وەزیری خوێندنی باڵا: دەرچوانی ئەمساڵ دەتوانن داواكاری بۆ خوێندنی ماستەر پێشكەش بكەن

20.10.2019

لڤین: 
وەزیری خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی رایگەیاند، دەرگای پیشكەشكردنی داواكاری بۆ خوێندنی ماستەر دەكەینەوە و دەرچوانی ئەمساڵیش لە هەموو زانكۆكان ئەوانەی هێشتا دانەمەزراون دەتوانن داواكاری پێشكەش بكەن.

ئارام محمد قادر، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، رایگەیاند: ئەمڕۆ توانیمان (١٥٧٩) خوێندكاری دیكە لە ئەنجامی پێشكەشكردنی سكاڵا لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان وەرگیران، بەمەش هیچ دەرچویەكی ئامادەیی لەدەرەوەی پلانی وەرگرتن نەماوەتەوە.

ناوبراو لەمیانی پێشكەشكردنی وتارێكدا هات كە ئەمڕۆ یەك شەممە لەشاری كەلار لە خولی پێنجەمی دەرچوانی زانكۆی گەرمیان پێشكەشیكرد وتی: لە ماوەی دەستبەكاربوونمان توانیمان چارەسەری گرفتی هەمو كاندیدانی ماستەرو دكتۆرا بكەین و خۆشبەختانە ئێستا هەموو كاندیدەكان گرفتەكانیان چارەسەر كراوەو دەستیان بە خوێندن كردوە.

ئەو باسی ئەوەشی كرد كە ڕێنماییەكانی خوێندنی ماستەرو دكتۆرا هەموار بكەینەوەو دەرفەتی بەرفراوان بۆ دەرچوانی زانكۆكانمان بڕەخسێنێت، لە چەند ڕۆژی داهاتودا ڕێنماییەكان بڵاو دەكەینەوەو دواتریش دەرگای پیشكەشكردنی داواكاری دەكەینەوەو ئێوەی دەرچوانی ئەمساڵیش لە هەموو زانكۆكان ئەوانەی هێشتا دانەمەزراون دەتوانن داواكاری بۆ خوێندنی ماستەر پێشكەش بكەن.

 وەزیری خوێندنی باڵا وتیشی لە چەند رۆژی ڕابردودا سێ یەكەمەكانی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان كە ژمارەیان (١٢٤٩) دەرچوە، بڕیاری دامەزراندنیان لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران بۆ دەرچو.

681 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations