حكومەت وەڵامی یەكێتی دەداتەوە

02.11.2019

لڤین: 
حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی فەرمی وەڵامی یەكێتی دەداتەوە و ئاماژە بەوە دەكات كە یەكێتی كێشە بۆ كارەكانی حكومەت دروست دەكات. 

ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان،وەڵامی وتەبێژی فەرمی یەكێتی دەداتەوە و رایگەیاند: یەكێتی نیشتمانیی كوردستان وەك لایەنێكی سەرەكی هاوبەش لە حكومەت، دەتوانێت سەرنج و تێبینیەكانی خۆی كە تایبەتن بە بابەتە سیاسییەكان، لەگەڵ سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان تاوتوێ بكات ، بەڵام ئەو تێبینیانەی كە بەڕێزیان ئاماژەی پێدان و  پەیوەستن بە حكومەتەوە بۆیە رونكردنەوە دەدەین لەبارەیەوە. 

ناوبراو لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا داوای لە حزبەكان و خەڵكی كرد پشتیوانی حكومەت بكەن بۆ پڕۆژەی چاكسازی وتی: بەداخەوە مەكتەبی سیاسی هێندێك لە حیزبەكان بە پێچەوانەی دروشمەكانیان،  لە كاتێكدا داوا دەكەن حیزبەكان دەست لە كاروباری حكومەت وەرنەدەن. بەڵام كاتێك بەرژەوەندییەكانی خۆیان دێتە بەر باس، بە هەموو شێوەیەك فشار لە سەر حكومەت دروست دەكەن و دەستێوەردان لە ئیشوكاری دەكەن و مەرج بۆ چۆنێتی ئیشكردنی حكومەت دادەنێن.

ئەو رونیشی كردەوە كە یەكێتی كاندیدی بۆ بەشێك لە پۆستەكانی لە حكومەتدا ئاشكرا نەكردووە و دەشڵێت "سەبارەت بە دانانی یاریدەدەرەكانی سەرۆك وەزیران. ئەم بابەتە لە دەسەڵاتی سەرۆك وەزیرانە و هیچ دەقێكی یاساییش نییە لە یاسای ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (3) لە ساڵی 1992 هەمواركراو یان لە پەیڕەو ی ناوخۆی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (1)2006 هەموار كراو ، كە  ڕێگری بكات لەوەی كە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران  یاریدەدەری هەبێت، هەروەها یاریدەدەرەكان بە هیچ شێوەیەك بەدیلی وەزیرەكان نین ، بەپێچەوانەوە یارمەتیدەر و ئاسانكاریی بەڕێوەچوونی كارەكان دەكەن".

ئومێد سەباح باسی ئەوەشی كرد كە جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دارایی و وەزیری پلاندانان لە هەموو وردەكارییەكانی پرۆسەی نەوت وگاز لە هەرێم  ئاگادارن. 

سەرۆكی دیوان وتیشی:  نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا لە ساڵی 2006  ەوە  دامەزراوە، لەو كاتەوەش سەرۆكەكەی بە پلەی وەزیرە . ئەوەی ئێستاش كراوە تەنیا پركردنەوەی ئەو پۆستە، چالاككرنەوەی ئەو دەزگایەیە . هەروەها سەبارەت بەوەی گوایە دەبوو وەزیرێكی هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا دەستنیشان بكرێت،  بۆ ئاگاداری هەموو لایەك،  هیچ دەقێكی وا نییە لە ڕێكەوتنەكانی پێكهینانی كابینەی نۆیەم ، كە وەزیرێكی هەرێم هەبێ بو كاروباری بەغدا ، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا بەڕێز سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، لە روانگەی باوەڕبوونی بە تواناكانی بەڕێز خالد شوانی ، بەڕێزیانی راسپارد كە وەكو وەزیری هەرێم بۆ سەرجەم كاروباری دانوستاندن لەگەڵ بەغدا دەستبەكار بێت .

1077 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations