عەشق... وەک ھەمیشە خەمبار: گۆرانییەکی تری ئەحمەد کایا

25.11.2019

لڤین: لە ھەژماری مەریوان وریا قانیع وەگیراوە

”وەرە،
بەرلەوەی دووبارە سەرگەردان ببمەوە، وەرە.
وەرە، 
تا نووقم نەبووم، وەرە.“

ئەوەتەی مرۆڤ ھەیە ھەم عەشق ھەیە و ھەم گیرۆدەبوونیش بەدەستی عەشقەوە ھەیە. ڕەنگە یەکەمین عاشقیش یەکەمین گۆرانیبێژ بووبێت. پەیوەندییەکی قووڵ لەنێوان عەشق و گۆرانیدا ھەیە، ھەمیشە شتێک لە گۆرانیی لەناو دەرکەوتێک لە دەرکەوتەکانی عەشقدا ھەیە، زۆرجار گۆرانییەکی خەمبار، زۆر خەمبار، وەک ئەم گۆرانییەی ئەحمەد کایا. 

ئەوەتەی مرۆڤی عاشق ھەیە باسکردنی عەشقیش ھەیە، مێژووی عەشق و مێژووی قسەکردن لەسەر عەشق یەک مێژوون. ھەندێکجار مرۆڤ وا ھەستدەکات گەر زمان نەبوایە بۆ باسکردنی عەشق، عەش خۆشی بوونی نەدەبوو، یان لانیکەم بەو شێوەیە نەدەبوو کە ھەیە و بەوشێوەیە نەدەبوو کە ھەبووە. ھەندێکجاری تریش مرۆڤ وا ھەستدەکات شتێک نەماوە لەسەر عەشق نەگوترابێت، ئەوەی قابیلی گوتنە گوتراوە، کەچی عەشق جارێکی تر لە شوێنێکی ترەوە سەرساممان دەکات، زمان وردوخاش دەکات و شتێک دەڵێت کە پێشتر نەگوتراوە، یان بەو شێوازە نەگوتراوە کە ئێمە دەیناسین و پێی ئاشناین. ئەم گۆرانیەی ئەحمەد کایا لەو جۆرە گوتنانەیە ، لە بارنێک دەچێت وا ھەستدەکەین بۆ یەکەمین جار ببارێت و بۆ یەکەمین جار تەڕمان بکات.

ھونەرمەندی ڕاستەقینە ئەو بوونەوەرەیە ئەم ھەستی یەکەمین جارەمان پێدەبەخشێت.

 

https://m.youtube.com/watch?fbclid=IwAR0AxwvmH84jQH00IwroLlFa-cIBjM0EkrO7LT_HTFJQlytedCtLd9aHV4I&v=xpE2aTeTQaU&feature=youtu.be

 

 

970 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations