بەرپرسێكی دەستلەكار كێشاوەی گۆڕان نەوشیروان مستەفا تۆمەتبار دەكات

11.12.2019

لڤین: 
ئەندامێكی دەستلەكار كێشاوەی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان رەخنە لە رێكخەری كۆچكردووی بزوتنەوەكە دەگرێت و تۆمەتباری دەكات بەوەی نەیویستووە بزوتنەوەكە لە حزبی بنەماڵە رزگار بكات . 

ساڵح ژاژڵەیی، ئەندامی دەستلەكاركێشاوەی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، رایگەیاند: پێكهێنانی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان لەلایەن رەوانشاد نەوشیروان مستەفاوە نە بڕیار و نە بەرنامەی‌ پێش وەخت بوه،‌ تەنها كاردانەوە بوەو ئەوەش لە ئەنجامی‌ سەرنەكەوتنی‌ بەرەی‌ ریفۆرمەوە. 

ناوبراو لە بەشی دووەمی وتارەكەی كە بەناوی "بزوتنەوەی گۆڕان بەرنامە بوو یان كاردانەوە" بڵاوی كردووەتەوە باسی ئەوەش دەكات كە لەوانەیە بەشێكیتری نەمانەوەی  نەوشیروان مستەفا لەناو یەكێتی بۆ "كەم چیكڵدانی" بگەڕێتەوە.   

ئەو پێشیوایە "هەمیشە كاریزمایی كەسایەتی مام جەلال، نەوشیروانی دەخستە سێبەرەوە و نەیدەهێشت سنوری پلەبەندی حیزبی ببەزێنێ" باس لەوەش دەكات كەبە هۆی‌ دروستبونی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕانەوە جارێكی‌ تر كاك نەوشیروان لە شكستەوە بەرەو هەستانەوە هەنگاوی‌ گەورەی‌ ناو جارێكیتر بۆوە بە ژمارەیەكی‌ گەورە لە گۆڕەپانی‌ سیاسی‌ هەرێمی‌ كوردستاندا، ئەوەش بوو بە دەسكەوتێكی‌ گەورەی‌ سیاسی‌ بۆ خودی‌ خۆی‌ بە تەنیا.

ژاژڵەیی لە نوسینەكەیدا 9 خاڵی ریز كردووە وەك هۆكاری سەركەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان لەدوای دامەزراندنیە وە كە رۆڵێكی سەرەكیداوەتە میدیای ئازاد كە پێش بزوتنەوەی گۆڕان رۆڵیان هەبووە. 

 ئەو رەخنە لە رێكخەری كۆچكردوی بزوتنەوەكە دەگرێت و دەشڵێت "كاك نەوشیروان نەیدەویست‌ بزوتنەوەكە بكاتە دامەزراوە . لەوە ئەچێت هەر بەتەمای‌ گەڕانەوە بۆ ناو یەكێتی‌ و خوڵكی‌ مام جەلال بوبێت و نمایشی‌ دروستكردنی گۆڕانیشی‌ هەر بۆ ئەوەبوبێت. یان وای‌ بیركردۆتەوە  بە دامەزراوەكردنی‌ بزوتنەوەكە لە بەرژەوەندی‌ خۆیی و دوا رۆژی‌ نەوەكانی‌ نەبێت، چونكە ئەگەر بزوتنەوەكە بە دامەزراوەیی بكرایە كوڕەكانی‌ نەدەبون بە خاوەنی‌ میراتی‌ گۆڕان".

ئەو ئاشكراشی دەكات "یەكێك لە كێشەكانی‌ كاك نەوشیروان لەگەڵ كاك عوسمانی‌ حاجی‌ مەحمود و كاك قادری‌ حاجی‌ عەلی‌ لەسەر ئەوە بوو. لە راستیدا ئەوان داوایان دەكرد با گۆڕان بكرێـتە حیزبێكی‌ موئەسەساتی‌ و ئەو جەماوەرە زۆرە ئاوا بە هەڕەمەكی‌ ناتوانرێت سەرپەرشتی‌ بكرێن". 

 ناوبراو لەبارەی كێشەی خاوەنداری كۆمپانیای وشەوە ئاشكرای دەكات كە لەسەرەتای دروستبونی كۆمپانیاكەوە "كێشەو قسەو باس لەسەر خاوەن دارێـتی‌ كۆمپانیای وشە هەبوو. هەندێ لە برادەران وایان بە چاك دەزانی‌ كە كۆمپانیای‌ وشە بە ناوی‌ كەسێكەوە نەبێت و سیغەیەكی‌ وای‌ بۆ بدۆزرێتەوە كە دوای‌ نەمانی‌ كاك نەوشیروان كێشە دروست نەبێت".

ئەو باس لە لاوازی پەیوەندیە دیبلۆماسیەكانی بزوتنەوەكە دەكات و دەڵێت ئەگەر بمانزانیبایە بەكاری بهێنین بێگومان دەمانتوانی كاری زۆرباش بكەین لەو بارەیەشەوە چەند نمونەیەك دەگێڕێتەوە. 

10297 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations