ماکرۆن و مەسرور: دوو ریکۆردی مێژوویی ئاواژوو دەرهەق رۆژاڤا

29.11.2019

لڤین: لە هەژماری ئارام رەفعەت

دوێنێ چاوەشئۆغڵوی وەزیری دەرەوەی تورک دوو راگەیاندنی بڵاوکردەوە. لەیەکەمییاندا رووی لە ئیمانۆئێڵ ماکڕۆنی سەرۆکی فەرەنسا و ئەوی تریشیان دەربارەی کۆبونەوەی بوو لەگەڵ مەسرور بارزانیدا

چاوەشئۆغڵٶ چی دەربارەی ماکرۆن گوت؟

چاوەشئۆغڵٶ بەشێواز و فەرهەنی تورکانە رەخنەی توندی لە ماکڕۆن گرت و رایگەیاند، "ماکڕۆن پشتیوانی تیرۆر دەکات و بەردەوام لە کۆشکی ئێلیزا میواندارییان دەکات و ئەگەر ئەو بڵێت هاوپەیمانی رێکخراوێکی تیرۆریستییە، ئیتر قسەیەک نییە بۆ گوتن." دیارە، مەبەستی وەزیرەکەی تورک لە تیرۆر و رێکخراوی تیرۆریستی ئیدارەی رۆژاڤا و شەرڤانانە.

چاوەش ئۆغڵۆ چی دەربارەی مەسرور گوت؟

چاوەشئۆغڵۆ بەهەمان ئەقڵییەتی تورکانە، لە تویتەرەکەی خۆیدا نوسیوییەتی "سەرۆک وەزیرانی ئیدارەی ناوچەی باکوری عێڕاقم دیت. هاورابووین لەسەر ئەوەی کە پەکەکە هەڕەشەیە بۆ سەر ناسەقامگیری و ئاساییشی هەردوو لامان. بەیەکەوە بەرەنگاری هەموو جۆرە رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەبینەوە". دیارە "هەموو جۆرە رێکخراوە تیرۆریستییەکان" مەبەستی شەرڤانان و ئیدارەی رۆژاڤایە.

وەک دەبینن، بە پێوانەی چاوەشئۆغڵو شەرڤانان (هەسەدە) تیرۆریستن. ماکڕۆن دژایەتی تورکیا و پشتیوانی تیرۆریستەکان دەکات و مەسروریش پشتیوانی تورکیا و دژایەتی تیرۆریستەکان دەکات.

سەیرە، ماکرۆن فەرەنسی و مەسروریش کوردە.

لەوەش سەیرتر،

بۆ هەرێمی کوردستان: رۆژاڤا، هەر بەتەنها هاو نەتەوە و هاوزمان و هاوسێی "ناوچەی باکوری عێراق" نین کە مەسرور سەرۆک وەزیرانییەتی، بەڵکو قوڵایی ستراتیرژی ناوچەی باکوری ئێراقە و مانەوە و بەهێزی "ئیدارەی ناوچەی باکوری ئێراقیش" پەیوەستە بە بەهێزی و مانەوەی رۆژاڤاوەیە.

بۆ فەرەنسا: رۆژاڤا نە هاونەتەوە و هاوزمان و هاودینە، نە هاوسێیە و نە قوڵایی ستراتیژی فەرەنسایە و نەمانەوە و نەمانەوەی رۆژاڤا بچوکترین کاریگەری لەسەر بارودۆخی فەرەنسا نییە.

بەڵام، ماکرۆن تا ئاستی تێکدانی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ تورک پشتیوانی رۆژاڤایە و مەسروریش تا ئاستی پێکەوە "دژایەتیکردنی هەموو رێکخراوە تیرۆریستەکان" پشتیوانی تورکیایە.

هێشتا سەیرەکەی ماوە...

چەند و چۆنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی فەرەنسا لەگەڵ تورک دەزانن؟

لەساڵی ٢٠١٧دا قەباری بازرگانی نێوان فەرەنسا و تورک ١٤ ملیار و نیو بوو. لەم بازرگانییەدا فەرەنسییەکان سوودمەندی سەرەکین. لە بڕە فەرەنسا نزیکەیۆ (٩) ملیار شتومەک بۆ تورکیا هەناردە دەکات و تەنها بڕی شەش ملیار و نیو شتومەکی تورک هاوردە دەکات. بەواتایەکی تر، وڵاتی تورک بازاڕێکی سەرەکی ساغکردنەوەی شتومەک و کاڵاکانی فەرەنسایە.

ئە چەند و چٶنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی باشور لەگەڵ تورک چۆنە؟

قەبارەی بازرگانی تورک لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا لە نێوان ٧ تا ١٠ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت. ئەم بازرگانییە یەک ئاراستەییە. بەواتایەکی تر، هەناردەی هەرێم بۆ تورکیا کەمتر لە ١%ی کۆی ئەو بازرگانییە پێک دێنێت (هەڵبەت بێجگە لەنەوت کە داهاتەکەی نادیارە و هیچ کاریگەری لەسەر ئابوری هەرێم نییە). بۆ نموونە، لە ٢٠١٤دا بڕی بازرگانی ١٠ ملیار دۆلار بوو، لەم برە هەناردەی هەرێمی کوردستان و عێڕاق بەیەکەوە بۆ تورکیا لە ١٥٠ ملیۆن دۆلار کەمتر بوو. بەواتایەکی تر، هەرێم بازاڕێکی ساغ کردنەوەی کاڵاکانی تورکیایە و لەبەرامبەردا تورک هیچ کاڵایەک لە هەرێم هاوردە ناکەن.

فەرەنسا بەلەدەست دانی تورک چی لەدەست دەدات..؟

ئەو لەپێناو رۆژاڤادا خەریکە یەکێک لە بازاڕە سەرەکییەکانی وڵاتەکەی، کە بازاڕی تورکە دەخاتە مەترسییەوە. دیارە تورکیا ١٣هەمین گەورەترین هاوردەکاری فەرەنسایە، نەمانی ئەو بازارە هەم کاریگەری دەبێت بۆ ئابووری فەرەنسا و هەم بۆ چارەنووسی سیاسی ماکرۆن.

نابێت ئەوەش لەبیر بکەین، تورک ئەندامی ناتۆن و بەم پێیەش هاوپەیمانی فەرەنسان و لەدەیان بڕیار و دانوسانی ناتۆدا دەتوانن زیان بە بەرژەوەندییەکانی فەرەنسا لەسەر ئاستی جیهان بگەیەنن.

بەڵام دیارە هێشتا خوێنی شۆڕشی فەرەنسای مەزن لە جەستەی ماکرۆن و فەرەنسییەکاندا دێت و دەچێت و لەپێناو هەندێک پرەنسیپە جیهانییەکاندا ئامادەی قوربانی دانن.

ئەی هەرێمی کوردستان بەلەدەست دانی تورک چی لەدەست دەدات

پێویست نەبوو مەسرور ئەم ریکۆردە مێژووییە خراپەی بۆ خۆی تۆمار بکات. ئەو ئەگەر نەشتوانێت هاوشێوەی ماکرۆن ریکۆردێکی مێژووی پڕ لەسەروەریش بۆ خۆی تۆمار بکات، دەیتوانی بێ لایەن بێت و نەچێتە پاڵ بانگەشەی دژە تیرۆری تورک.

گریمان لەم بێلایەنییەی مەسروردا تورکەکان هەڵوێست وەردەگرن و تورک پەیوەندییەکانییان دەپچڕێنن. بەڵام، هەرێمی کوردستان بەلەدەستدانی تورک تەنها کۆت و بەندی هەرێمەکەی لەدەست دەدات.

هەروەک ئینستیتوتی واشنگتۆن لە ٢٠١٥دا نوسیبووی، هەرێمی کوردستان وەک کۆمۆنوێڵسی رانەگەیەنراوی ئابووری تورک وایە. لەراستیدا هەرێمی کوردستان، لانی کەم لەرووی ئابوورییەوە کۆڵۆنیالیزە کراوە.

نابێت ئەوەش لەبیر بکەین کە هێشتا لەروانگەی مەسرور و بنەماڵە و حیزبەکەیەوە، مەسعود بارزانی باوکی پاڵەوانی ریفراندۆمە. لەراستیدا تورک و بەتایبەتیش ئەردۆغان هۆکاری سەرەکی شکستی ریفراندۆم و ئەو دەرەنجامە شەرمهێنەر و کارەسات ئامێزە بوون کە ریفراندۆم بەدوای خۆیدا هێنا و لەوانەش لەدەستدانی نیوەی خاکی کوردستان و لەدەستدانی بەشێک لە سەروەرییەکانی هەرێم و ئیستیقالەی مەسعود بارزانی.

ئێستا ریکۆردی ماکرۆن و هینەکەی مەسروریشمان لەبەرچاوە... مێژوو نە ئەم فەرامۆش دەکات و نە بەزەییشی بەودا دێتەوە.

پرسیارەکە ئەوەیە مەسرور بارزانی لەم بەهاناوەچوونەی تورک لەم کاتەدا چی دەچنێتەوە، هەڵبەت بۆ بنەماڵەکەی نا، بۆ هەرێم؟

2495 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations