روسیا سیخوڕی به‌سه‌ر هه‌سه‌ده‌-ه‌وه‌ ئه‌كات

28.11.2019

لڤین: لوقمان غه‌فوور

به‌رپرسانی روسیا له‌گه‌ڵ هه‌سه‌ده‌ له‌ عه‌ین ئه‌لعه‌ره‌ب، كۆبوونه‌ته‌وه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان كردووه‌ كه‌ نابێت هێرش بكرێته‌ سه‌ر ئه‌و گه‌ڕانه‌ سه‌ربازییه‌ هاوبه‌شانه‌ی له‌گه‌ڵ توركیا ده‌یكه‌ن به‌ناوچه‌كه‌دا، به‌ڵام به‌رپرسانی هه‌سه‌ده‌ له‌وه‌ڵامدا پێیانوتوون خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ كاره‌كه‌ی ئه‌وانیان پێ په‌سه‌ند نییه‌ و هه‌سه‌ده‌ هیچ هێزێكی له‌ناوچه‌كه‌ نه‌ماوه‌. 

 رۆژنامه‌ی هێڵ پشتبه‌ستن به‌ زانیاری نێو ئه‌فسه‌رانی توركیا ئه‌وه‌ی پشتڕاست كردۆته‌وه‌ كه‌ توركیا بۆیه‌ روسیا له‌گه‌ڵ خۆی له‌ گه‌ڕانه‌ سه‌ربازییه‌كانیدا به‌شداری پێده‌كات، چونكه‌ ده‌زانێت له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ هێرشی ده‌كرێته‌ سه‌ر.

به‌پێی رۆژنامه‌ی هێڵ كه‌ له‌ چاپی ئه‌مڕۆ بڵاوبۆته‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌ نێوان دوو به‌رپرسی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی روسیا و چه‌ند به‌رپرسێكی هه‌سه‌ده‌ بووه‌. به‌ڵام روسه‌كان وته‌كانی نێو كۆبوونه‌وه‌كه‌یان گه‌یاندۆته‌ ئه‌فسه‌رانی توركیا. له‌هه‌مانكاتدا به‌رپرسه‌ روسه‌كان كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ چه‌ند ئه‌فسه‌رێكی توركیا كردووه‌ له‌گه‌ڵ گرده‌ سپی -ی سوریا. توركیایان له‌ ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی خۆیان و هه‌سه‌ده‌ ئاگاداركردۆته‌وه‌.

له‌ 20 ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ تا چه‌ند رۆژی رابردوو روسیا و توركیا، 11 گه‌ڕانی سه‌ربازی هاوبه‌شیان ئه‌نجامداوه‌ و 9 گه‌ڕانیان له‌لایه‌ن هاووڵاتیانی خۆرئاوای كوردستانه‌وه‌ هێرشی كراوه‌ته‌ سه‌ر و له‌ ئه‌نجامی ته‌قه‌كردنی هێزه‌كانی روسیا و توركیا، 4 هاوڵاتی كورد شه‌هید بوون و ناقیله‌یه‌كی روسیش تائێستا سووتاوه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌دوای سوتانی ناقیله‌ روسییه‌كه‌وه‌ هیچ هێرشێكی تر ئه‌نجامنه‌دراوه‌.

ئه‌نوه‌ر موسلم به‌رپرسێكی هێزه‌كانی هه‌سه‌ده‌ ئه‌وه‌ی به‌ هێڵ وتووه‌ كه‌ روسیا به‌ڵێنی داوه‌ بۆئه‌وه‌ی ئاژاوه‌ دروستنه‌بێت له‌ناوچه‌كه‌، گه‌ڕانی سه‌ربازی دیكه‌ ناكه‌ن، دوای پشكنینیان له‌گه‌ڵ توركیا ده‌ركه‌وتووه‌ هیچ هێزێكی هه‌سه‌ده‌ له‌ ناوچه‌كه‌ نه‌ماوه‌.

له‌9ی ئۆكتۆبه‌ری 2019، هێزه‌كانی توركیا و چه‌كدارانی سوپای سوریای ئازاد هێرشیان كرده‌ سه‌ر ناوچه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی روباری فورات و له‌ئاكامدا زیاتر له‌ 200 هه‌زار كه‌س له‌ناوچه‌ ئاواره‌ بوون. تا 17ی ئۆكتۆبه‌ر به‌پێی رێككه‌وتنێكی نێوان ئه‌مریكا و توركیا هێرشه‌كه‌ وه‌ستێنرا. دواتریش 22ی ئۆكتۆبه‌ر رێكه‌وتنێكی دیكه‌ له‌نێوان روسیا و توركیا كرا.

1424 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations