ساڵح موسلیم: ئێمە پێشوازی له‌ڕاگرتنی شه‌ر ده‌كه‌ین به‌ڵام خاکـ چۆلناكه‌ین

18.10.2019

لڤین:
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی تەڤدەم، لەبارەی رێکەوتنە راگەیەندراوەکەی شەوی رابردو ئاشکرای دەکات، ئێمە پێشوازی له‌ڕاگرتنی شه‌ر ده‌كه‌ین، به‌ڵام خاکـ چۆلناكه‌ین.

ساڵح موسلیم، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی تەڤدەم، رایگەیاند: هێشتا زانیاریی تەواوەتیمان لەسەر بەندەکانی ڕێکەوتنەکە نییە، ئێمە ئیرادەو ئیدارە و هێزی سەربازی خۆمانمان هەیە، دوای وەرگرتنی زانیاری تەواوەتی لەسەر ڕێکەوتنەکەی ئەمریکا و تورکیا هەڵوێستی خۆمانمان دەبێت.

ناوبراو لە دیدارێکدا لەگەڵ کەناڵی (ئەلحەدەس) ڕاشیگەیاند: هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بەرگریان لە ناوچەکانیان کردووە، ئەوەش مافێکی ڕەوایە، بەشێك لە پاشەكشەی توركیا پەیوەست بوو بەو بەرگریە بەهێزەی كورد كردی بەجۆرێك لە شارۆچكەیەكی بچوكی وەك سەرێكانی ٩ ڕۆژە لەبەرامبەر دووەم هێزی ناتۆ دەجەنگێت ئەمە بەرهەمی ئیرادەیە و دەبێت وەك وانەیەك لەمێژوودا بخوێنرێت.

ئەو وتیشی:  ئێمە پێشوازی له‌ڕاگرتنی شه‌ر ده‌كه‌ین به‌ڵام خاکـ چۆلناكه‌ین وله‌كاتی هێرش كردنه‌ سه‌رمان به‌رگری له‌خۆمان ده‌كه‌ین.

موسلیم نەیشاردووەتەوە کە بڕوای تەواوی بە ئەمریکا نییە بەهۆی ئەوەی هەر ڕۆژە و شتێک دەڵێت و شتێکی دیکە دەکات، "بۆیە چاوەرێ دەکەین بزانین بڕیاری ئێمەش چی دەبێت".

سەرکردەکەی تەڤدەم باس لەوەش دەکات ئه‌م خاكه‌ چۆل نیه‌ تا هه‌موان به‌كه‌یفی خۆیان رێكه‌وتنی له‌سه‌ر بكه‌ن كه‌سانێكی لێیه‌ كه‌ ئاماده‌ن به‌رگری لێبكه‌ن وئاماده‌یشی ده‌ربری بۆ رێكه‌وتن به‌ڵام ناكشێنه‌وه‌.

2590 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations