هەرێم پشتیوانی مانەوەی حكومەتی ئێستا دەكات و موچە لەبەرامبەر وەردەگرێت

رێكەوتنی هەرێم و بەغداد بەشێكی سیاسیە

25.11.2019

لڤین: 

ئەمڕۆ جارێكیتر شاندی هەرێم رووی لەبەغداد كردەوە و پێدەچێت رێكەوتنێك لەنێوانیان ئەنجام بدرێت و بەشێوەیەكی فەرمی ئەو رێكەوتنە رابگەیەندرێت، ئەو رێكەوتنەی تا ئێستا ئەنجامدراوە بەشێكی رێكەوتنەكە سیاسیە و بەشێكیتری رێكەوتنێكی ئابوریە لە نێوان هەرێم و بەغداد.

هەریەكە لە بەغداد و هەرێم پێویستیان بەرێكەوتن هەیە، هەرێم لەپێناوی چاوپۆشی لە هەندێك بابەتی ئابوری و بەغدادیش بۆ مانەوەی ئەو بەرپرسانەی ئێستا لە حكومەتدان كە هەرێم دەتوانێت پشتیوانێكی بەهێز بێت بۆ ئەو گروپە سیاسیەی ئێستا لە حكومەتدان.

ئەندازیاری رێكەوتنەكە

هەرچەندە لە ماوەی رابردوو حكومەتی هەرێم بە شێوازی خۆی هەوڵی رێكەوتنیدا لەگەڵ حكومەتی عێراقی، بەڵام بەهۆی گوشاری لایەنە سیاسیەكانی عێراق لەسەر عادل عەبدولمەهدی، نەتواندرا ئەو رێكەوتنە لە بەرژەوەندی هەرێم یەكلایی بكرێتەوە لە كاتێكدا هەرێم دەیویست حكومەتی عێراق ناچار بكات بەوەی كە دەست بەرداری پرۆژەی ئابوری سەربەخۆ ببێت و هەموو نەوتی هەرێم رادەست بكات، لەبەرامبەردا قەرزی كۆمپانیاكان لەلایەن حومەتی عێراقیەوە لە ماوەی 3 ساڵدا بدرێتەوە و باس لە گرێبەستی 50 ساڵەی توركیا و لەگەڵ گرێبەستی روس نەفت نەكرێت.

ئەو هەوڵانەی حكومەتەكەی مەسروربارزانی شكستی هێنا، بەڵام دواتر هەل بۆ نێچیرڤان بارزانی رەخسا كە بەشداری بكات لەو رێكەوتنەدا و خۆی وەك ناوبژیوانێك خستە ناو رەوشەكەوە و رێكەوتنێكی سەرەتایی ئەنجامدا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق كە رێكەوتنەكە ڕێكەوتنێكی زارەكی بوو.

مەسروربارزانی شكستی هێنا، بەڵام دواتر هەل بۆ نێچیرڤان بارزانی رەخسا كە بەشداری بكات لەو رێكەوتنەدا و خۆی وەك ناوبژیوانێك خستە ناو رەوشەكەوە

 رێكەوتن لەسەر رادەستكردنی بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوت كرا كە بدرێتە كۆمپانیای سۆمۆ لەبەرامبەردا ئەركی یەكەمی هەرێم پشتیوانی كردنی سەرۆك وەزیران و حكومەتی ئێٍستای عێراقە، بارزانی لەو دانیشتنەیدا كە هەفتەی رابردوو لە بەغداد بە نهێنی لەگەڵ سەرۆك وەزیران ئەنجامیداوە بەڵێنی ئەوەیداوە، لەبەرامبەردا حكومەتی عێراقی 12.67%ی بودجەی بەكاربردنی عێراق رەوانەی هەرێم دەكات.
عادل عەبدولمەهدی كردوشیەتە مەرج دەبێت بەزوترین كات رێكەوتنەكە ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی پڕۆژەی بودجە بە زوترین كات رەوانەی پەرلەمان بكرێت تا یەكێكیتر لە داخوازیەكانی خۆپیشاندەران جێبەجێ بكرێت.

هەرچەندە بارزانی لە رۆژی 12ی ئەم مانگە پێشنیاری رێكەوتنێكی بۆ عادل عەبدولمەهدی كردبوو، بەڵام دوای دانیشتنی 12 لایەنە عێراقیەكە لە ماڵی عەمار حەكیم كە لە 18ی ئەم مانگە ئەنجامدرا، وەڵامی سەرۆك وەزیرانی عێراقی وەرگرتووەتەوە كە پەسەندیەتی ئەو رێكەوتنە بكات،  بارزانی كە گەڕاوەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان ئەو رێكەوتنە زارەكیەی لەگەڵ مەسرور بارزانی ئامۆزای گفتوگۆ كردووە و شێوازی پەسەندكردنەكەی لەلایەن عەبدولمەهیەوە بۆ رونكردووەتەوە، لەبەر ئەوەی هەر لەو مانگەدا ناردنی پارەی موچەی فەرمانبەران دوا كەوتبوو هەرێم كێشەی بۆ دروست بوو بوو، مەسورور بارزانی لە مەترسیەكانی رێك نەكەوتن تێگەیشتبوو.

رێكەوتن لەسەر چی كراوە

رۆژی شەممە شاندێكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان چووە بەغداد، شاندەكە پێكهاتبوو لە (خالید شوانی وەزیری هەرێم‌ بۆ دانوستانی نێوان هەرێم‌و بەغداد، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی، ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، فارس عیسا نوێنەری حكومەتی هەرێم لە بەغداد).

هەرچەندە تا ئێستا بە فەرمی رانەگەیەندراوە بەڵام سەرچاوە تایبەتەكانی ئاشکرای دەکەن حكومەت یەكلابوتەوە لەسەر ئەوەی پرۆژەی بودجەی ساڵی 2020 رەوانەی پەرلەمان بكات، وەك جێبەجێكردنی داواكاریەكی خۆپیشاندەران، بەڵام بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست كەوتووە هەرێم‌و بەغداد لەسەر هەندێك بنەما رێكەوتوون،كە وەك باس دەكرێت هەرێم بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوتەكە رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ دەكات و حكومەتی ناوەندیش ئەو كێشانەی لەگەڵ هەریەكە لە (گرێبەستە نەوتیەكان، گرێبەستی روس نەفت، گرێبەستی 50 ساڵەی توركیا) فەرامۆش دەكات، بەشە بودجەی 12.67%ی بودجەی بەكار بردن رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات كە لە كۆی ساڵەكەدا نزیكەی 11 تریلیۆن دینارە.

ئەمساڵ حكومەت خەرجی بەكاربردنی زیادی كردووە‌و عەبدولمەهدی لەژێر فشاری خۆپیشاندەراندا چەندین لیستی بەرفراوانی دامەزراندن بۆ وەزارەتەكان ئامادەكردووە، ئەمەش خەرجی موچەی حكومەت زیاتر دەكات‌و ئەگەری دروست بونی كێشە بۆ بودجەی هەرێم دروست دەكات

ئەوەش زانراوە كە هەرێمی كوردستان جگە لە رادەستكردنی ئەو بڕە نەوتە ئەركە لەسەر شانی كار بۆ پاراستنی حكومەتی ئێستای عێراق و هێشتنەوەی عادل عەبدولمەهدی بكات.

هەرچەندە رێكەوتنی كۆتایی نەكراوە بەڵام بەگوێرەی وتەی سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دوێنێ مەسرور بارزانی وەفدەكەی هەرێمی راسپاردووە بۆ ئەوەی بە زوترین كات لایەنە هونەریەكانی ئەو رێكەوتنە تەواو بكەن و شێوازی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لە یاسای بودجەی 2020دا جێ بكەنەوە.

چی روودەدات؟

شاندەكەی هەرێمی كوردستان جارێكیتر رووی لە بەغداد كردەوە و ئەم جارە شاندێكی هونەریش لەگەڵیان سەردانی كردبوو بە مەبەستی رێكخستنی وردەكاریە هونەریەكان لە كاتێكدا ئەو شاندە گفتوگۆی لەبارەی دارشتنەوەی مافەكان و بودجەی هەرێم كرد لە بودجەی 2020ی عێراق كە ئەگەری زۆری هەیە تا سەرەتای هەفتەی داهاتوو رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بكرێت.

پێشتریش هەرێمی كوردستان رێكەوتنێكی لە ساڵی 2015دا ئەنجامدا بۆ رادەستكردنی نەوتی هەرێم بە بەغدادا، بەڵام هەرێم پێوەی پایەند نەبوو بۆیە حكومەتەكەی حەیدەر عەبادی بە هەمانشیوەی هەرێم رەتیكردەوە پێویە پابەند بێت.

ڕێكەوتنەكە بەشێكی سیاسیە لەبەر ئەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای كردووە پشتیوانی بكرێت لەلایەن كوردەوە بۆ مانەوەی لە پۆستەكەیدا، بەڵام ئەو رێكەوتنە وەك زۆر قۆناغیتری هەرێم و بەغداد لەلایەن سەركردە شیعەكانەوە بەكار هێندراوە لەو كاتانەی بەغداد بەهێز بووەتەوە كێشەی بۆ هەرێم دروست كردووە

لە بودجەی 2019دا رێكەوتنێكی هاوشێوە كرا، ئێستا كە ساڵی دارایی 2019 لە كۆتایی نزیكدەبێتەوە، هێشتا هەرێم نەوتی رادەستی كۆمپانیا سۆمۆ نەكردووە، حكومەتی عێراقیش بودجەی تەواوەتی بە هەرێم نەداوە.

لە ئیستادا كە حكومەتی بەغداد مانگانە بڕی (453 ملیار) دینار بۆ حكومەتی هەرێم دەنێرێت، ئەمە پارەی تایبەتە بە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، تا كۆتایی ئەمساڵ هەرێم نەوتیش رادەستی سۆمۆ نەكات، هاتنی ئەم بڕە پارەیەی موچەی فەرمانبەران بەردەوام دەبێت، بەڵام كیشەی گەورە لە ساڵی داهاتوو دەست پێدەكات كاتێك پرۆژە یاسای بودجە دەبێتە یاسا و لە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەند دەكرێت، چونكە ئەمساڵ حكومەت خەرجی بەكاربردنی زیادی كردووە‌و عەبدولمەهدی لەژێر فشاری خۆپیشاندەراندا چەندین لیستی بەرفراوانی دامەزراندن بۆ وەزارەتەكان ئامادەكردووە، ئەمەش خەرجی موچەی حكومەت زیاتر دەكات‌و ئەگەری دروست بونی كێشە بۆ بودجەی هەرێم دروست دەكات بە تایبەت كە ئێستا حكومەت لە لاوازیدایە.

رێكەوتە سیاسیەكە عێراقی ناچار كرد

ڕێكەوتنەكە بەشێكی سیاسیە لەبەر ئەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای كردووە پشتیوانی بكرێت لەلایەن كوردەوە بۆ مانەوەی لە پۆستەكەیدا، بەڵام ئەو رێكەوتنە وەك زۆر قۆناغیتری هەرێم و بەغداد لەلایەن سەركردە شیعەكانەوە بەكار هێندراوە لەو كاتانەی بەغداد بەهێز بووەتەوە كێشەی بۆ هەرێم دروست كردووە.

پێشتر  ئاشكرا كرابوو كە پارتی وەك حزبی یەكەمی هەرێمی كوردستان لە ئێستادا بە چڕی پشتیوانی حكومەتی ئێستای عێراق دەكات و دەیەوێت رێكەوتنێكی پێ واژۆ بكات لە بەرژەوەندی خۆیدا، بۆ ئەوەی لەبەرامبەردا پشتیوانی مانەوەی بكاتـ ئەو رێكەوتنە بە شێوەیەك ئەنجام دەدرێت بەڵام هەر كاتێك حكومەتی عێراقی بەهێز ببێتەوە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی.

 

 

سەرچاوە : ئاژانسی وڵات

837 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations