پەرلەمانتارێك پشتیوانی خۆی بۆ بایكۆتی كاڵای توركی راگەیاند

19.10.2019

لڤین: 
پەرلەمانتارێك پشتیوانی خۆی بۆ هەڵمەتی بایكۆتكردنی كاڵای توركیا راگەیاند و دەڵێت "زۆر گرنگە بەردەوام بین چونكە توركیا جێی متمانە نیە، ئەمرۆ لەوێ ئاگر بەست دەكا بەیانی شوێنێكی تر ئاگر باران دەكات".

شایان عەسكەری، پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، لەبارەی هەڵمەتی بایكۆتكردنی كاڵای توركی رایگەیاند "ساڵ زیاترە بایكۆتی كاڵای توركیم كردووە، سەفەر ناكەم بۆ توركیا تەنانەت بە ترانزێتیش پیایا نارۆم". 

ئەو كە پێشتر پزیشك بووە ئاماژە بەوەش دەكات كە "ئەوكاتەی پزیشك بووم تعاملم لەگەڵ كۆمپانیا توركیەكان راگرتبوو پێشم ووتن كە بە ھۆی سیاسەتی چەوتی ئەردوگانە بەرامبەر كورد، مناڵەكانیشم فێر كردووە، ھەمیشە بەدیلیشم دۆزیوەتەوە".

ئەو دڵخۆشی خۆی دەردەبڕێت و دەڵێت "دڵم بەم ھەڵوێستە نەتەوەییە خۆرسكە خۆشە، زۆر گرنگە بەردەوام بین چونكە توركیا جێی متمانە نیە، ئەمرۆ لەوێ ئاگر بەست دەكا بەیانی شوێنێكی تر ئاگر باران دەكات".

ئەو داوای ئەوەشی كردووە كە "بەردەوام دەبین تاكو ئەو كاتەی شوێنی سووتاوی سەر جەستەی مناڵانی رۆژئاوا سارێژ دەبێت، بووژانەوەی بازاری كاڵای خۆماڵی دەبێتە دەرەنجامی ئەم بایكۆتە".

1387 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations