له‌ نێو چه‌كمه‌جه‌كه‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ت چى هه‌یه‌ ؟

مه‌سرور بارزانى و شانازیكردن به‌ ریسایكلى پڕۆژه‌ كۆنه‌كان

11.11.2019

لڤین: لە هەژماری سەرتیپ قەشقەیی وەرگیراوە

سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران و سه‌رۆكى حكومه‌ت، به‌ نوسراوى ژمارە (7887) له‌ رێككه‌وتى 16ى تشرینى یه‌كه‌مى 2019، نوسراوێكى ئاراستەى وەزارەتى دارایى و ئابوورى و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كردووه‌، کە ڕەزامەندى سەرۆکى حکومەتى هەرێم وەرگیرا بۆ خەرجکردنى پاره‌ى نەختینە بۆ ئەو پرۆژانەى کە ڕێژەى جێبەجێ کردنى داراییان لە (85%) بەرەو سەرەوەیە، کە بە لیستێکى هاوپێچ دیارى کراون و ژمارەیان (148) پرۆژەیە. بە لیستێکى تر (76) پرۆژەى دیارى کردوە کە ڕێژەى جێبەجێ کردنیان لە (75%) بەرەو سەرەوەیە.

به‌پێى به‌دواداچوونه‌كان و ئه‌و نوسراوانه‌ى ده‌ست كه‌وتوون، راگه‌یاندنى ته‌رخانكردنى پاره‌ بۆ ئه‌و پڕۆژانه‌ له‌ لایه‌ن سه‌رۆكى حكومه‌ت سه‌ره‌تایه‌كى خراپى حكومه‌تى نوێیه‌، به‌مه‌به‌ستى چه‌واشه‌كردنى ڕاى گشتیى و سرینه‌وه‌ى ده‌سته‌كه‌وته‌كان پێشووى حكومه‌ت به‌هۆى ئه‌و به‌ڵگانه‌ى له‌ نوسراوه‌كه‌دا هاتووه‌ چونكه‌ :

*به‌پێى نوسراوه‌كه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم، پاره‌ ته‌نها بۆ ئه‌و پڕۆژانه‌ دابینده‌كات، كه‌ گرینگ و هه‌نووكه‌ین و ئه‌وانى دیكه‌ ده‌كه‌وێته‌ دواى باشبوونى دۆخى دارایى هه‌رێم ئه‌و بڕگه‌یه‌ش له‌ نوسراوه‌كه‌دا هاتووه‌، كه‌واته‌ دۆخى ئێستاى حكومه‌تى هه‌رێم وه‌كو پێشووتره‌و ڕاگه‌یاندنى ته‌رخانكردنى ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌، ته‌نها بۆ نه‌هێشتنى فشاره‌كانى سه‌ر حكومه‌ته‌و، ده‌یانه‌وێ بڵێن ده‌ستمان كردووه‌ به‌ ئه‌نجامدانى پڕۆژه‌كان، له‌كاتێكدا نه‌ پاره‌ى پێویست له‌به‌رده‌ستدایه‌، نه‌ هیچ پڕۆژه‌یه‌كى نوێى تێدایه‌ هه‌مووى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵانى قه‌یرانى دارایى.

*به‌پێى به‌دواداچونه‌كان و په‌یوه‌ندیكردن به‌ به‌شێك له‌ به‌ڵێنده‌ره‌كان، به‌شێكى زۆرى ئەو پرۆژانە لە ئێستادا (100%) تەواو بوون و سەرجەم شایستە دارایىیەکانیان وەرگیراوە و ئەمەش جێگەى چەندین پرسیارە؟

کە ئایا دەکرێت زۆرینەى ئەو پڕۆژانەى کە سەرجەم کارەکانیان تەواو کراوەو سەرجەم شایسته‌ دارایى یەکانیان وەرگیراوە و تەنانەت بارمتەکانیشیان وەرگیراوەتەوە، بەڵام حکومەت لێى بێ ئاگا بێت ؟

چۆن دەکرێت لە دواى چەندین ساڵ لە تەواو بوونى ئەو پرۆژانە و دواى وەرگرتنى سەرەتایى و کۆتایى پڕۆژەکان جارێکى ترو سەر لەنوێ ڕەزامەندى خەرجکردنى نەختینەیان بۆ دەربکرێت؟

ئێستا پرسیار ئەوەیە کە چۆن دەکرێت حکومەت ئاگادارى ئەو پرۆژانەى خۆى نەبێت کە ساڵانێکە تەواو کراون و سەرجەم پارەکانیان خەرج کراوە ؟ ئایا دووبارە ڕەزامەندى خەرجکردنى تەرخانکردنى بودجە بۆیان جێگەى گومانى گەورە نیە؟

*به‌شێكى زۆرى ئه‌و پڕۆژانه‌ى ئێستا حكومه‌ت ئیعلانى كردووه‌ كه‌ پاره‌ى بۆ ته‌رخانده‌كات، ته‌نها به‌شێكى كه‌مى ماوه‌ ته‌واوبكرێت و هى حكومه‌تى ڕابردووه‌، كه‌واته‌ حكومه‌ت به‌م كاره‌ ده‌یه‌وێ هه‌م كاره‌كانى كابینه‌ى پێشووى خۆى ده‌سڕێته‌وه‌، له‌ هه‌مانكاتیشدا پڕۆژه‌ى حكومه‌تى پێش خۆى ده‌كاته‌ ده‌ستكه‌وت بۆخۆى.

*كاتێك سه‌رۆكى حكومه‌ت ته‌رخانكردنى ئه‌و پاره‌یه‌ى بۆ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ڕاگه‌یاند، ده‌بوایه‌ لیژنه‌كانى په‌رله‌مان به‌ داداچوون بكه‌ن تاوه‌كو بزانن ئه‌و پاره‌یه‌ له‌ كوێیه‌وه‌ هاتووه‌و چۆن خه‌رج ده‌كرێت؟ ئه‌گه‌ر پاره‌ش نییه‌ و ته‌نها بۆ ته‌واوكردنى پڕۆژه‌ كۆنه‌كانه‌ ده‌بووایه‌ به‌ په‌رله‌مان به‌ حكومه‌ت بڵێت ئه‌و دڕۆیانه‌ چیه‌ و بۆچى چه‌واشه‌كارى ده‌كه‌ن ؟!

* كه‌واته‌ دواى تێپه‌ربوونى 100 ڕۆژ حكومه‌تى نوێ جگه‌ له‌ هه‌ڵگرتنى كۆمه‌ڵێك دروشم و هه‌ڵگرتنى شوێن پێى حكومه‌تى پێشوو هیچى دیكه‌ى نه‌كردووه، ناشتوانێت جیاوازبێت له‌ حكومه‌ته‌كه‌ى به‌ر له‌خۆى، ئه‌و بانگه‌شانه‌شى ده‌یكات زۆربه‌یان به‌ تاڵن، به‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌و ئومێدانه‌ى بۆ خه‌ڵك دروستكراون، تاوه‌كو ئێستا حكومه‌تى هه‌رێم هیچ هه‌نگاوێكى هه‌ڵنگرتووه‌ به‌ ئاڕاسته‌ى ئه‌نجامدانى پڕۆژه‌ى ستراتیژى گه‌وره‌و هه‌ویه‌كى دیاریكراويشى نییه‌.

8369 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations