عەدنان عوسمان: پرۆژەی چاکسازی قۆناغی باشی بڕیوە بەڵام رێگری زۆری هەیە

29.10.2019

لڤین

عەدنان عوسمان، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان، ئاشكرایكرد، لە رێككەوتنیان لەگەڵ پارتی دوو تێبینیان لەسەر هەڵسوكەوتەكانی ئەو حزبە بۆ دروستبووە، ئەویش دانانی یاریدەدەرەكانە بۆ وەزیرەكان‌و تێبینیەكەی تریش ئەوەیە هەمان ئەو كەسانەن كە وازیان لە گۆڕان هێناوە.

ناوبراو لەو دیدارەیدا کە رۆژنامەی زەمەن لەگەڵی ئەنجامداوە دەشڵێت: بەردەوام نیەتمان هەبووە لەگەڵ یەكێتیدا پەیوەندییەكانمان باش بێت، خۆشبەختانە هەست ئەكەین لەلایەن یەكێتیشەوە ئەو حەماس‌و رۆحیەتە هەیە.


* لەماوەی رابردوودا یەكێتی سەردانی كردن، ئێستا پەیوەندییەكانتان بەرەو ئاسایبوونەوە دەڕوات یان پێویستی بە كاتە؟
- ئێمە بەردەوام نیەتمان هەبووە لەگەڵ یەكێتیدا پەیوەندییەكانمان باش بێت، بەو ئاراستەیەش زۆر كارمان كردووە، زۆر رێككەوتنیشمان هەبووە، لە كاتی كاك نەوشیروان‌و دوای ئەویش بە هەمان رۆحیەت كارمان كردووە، ئێستا خۆشبەختانە هەست ئەكەین لەلایەن یەكێتیشەوە ئەو حەماس‌و رۆحیەتە هەیە، زۆر بە جدی جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە كە دەیانەوێت پەیوەندییەكانیان لەگەڵ گۆڕاندا تا ئاستی پەیوەندییەكی زۆر پتەو كە لە رێككەوتنەكاندا هەیە ببەن، رێككەوتنی زۆر باش‌و قسەی زۆر باشیش لەنێوان ئێمە‌و یەكێتیدا هەیە. ئەوەی كە زۆر گرنگە‌و دەمانەوێت كاری لەسەر بكەین كرداری باشە، ئەو رێككەوتنانەی رەنگدانەوەی هەبێت لە واقیعدا، كۆمەڵێك ئیستحقاقی گۆڕان هەیە لەم ناوچەیەدا كە كەسانی باشمان بۆ كاندید كردووە پێویستە ئەمانە لە شوێنی خۆیاندا دابنرێن، بۆ ئەوەی پێكەوە بتوانین حكومەتێكی ناوخۆیی هاوپەیمانی بەهێز دروستبكەین، ئێمە ئێستا چاوەڕوانی یەكێتین هەنگاوی كرداری بنێت، پێموایە هەر هەنگاوێكی عەمەلی یەكێتی بەو ئاراستەیە دڵنیاییەك بە گۆڕان دەدات‌و هەمیش هەر ساردیەك هەبێت كەمی دەكاتەوە. 

* زیاتر ئێوە نیگەران بوون لە یەكێتی، ئەمەتان بەوەفدەكە گەیاند؟
-بەڵێ‌، چونكە پۆستەكان لای یەكێتین كە پێمان نەدراوە یەكێتی نەیداون، ئێمە نەبوینەتە هۆی هەڵپەساردنی ئەو رێككەوتنە.

* هیچ ئەگەرێك هەیە رێككەوتنەكەی پێشووتان زیندوو بكەنەوە یاخود رێككەوتنی تر بكەن؟
-هەموو دەرگاكان كراوەیە، هەنگاوی عەمەلیمان پێویستە، ئێستا پێویستمان بەوەیە ئەجێندایەك دابنێین بۆ چارەسەركردنی كێشەكان‌و دروستكردنی هاوپەیمانیەكی بەهێز‌و جۆرێك لە نزیكبوونەوەی تێڕوانینمان هەبێت لە هەموو پرسەكاندا‌و تەنسیقمان هەبێت بۆ هەموو پرۆژەكانی چاكسازی.

*فەرید ئەسەسەرد لە چاوپێكەوتنێكدا وتی ماوەكەی پارێزگاری سلێمانی كە لای گۆڕان بووە تەواو بووە، ئێوە ئامادەن ئەم پۆستە رادەست بكەنەوە؟
-هیچ قسەیەك لەسەر ئەمە نەكراوە، بەڵام رێككەوتنمان هەیە بۆ دابەشكردنی پۆستەكان‌و ماوەی پۆستەكان، ئەو رێككەوتنە بەو شێوەیە جێبەجێ نەكراوە كە هەبووە، بۆیە پارێزگارو قایمقام‌و پۆستەكانی تری تێدەكەوێت، هەموو ئەمانە قابیلی ئەوەن گفتوگۆیان لەسەر بكرێت، لەسەر رۆشنایی ئەو رێككەوتنانەی هەمانە لەگەڵ یەكێتی، ئێمە لاریمان لە جێبەجێكردنی وردەكاری ئەو رێككەوتنە نیە، هیچ كێشەیەك لای ئێمەوە نابێت بۆ دەستاودەستكردنی هەر پۆستێك لە ئاستی پارێزگار بێت یان هەر شوێنێكی تر.

* بۆ بەشداری لە حكومەتدا رێككەوتنتان لەگەڵ پارتی هەیە، دەوترێت گلەیی ئەوەتان هەیە وەكو خۆی جێبەجێ نەكراوە؟
-ئێمە دوو تێبینیمان هەبوو لەسەر ئەو پرسە، دانانی چەند بەرپرسێك كە پێشتر گۆڕان بوون، لە بەرپرسیاریەتی حكومیدا لە راستیدا ئەوە نیگەرانی دروستكرد لەوەی تەنیا گۆڕانەكانی پێشوو دابنرێن، ئەمەش بێ‌ متمانەی لە نێوان هەردوولا دروستدەكرد، ئاساییە ئەم كەسانە لە ناو حزبدا بكرێن بە هەر شتێك بەڵام بكرێن بە راوێژكار لەوانەیە جۆرێك لە دڕدۆنگی‌و دڵپیسی دروست بكرێت لەنێوان دوو تەرەفدا، ئەمە دیوێكیەتی، دیوە مەترسیدارەكەشی ئەوەیە تۆ ئەنجومەنی وەزیرانت هەیە كە كارنامەی حكومەتەكە بەڕێوەدەبات، لە پشتی ئەنجومەنی وەزیرانیشەوە دەستەیەكی راوێژكاری و یاریدەدەری دروست بكەیت ئەمە جۆرێك لە لاوازكردنی ئەنجومەنی وەزیران، ئێمە هەردوو نیگەرانیەكەمان گەیاندووە، پێمانوایە ئەم هەنگاوانە تەندروست نین، ئەوەی ئێستا گرنگە بەهێزكردنی ئەنجومەنی وەزیرانە، دانانی یاریدەدەر بۆ سەرۆكی حكومەت كە وەزیریشی هەیە پێموانیە بایەخدان بێت بە ئەنجومەنی وەزیران، پێموایە لە مەفاهیمی بەڕێوەبردنی ئیداریدا ئەم هەنگاوە تەندروست نیە.

*ئەم نیگەرانیەتان گەیاندە پارتی؟
-بەڵێ بەرێگەی جیاواز گەیاندمان، لە رێككەوتنەكەی ئێمەشدا هەموو شتێك روونە كە تەنسیقێكی باشمان دەبێت بۆ هەموو پرسەكان، مەفروز وایە لە دانانی ئەو كەسانەدا راوەرگرتنی گۆڕانیشی تێدا بووە كە نەبووە.

 

* لە خوار وەزیرەكانەوە پۆستەكانی تر پڕنەكراونەتەوە، كێشەی پۆستەكانی تر چیە؟ 
-ئەو كێشە هەیە، ئەو رێككەوتنەی كرا لەنێوان پارتی‌و گۆڕان دەبوایە میكانیزمی دانانی پۆستەكان دابنرایە، هەست ئەكەم میكانیزمەكە دانەنراوە.

*كەمتەرخەمیەكە لە كام لایەنەوەیە؟
-لە هەردوولاوەیە، ئەبوایە لیژنەیەكی هونەری دروستبكرایە بۆ چاودێریكردنی ئەو پرۆسەیە، ئەوە بەشێكە لە نەریتی حزبی كوردی كە لە دوای رێككەوتن بیر لەوە ناكرێتەوە چی بكرێت، ئێستا لیژنەیەكی چوار كەسی لە نێوان ئێمە‌و پارتی دانراوە بۆ پێداچونەوە بە پۆستەكان‌و دانانی كاتێكی دیاریكراو بۆ پڕكردنەوەیان، كاتێك دیاریكراوە بۆ بریكاری وەزیرەكان‌و كاتێكیش بۆ پۆستەكان تر.

*كاتەكە تا كەیە؟
-پێش مانگی یانزە بریكاری وەزیرەكان یەكلادەبێتەوە‌و دوای ئەوەش كار لەسەر بەڕێوەبەرە گشتیەكان دەكرێت.

*ئێوە زۆر قسەتان لەسەر یاسای چاكسازی دەكرد، بەڵام تائێستا دەرنەچووە‌و هەست ناكەن بەئەنقەست دەرچواندنی دوادەخرێت؟
-یاساكە خۆی ئاڵۆزە‌و پەیوەستە بە ژیانی كۆمەڵێك خەڵكەوە كە هەندێكی بە ناحەق‌و هەندێكی بە حەقی خۆی موچەی بۆ بڕاوەتەوە، هەندێكیان بندیوارن‌و هەندێكیان فەرمانبەری رەسمین، هەندێكیشیان بۆ كڕینی وەلا موچەیان بۆ بڕاوەتەوە، بۆیە كاركردن لەسەر یاساكە قورسە، ئەوەی گۆڕان داوای كردووە چاكسازی گشتگیرە، چاكسازی ورد ناكرێتەوە دەبێت لە چوارچێوەی پاكێچێكی گرنگدا كاری لەسەر بكرێت. پرۆژەكە قۆناغی باشی بڕیوە بەڵام رێگری زۆریشی هەن.

* تەمەنی ئەم كابینەیە 100 رۆژی تێپەڕاند، لە ئاستی رازین؟    
- وەكو خۆم قسە دەكەم، هەست ئەكەم لەم دواییەدا خاوییەك روویداوە، بۆ نمونە ئەم پرۆژەی چاكسازییەی كە تۆ باسی دەكەیت وردتر‌و زانستیانەتر كارمان لەسەر بكردایە، بۆ ئەوەی كۆدەنگی لەسەر دروست بكرێت. لەسەرەتادا گەرموگوڕییەكی زیاتر هەبوو، سەرۆك وەزیران كەمتر حزوری هەیە لەكایە جیاجیاكاندا ئەمە خراپە‌و پێویستە حزوری زیاتر هەبێت، واقیعی ناوچەكە دەخوازێت هەنگاوی چاكسازی بنرێت‌و هیچ رێگەیەكی ترمان لەبەردەمدا نیە جگە لە چاكسازی. 

*عادل عەبدولمەهدی بە نزیكترین كەس دادەنرێت لە كوردەوە‌و ئێستاش خۆپیشاندان هەیە‌و داوای لادانی دەكرێت، هەر كەسێكی تر بێت رەنگە کێشە بێت بۆ کورد؟
-بەڵێ‌ هەر كەسێكی تر بێتە جێگەی عادل عەبدولمەهدی، مەسەلەی موچە‌و بودجەی هەرێم كێشەی بۆ دروست دەبێتەوە.

* رێکخەری گشتی گۆڕان لە یەكێك لە كۆبونەوەكاندا وتویەتی پێویستە بە هەموومانەوە قەوارەی هەرێم بپارێزین، ئایا هیچ مەترسیەك هەیە لەسەر قەوارەی هەرێم؟
-بەڵێ‌ مەترسی هەیە، چونكە لەعێراق خۆپیشاندان‌و هەیە‌و داوای گۆڕینی دەستور‌و سیستەمی سەرۆكایەتی دەكرێت، گۆڕینی لامەركەزیەت بۆ مەركەزیەت شتێكی مەترسیدارە، گۆڕان پێداگری كردووە كە دەبێت لەناوخۆدا چاكسازی بكرێت‌و حكومەتێكی بەهێزمان هەبێت‌و هێزێكی یەكگرتوومان هەبێت، كورد لە عێراقیشدا پێگەی لاواز بووە بەراورد بە ساڵانی دوای 2003.

* بەلای هەندێك چاودێری سیاسیەوە بەیاننامەكەی گۆڕان بۆ پشتیوانی رۆژئاوا، لەهەموو بەیاننامەكانی تری حیزبەكانی باشور هەڵوێست و پشتیوانی نەتەوەیی زۆرتر تێدا رەنگی دابۆوە، بەڵام مەزڵوم كۆبانی لەم رۆژانەدا سوپاسی پارتی و یەكێتی كرد و سوپاسی ئێوەی نەكرد؟
 
-ئێمە كە پشتیوانیمان كردووە، پشتیوانیەكی مەبدەئی بووە بۆ ستایش‌و سوپاسكردن نەبووە‌و چاوەڕوانكراو بووە، ئەزانین كە قەزیەی رۆژئاوا قەزیەكی عادلە‌و لەو ڕووەوە پشتیوانیمان كردووە، سوپاس نەكردن كار لەسەر پشتیوانییەكانی ئێمە ناكات.

 

* با بێینە سەر كاروباری ئۆرگانیی‌و پێگەی حیزبیتان، جەولەیەكتان دەستپێكردووە‌و لەگەڵ گۆڕانخوازان‌و هەڵسوڕاوان كۆبونەتەوە، ئامانجی ئەم كۆبونەوانە چیە؟
-سەرەتا پلانێكی ترمان هەبووە، بەنیازبووین سەردانی مەكۆكان بكەین‌و لەگەڵ هەڵسوڕاوەكاندا دابنیشین‌و گفتوگۆیان لەگەڵ بكەین، گوێ لە داواكاریی‌و تێبینیەكانیان بگرین، دواتر ئەو پلانەمان گۆڕی بۆ ئەوەی خۆمان سەردانیان بكەین‌و باسی گۆڕینی خانە‌و ستراتیژی نوێی خانە‌و پلانی ئایندەی بزوتنەوەی گۆڕان بكەین، دوای ئەم قۆناغە جارێكی تر دەستدەكەین بە ئامانجە سەرەكییەكەی خۆمان، كە گوێگرتنە لە گۆڕانخوازان‌و سەردانی شارەكان‌و یان میوانداریكردنیانە بۆ گردەكە، بۆ ئەوەی بزانین كێشە‌و رەخنەو پێشنیازەكانیان چیە بۆ ئەوەی بە هەموومانەوە بزانین میكانیزمی گونجاو بكەینەوە بۆ چارەسەری كێشەكان.

*واتە ئەو كۆبونەوانەی كراون دەرئەنجامێكی وایان نەبووە؟
-ئەو كۆبونەوانەی كراون لەسەرەتاوە بەرنامەكەی وادانرابوو ئەندامانی خانە سیاسەتی خۆیان‌و بەشەكانی خۆیان بۆ گۆڕانخوازان باس بكەن، زیاتر مەنەلۆگ بوو نەك دیالۆگ، لە هەندێك شوێندا گفتوگۆ كرا، بەڵام هەر گرنگبوون دەرفەتێكی باشبوو بۆ ئەوەی هەڵسوڕاوان هەموویان یەكتر ببین‌و ئێمەش بیانبینین، بەڵام هەنگاوە گرنگەكەمان گفتوگۆیە لەگەڵ هەڵسوڕاوەكان.

*لەماوەی رابردودا رەخنەی زۆر لە خانەی راپەڕاندن‌و سیاسەتی بزوتنەوەی گۆڕان گیراوە، لەمڕوەوە هیچتان لە گۆڕانخوازان بیست؟
- رەخنەكان لە فەیسبوك دەبینین‌و لە وتارەكاندا دەخوێنینەوە، هەڵسوڕاوەكان نامەی تایبەتی دەنێرن، خۆشمان پێشتر ئاگاداری رەخنەكان بووین، رەخنەكان دەزانین‌و بەردەوامیشن، لە كۆبونەوەكان‌و یەكتربینینە لابەلاكانیش تێبینیەكان زۆربوون لەسەر ئەدای بزوتنەوەكە، هیوایەكی زۆرتریش هەبوو لەوەی گۆڕانكاری گەورە لەناو بزوتنەوەكە رووبدات.

*هەڵسوڕاو ‌و گۆڕانخوازێكی زۆر لە ماڵەوەن هیچ هەوڵێكی نێوەندگیری یان پەیوەندییەك هەیە بۆ هێنانەوەیان؟
-ئەوانەی رۆیشتونەتە ماڵەوە دوو بەشن، واتە دووركەوتوونەتەوە لە ئۆرگانەكانی بزوتنەوەكە جا لە ئۆرگانە سەرەكییەكان بێت یان مەكۆ‌و بازنەكان، بەشێكی پەیوەستە بە گوتاری بزوتنەوەكەوە، ئەوان گلەیی ئەوەیان هەیە كە گۆڕان سست بووە‌و ئەدای لاواز بووە‌و حزوری لەناو كۆمەڵگە لاواز بووە‌و خاو بووەتەوە، ئەو گۆڕانەی جاران كاریان تێدا دەكرد‌و لە هەموو رووداوەكاندا حزوری هەبوو، ئێستا ئەو گۆڕانە نابینن، ئەمان دڵیان هەر لای گۆڕانە‌و خۆیان لەناو بزوتنەوەكە دەبیننەوە، بەڵام رەنگە ئێستا رەخنەیان لە سەركردایەتیەكەی‌و گوتارەكەی هەبێت، ئێستا لەسەركردایەتیەكە گۆڕانێكمان كردووە، گۆڕانكاری دووەممان بەدەستەوەیە ئەویش گۆڕینی جڤاتە، ئینجا رێكخستنەوەی ژوورەكان پێنج شەش ژوورمان هەیە پێویستیان بە پڕكردنەوەیە، بەشی دووەمیش پەیوەستە بە گوتارەكەوە، بەنیازین وابكەین جارێكی تر گۆڕان لە هەموو كایەكاندا حزور‌و گوتاری هەبێت.
بەشەكەیان تریان پەیوەستە بە بڕیاری سیاسی خۆیانەوە، خەڵكانێك كە بڕیاریان داوە گۆڕان نەبن یان هەر سیاسەتە نەكات‌و یان لە شوێنی تر بیكات، ئەمانە دەبێت رێز لە بڕیار‌و ئیرادەیان بگیرێت، من پێمخۆشە هەموویان جارێكی تر لەناو گۆڕاندا كار بكەن، هەرچی تێڕوانینێكمان هەیە بۆ گۆڕان پێكەوە كاری لەسەر بكەین، بەشبەخاڵی خۆم‌و برادەرەكانیشم پێمانخۆشە شێوازێك بدۆزینەوە پێكەوە لەگەڵ ئەو ئازیزانە كار بكەینەوە، بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا رێز لە ئیرادەیان دەگرین.

*واتە هیچ هەوڵێكی كردەیی نیە؟
-هەوڵەكان بەردەوامن، هەوڵی شەخسی‌و دەستەجەمعیی هەیە، لە هەموو روویەكەوە هەوڵەكان دەستیپێكردووە، تۆ سەیر بكە لە 2009ەوە كۆمەڵێك كەسایەتی گرنگمان هەبوو رۆڵی گەورەیان هەبوو لەسەر پێخستنی بزوتنەوەی گۆڕان‌و لە كەمپینەكانی هەڵبژاردن، بەڵام ئێستا نایانبینین ئەمانە هەر گۆڕانن، بەڵام لە ئۆرگانەكاندا حزوریان نیە‌و گەمتر دێنە گردەكە، پێویستە نزیك بینەوە لەو جیلەی ئەم بزوتنەوەیە بۆ ئێمە زۆر گرنگە، قۆناغ بە قۆناغ دەبێت كاریان لەسەر بكرێت.

*مەسەلەی رێكخستنەوەی ژورەكان بەكوێ گەیشتووە؟
-خەریكین، لە كۆبونەوەی داهاتووی جڤاتدا هەوڵدەدەین بەشێكی زۆری ژورەكان پڕبكەینەوە.

*میكانیزمەكەی چۆن دەبێت؟
-میكانیزمەكەی لە دەستووری گۆڕاندا دانراوە، هەر كەسێك بیەوێت دەتوانێت خۆی داوای بكات، دەتوانێت ببێتە ئەندام یان رێكخەری ژوور، دەمانەوێت رەچاوی رێژەیەكی زۆری ژنان بكەین لە ژوورەكان، نیەتمان هەیە لە ژوورەكاندا رێژەی ژنان لە سەدا 20 كەمتر نەبێت، بەهیوای ئەوەین حزوری ژنان لە ئۆرگانەكان بەتایبەت ژوورەكان بەهێز بێت، ماوەیەكە هەست دەكرێت ژنان دووركەوتنەتەوە لە ئۆرگانەكانی گۆڕان.

*كادیری پێویست‌و شایستەتان هەیە بۆ پڕكردنەوەی ژوورەكان؟
-بەڵێ هەڵسوڕاوی باشمان هەیە، ئێمە لە سێ‌ خولدا پەرلەمانتارمان هەیە لە بەغدا‌و لە هەرێم‌و لە ئەنجومەنی پارێزگاكان خەڵكمان هەبووە، كەسایەتی گرنگ هەن ساڵانێكە لە ژوورەكان ئیشیان كردووە.   

*جگە لەمە بەرنامەی ترتان هەیە بۆ رێكخستنەوە‌و بەهێزكردنەوەی گۆڕان؟
-بەڵێ‌ ئێستا كار لەسەر هەندێك شتی ئەساسی دەكەین، بۆ نمونە یەكێك لە پرسە گرنگەكان كاركردن لەسەر گەنجان، ئێمە هەست دەكەین گەنجان ئەو هیوایەی جارانیان بە گۆڕان نەماوەن بزوتنەوەكەی ئێمە كە دروست بوو كاری لەسەر ئایندە دەكرد نەك رابردوو، پلانی بۆ ئایندە هەبوو، ئێستا جۆرێك لە خاوی هەیە‌و كار لەسەر ئەوە دەكەین بۆردی گەنجان دروست بكەین لەسەرانسەری هەرێمی كوردستاندا‌و رایەڵەكانی گەنجان‌و خوێندكاران بەهێزتربكەین‌و حزورێكی گەورەیان هەبێت لە جڤات‌و بڕیارەكانی گۆڕان، ئەمە یەكێكە لە ستراتیژەكانمان‌و كاری لەسەر دەكەین، ستراتیژێكی تر بەهێزكردنی نوخبەی رۆشنبیر‌و رۆژنامەنوس‌و مامۆستایانی زانكۆیە لەناو گۆڕاندا، یانی مامۆستایانی زانكۆ‌و رۆشنبیران‌و رۆژنامەنوسان پێشتر هەوێنێكی گەورەبوون لە ناو گۆڕاندا، جاران پێگەیەكی بەهێزمان لەناوەندی رۆشنبیری‌و ئەكادیمیدا هەبوو، هەست ئەكەین ئەو پێگەیە كەمێك پاشەكشەی كردووە ئێمە پێشنیازێكمان هەیە بۆ دروستكردنی ژووری خوێندن‌و پەروەردە لەناو گۆڕاندا بۆ ئەوەی مامۆستایان‌و مامۆستایانی زانكۆ‌و نوخبەی رۆشنبیر‌و خوێنەوار ژورێكی خۆیان هەبێت‌و رۆڵی گەورە‌و كاریگەریان هەبێت، ژورێكی تر كە كاری بۆ دەكەین ژوری گەشەپێدانی مرۆییە، ئەم ژوورە بەنیسبەت ئێمە زۆر گرنگە، كاری لەسەر دەكەین‌و هەوڵدەدەین لە ئایندەیەكی نزیكدا دروستی دەكەین.

*جاران خەڵكێكی زۆر دەنگی بۆ گۆڕان بوو بەڵام كادیر نەبوو، هەوڵ هەیە بگەڕێنەوە بۆ ئەو قۆناغە؟ 
-ئەوە بەنیسبەت ئێمەوە زۆر گرنگە، ئێستا دوو شت دەكەین یەكێكیان ئەوەیە ئۆرگانە حزبیەكان بەهێزتر بكەین‌و رۆڵی هەڵسوڕاو ‌و پشتیوانەكان بەهێزتر بكەین، نەك تەنیا بۆ كاتی هەڵبژاردن بەڵكو دەمانەوێت ئامادەییان هەبێت لە بڕیارەكانی بزوتنەوەی گۆڕانیشدا، دەبێت میكانیزمێك بدۆزینەوە بۆ ئەو هەڵسوڕاو گۆڕانخوازانەی كە نایانەوێت لە ئۆرگانەكان كار بكەن، بۆ ئەوەی حزوریان هەبێت لە بڕیار‌و ستراتیژەكانی بزوتنەوەكە.

172 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations