پڕۆژە بڕیاڕی سەپاندنى ئابڵوقەكانی ئەمەریكا بۆسەر تورکیا چین و چۆن دەبێت بە یاسا؟

30.10.2019

لڤین: وەرگیراوە لە ھەژماری ھاوڕێ ئەحمەد

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا دوێنێ بە 403 دەنگى بەڵێ و 16 دەنگى نەخێر پرۆژە بریارى ئابڵوقەکانى ئەمەریکاى بە ژمارە ( H.R.4695) ناسراو بە (PACT Act) کورتکراوەى (پاراستن دژ بە ململانێى تورکیا) بۆسەر تورکیا پەسەندکرد.

پرۆژە بریارەکە یەک پاکێجەو لە دوو یەشى سەرەکى پێک دێت، ئەوەى پەیوەستە بە باکورى رۆژهەڵاتى سوریاوە زۆر سنووردارە، بریتین لە ئابڵوقەی فرۆشتنی تەنها ئەو چەکانەى کە لەجەنگى دژى باکورى رۆژهەڵاتى سوریادا بەکاردەهێنرێت، هەروەها گەمارۆى کەسى (شەخسی) بۆ سەر وەرزیى بەرگرى و وەزیرى ئابوورى و هەندێ لەو ئەفسەرە بلە باڵایانەى کە لەم شەڕەدا بەشدارن،  هەروەها راگرتنى هەموو کارێک لەگەڵ بانکى ناوەندى هاڵک بانک و هەموو ناوەندە ئابورییەکانى ترى سەر بە دەوڵەتى تورکیا کە پەیوەندیدارن بە هێرشەکانى تورکیاوە بۆ سەر باکورى سوریا، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات راپۆرتێک لەسەر قەبارەو سەرچاوەى پارەکانى ئەردۆگان و کەسە نزیکەکانى ئامادە (نەوەک بلۆک) بکات، هەوەها راگرتنى فێزا بە هەندێ گەورە بەرپرسى تورکیا جگە لەوانەى بە مەبەستى بەشدارى لە کۆبوونەوەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان دەچنە ئەمەریکا، بەشى دووەمى تایبەتە بە کڕینى سیستمى بەرگرى S-400ەوە، لەم بەشەدا گەر تورکیا ئامادە نەبێت پەشیمان ببێتەوە ئەوا ئابلۆقەکان بە پێى یاساى (رووبەرووبوونەوەى نەیارەکانى ئەمەریکا بە بەکارهێنانى هێزى ئابوورى) بەسەردا دەسەپێت کە کۆمەڵێک سزاى زۆر قورسن، رەنگە دانانى ئەم بەشە لەناو ئەم پرۆژە یاسایەدا (بۆمبە تەوقیتکراوەکە) بێت، کە بە یەک پاکێج دەنگى لەسەر دەدرێت و دواتر دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە، ماوەى ئابلوقەکان لە زۆرترین کاتدا بە سێ ساڵ دیارىکراوە یان هەرکاتێکى ترى پێش ئەو سێ ساڵە گەر تورکیا داواکارییەکان جێبەجێ بکات کە بریتییە لە راگرتنى شەڕو پاشەکشەى سەربازەکانى.

پرۆژەبڕیارەكە لەلایەن هەردوو پارتى دیموکرات و کۆمارییەکانەوە ئامادەکراو و نوسرایەوە، بە پێى یاساکانى ئەمەریکا، پێش دەنگدان بەهەر پرۆژە بریارێک دەبێت لیژنە پەیوەندیدارەکانى سەر بە ئەنجومەنى نوێنەران تێبینى خۆیانى لەسەر بدەن، ئەو پرۆژە بریارە پەیوەنداربوو بە شەش لیژنەوە (لیژنەى کاروبارى دەرەوە، لیژنەى کاروبارى دارایی، لیژنەى چاودێری و بە دواداچوون، لیژنەى یاسایی و لیژنەى کاروبارى سەربازى)، ئەم لیژنانە تێبینى و راپۆرتى خۆیان خستە روو، دوێنێ رۆژى 29ى ئۆکتۆبەر کە هاوکات رۆژى سەربەخۆی و نیشتیمانى تورکیا بوو هاوشانى ئەم پرۆژە بڕیارە لە دانشتنێکى جیاوازتردا ئەنجوومەنى نوێنەران جینۆسایدى ئەرمەنەکانى ناساندو دەنگى لەسەردا.
بۆ ئەوەى پرۆژە بڕیارێك ببێت بە یاسا دەبێت بەچەند قۆناغێكی یاساییدا تێپىەرێت ئەوانیش;
یەکەم: ئامادەکردنى پرۆژە بڕیار: ئەمە دەکرێت یەک یان چەند نوێنەرێک لە ئەنجوومەنى نوێنەران یان هاوڵاتى ئاسایی پرۆژەیەک بخاتەڕوو.
دوو: سپۆنسەرکرن: پاش رەشنوسى پرۆژەیاساکە قۆناغى لۆبى دەستپێدەکات بۆ کۆکردنەوەى زۆرترین پشتگیرى (ئەم پرۆژە یاسایە ٩٩ کەس سپۆنسەریان کرد)
سێ: ناردنى بۆ لیژنەى پەیوەست: پرۆژەکە دەنێردرێت بۆ هەر لیژنەیەک کە پەیوەندیداربێت بەو بابەتەوەو ئەوانیش راپۆرت و سەرنجى خۆیانى لەسەر دەدەن.
چوار: گفتووگۆ: پرۆژە یاساکە دەرواتە ئەنجومەنى نوێنەران و گفتووگۆى لەسەر دەکرێت.
پێنج: دەنگدان لە ئەنجومەنى نوێنەران: پرۆژەکە پێویستە بتوانێ دەنگى (نیوە کۆى یەک) کۆ بکاتەوە بۆ ئەوەى بچێتە قۆناغى دواتر، ئەم پرۆژەیەو پرۆژەى بە جینۆساید ناساندنى ئەرمەنەکان بە پێى راپۆرتێکى رۆیتەرز یەکێکە لەو پرۆە یاسا دەگمەنانەى کە لە ماوەى 35 ساڵى رابردووا توانیبێتى ئەو هەموو دەنگە بەڵێیە کۆبکاتەوە.
پڕۆژەكە ئێستا لەم فۆناغەدایەو هەموو دیموکراتەکان بە بەڵێ جگە لەیەك دەنگى نەخێر کە ئیلهان عومەرى کچە کۆنگرێسى بە رەچەڵەک سودانى و بە ئاین موسڵمان بوو، هەروەها کۆماریەکان 176 بە بەڵێ و 15 بە نەخێر دەنگیان پێدا.
شەش: دەنگدان لە ئەنجوومەنى پیران: پرۆژەکە لەم قۆناغەد دیسانەوە گفتوگۆ و دواتر دەنگدانى لەسەر دەکرێت و پێویستى بە دەنگى (نیوە کۆى یەک) هەیە بۆ ئەوەى لێرەدا تێپەرێت، کۆمارییەکان 53 ئەندام و دیموکراتەکان 47 ئەندامیان لەم ئەنجوومەنە سەد کەسییەدا هەیە، کە چاوەرێ دەکرێت تێبپەرێت.
حەوتەم: سەرۆکى ئەمەریکا: پرۆژە بریارەکە پێویستى بە رەزامەندى سەرۆک هەیە بۆ ئەوەى ببێت بە یاسا، لێرەدا چەند ئەگەرێک هەیە:
ئەگەرى یەکەم: ئەگەر سەرۆک لە ماوەى دە رۆژدا واژۆى بکات ئەوە راستەوخۆ دەبێتە یاسا و کارى پێدەکرێت.
ئەگەرى دووم: ئەگەر سەرۆک لە ماوەى دە رۆژدا واژۆى نەکات و کۆنگرێس لە پشوودا نەبوو ئەوە دەبێتە یاسا، ئەگەر کۆنگرێس لەکاتى پشوودا بوو ئەوە نابێتە یاساو دەگەرێتەوە بۆ کۆنگرێس.
ئەگەرى سێهەم: ئەگەر سەرۆکى ولایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا لە ماوەى ئەو دە رۆژەدا ڤیتۆى بکات، ئەوە دەبێت تێبینی و سەرنجەکانى خۆى بخاتە روو و دووبارە دەگەرێتەوە بۆ ئەنجوومەنى نوێنەران و دواتر بۆ ئەنجوومەنى پیران، لەم کاتەدا پێویستى بە دەنگى (دوو لەسەر سێ) هەیە لە هەردوو ئەنجوومەنەکەدا بە شێوەی جیاجیا، ئەگەر پرۆژە بڕیارەكە بتوانێت دەنگى زۆرینەی رەها (دوو لەسەر سێ) کۆبکاتەوە ئەوا پێویستى بە رەزامەندى سەرۆک لە جاری دووەمدا نابێت و دەبێت بە یاساو دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

3656 جار بینراوە

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations