌ بێت.

نه‌نگی له‌ بیركردنه‌وه‌ی هێلی له‌ڤه‌كاندا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نائاگان له‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌ له‌ 'ئازادی' و 'هه‌ڵبژاردن' به‌شێكه‌ له‌ خزمه‌تكردن و به‌خشینی چێژ به‌ پیاوانی باڵاده‌ست و خاوه‌ن كۆمپانیا و ده‌سه‌ڵات و پاره‌. كه‌واته‌ (ئازادی) و (بوون) ی ئه‌وان ته‌نها له‌ ڕه‌نگی پێست و ئه‌ندازه‌ی سمت و مه‌مك و ده‌م ولێو و ڕه‌نگی قژیاندا كورت كراوه‌ته‌وه‌.

له‌ كوردستان ماوه‌یه‌كه‌ به‌ هۆی نه‌وته‌وه‌ كۆمه‌لێك مۆڵ و كافێتریا و ڕێیستورانت و هۆتێلی پێنج ئه‌ستێره‌ و ئۆتۆمبێل ‌ و جلوبه‌رگ و كه‌ل و په‌لی ماركه‌ بوونه‌ته‌ به‌شێك له‌ بوونی مرۆڤ. كه‌واته‌ تۆ كاتێك هه‌یت كه‌ چه‌ند شتێك له‌وانه‌ت هه‌بێت! له‌ ڕاستیدا ئه‌م نوقمبوونه‌ له‌ به‌رخۆریدا یه‌كێكه‌ له‌ ده‌رهاویشته‌كانی ئه‌و په‌له‌قاژێیه‌ی كه‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردی ده‌یه‌وێت نمایشی 'مۆدێرن' بوونی پێبكات.

جا بۆ ئه‌مه‌ش پێویستی به‌ هه‌ڵبژاردنی شاجوان و هێلی له‌ڤه‌كان و نه‌وید زه‌ردیه‌كان و هتد‌.. هێڵی له‌ڤه‌كان و هاوشێوه‌كانیان ته‌نها دیكۆرێكی به‌تاڵ و ڕه‌نگاڵه‌ و بوكه‌ڵه‌ ئاسان بۆ جوانكردنی ئه‌م پڕۆسه‌ی به‌ ( مۆدێرنبوونه‌ كوردییه‌) له‌ كاتێكدا مێنتاڵیتی و ئه‌قڵیه‌تی خێڵه‌كی ‌ به‌سه‌ر كۆی كۆمه‌ڵگاو تاكه‌كانیدا زاڵه.

3505 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations