ناوەڕۆكی دوو تەلەفۆنەكەی ترەمپ بۆ ئەردۆغان و فەرماندەی هەسەدە

15.10.2019

لڤین: 
سەرۆكی ئەمریكا لە دوو پەیوەندی تەلەفونی جیاوازدا لەگەڵ هەریەكە لە فەرماندەی هەسەدە و سەرۆك كۆماری توركیا گفتوگۆی كردووە و بە فەرماندەی هەسەدەی وتووە لە دەوروبەری من خەڵكانێك هەیە ئێوەیان لە ئەمریكا لەلا گرنگترە. 

میدیاكانی ئەمریكا لە زاری سیناتۆرێكی وڵاتەكەیانەوە ناوەڕۆكی پەیوەندیە تەلەفونیەكەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەگەڵ هەریەكە لە ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا و مەزڵوم عەبدی ئاشكرا دەكەن. 

لە پەیوەندیە تەلەفونیەكەدا سەرۆكی ئەمریكا بە فەرماندەی هەسەدەی وتووە: ئێمە پشتمان تێ نەكردوون،  ھەموو كارێك دەیكەن بۆ ڕێگاگرتن لەو ھێرشەی توركیا. 
هەر لەو پەیوەندیە تەلەفونیەدا بە گاڵتەوە بە مەزڵوم عەبدی وتووە هەندێك كەس لە دەوروبەرمن ئێوەیان لە نیشتیمانەكەی خۆیان بەلاوە گرنگترە، بۆیە دەستان لێبەر نادەم. 

ئەو بە فەرماندەكەی هەسەدەی وتووە كە نابێت دیلەكانی داعش ئازاد بكرێت و دەبێت هەخموو هەوڵێك بدەن بۆ پاراستنیان چونكە ئاسایشی جیهان دەكەوێتە مەترسیەوە. 

بە وتەی سیناتۆرە ئەمریكیەكە ترەمپ بە ئەردۆغانی وتووە  "هێرش كردنە سەر كۆبانی واتا هێرشكردنە سەر رای جیهانی، لەسەر ئـەوەش بێ دەنگ نابین". 

سەرۆكی ئەمریكا ئەوەشی بە سەرۆك كۆماری توركیا وتووە "ئـەوەی ئـێوە دەیكەن لە بەرژەوەندی ئـێرانە و سەكەوتنەكانمان بەسەر داعش دەخاتە مەترسیەوە، ھاوكات ئـارامی و ئـاسایشی ناوچەكە تێك دەدات، بۆیە دەبێت كۆتایی بەو شەڕە بێنن". 

12605 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations