عوسمان دیمبلی: ئێمە لە یاریگای خۆمان نادۆڕێین

25.11.2019

لڤین: 
عوسمان دیمبلی، یاریزانی یانەی بەرشەلۆنە، رایگەیاند "لە ماوەی داهاتوودا یاریی گرنگمان هەیە، سەرەتا بەرامبەر دۆرتموند و دواتریش بەرامبەر ئاتلێتیكۆ مەدرید، بۆیە پێویستە بۆ ئەو یارییانە ئامادەبین".

ناوبراو بە رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی راگەیاندووە "بەرامبەر دۆرتموند پێویستە زامنی گەیشتن بە قۆناغی 16ی چامپیۆنس لیگ بكەین، یارییەكە گرنگترینە لە بەشی یەكەمی ئەم وەرزەدا، بە پاڵپشتیی هاندەرانمان بە هیوای ئەوەین سێ خاڵ بەدەست بهێنین، بۆ ئەوەی بە ئارامییەكی تەواوەوە رووبكەینە یاریگەی ئینتەرمیلان".

ئەو بە زەحمەتی دەزانێت لە یاریگای خۆیاندا بدۆڕێن بۆ ئەوەش باس لە پاڵبشتیەكانیان دەكات كە جەماوەڕێكی بەهێزیان لەپشتە و مێژویەكی گەورە و ئاستی یاریزانەكانیشیان بە بەرز دەزانێت و دەشڵێت "رووبەڕووبوونەوەی دۆرتموند سەبارەت بە من یارییەكی تایبەتە، زۆر لە یاریزانە هاوڕێیەكانی پێشووم لەوێدا یاریی دەكەن و دڵخۆشدەبم بیانبینم و بەرامبەریان یاریی بكەم، كە ركابەری یەكدی دەبین".

دێمبیلی باس لەوە دەكات كە "دۆرتموند تیپێكە هێرش دەبات و لە ناوچەی بەرگریی خۆیدا نامێنێتەوە، هەمیشە وەكو یەك تیم یاریی دەكەن، زۆر وریان و هەموو شتێك پێشكەش دەكەن، ئەوان هەموو یارییەك دەیانەوێت براوەبن، بە تایبەتی یاریی داهاتوو، كە گرنگییەكی زۆری هەیە، ئەوان دێنە یاریگەی ئێمە و بە چڕییەكی زۆر یاریی دەكەن، بەڵام یاریگەی كامپ نووش چاوەڕێی ئەوانە".

265 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations