كارمەندانی تەندروستی لە چەند ناوچەیەك مانگرتنیان ئەنجامدا

13.11.2019

لڤین: 
ژمارەیەك كارمەندی وەزارەتی تەندروستی لە چەند ناوچەیەكی دەرەوەی شاری سلێمانی دەستیان بە مانگرتنێكی كاتی كردووە و داوا دەكەن بەزوترین كات وەڵامیان بكرێتەوە ئەگەرنا مانگرتنی سەرتاسەری رادەگەیەنن. 

لە شارەكانی سەیدسادق، پێنجوێن، شارەزوور، پیرەمەگروون و دوكان كارمەندانی تەندروستی بەھۆی بڕینی دەرماڵەی جوگرافی و دانەمەزراندنی خۆبەخشانی كەرتی تەندرووستی، گردبوونەوە و راگەیەندراوێكیش ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەن.

ئەمرۆ چوار شەممە، كارمەندانی كەرتی تەندرووستی ئەو ناوچانەی دەرەوەی شاری سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێكی ھاوبەشدا دەڵێن "لە ١ی ١ی ٢٠١٩ەوە دەرماڵەی جوگرافیمان بڕدراوە، لێبڕینەكەش پاڵپشت بە ھیچ دەقێكی یاسایی نییە و داوا دەكەین بە زوویی بۆمان خەرجبكرێتەوە".

بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوە ماوەی چەند ساڵێكە كارمەندانی خۆبەخش لەسەر ئەركی خۆیان كەم و كورتی نەخۆشخانەكانیان پڕكردووەتەوە، بۆیە داوادەكەن كارمەندە خۆبەخشەكان دابمەزرێندرێن و بكرێنە كارمەندی فەرمی.

ئەوان هەڕشەی ئەوەش دەكەن كە ئەگەر بە زوویی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت وەڵامیان نەدەنەوە، لە سەرجەم ناوەند و بنكە تەندرووستییەكاندا مانگرتنی تەواوەتی ڕادەگەیەنن.

540 جار بینراوە

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations