ئایەتوڵا ڕەئیسی; کوژرانی خەڵکی ڕۆژئاوا قەبووڵ ناکرێت

14.10.2019

لڤین:

سەرۆکی دەزگای دادوەری ئێران ڕایگەیاند، کوژرانی خەڵک لە ڕۆژئاوای کوردستان بە هیچ جۆرێک قەبووڵ ناکرێت و پێویستە تورکیا خێرا بگەڕێتەوە بۆ سنوورەکانی خۆی.

ئەمڕۆ ( دووشەممە، ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ )، سەرۆکی دەزگای دادوەری ئێران ئایەتوڵا ئیبراهیم ڕەئیسی، لە دانیشتنی بەرپرسانی باڵای داد ئاماژەی بەوەکردوە" کوژرانی خەڵکی موسڵمان لە ناوچەکە بە هەر زمان و زارەوەیەک بن، قەبووڵ ناکرێت و دەخوازین تورکیا خێرا بگەڕێتەوە سەر سنوورە نێودەوڵەتییەکانی و کۆتایی بەو دۆخە بهێنێت".

سەرۆکی دەزگای دادوەری ئێران هەروەها ڕایگەیاندوە" ئەوڕۆ هەموو جیهان جموجۆڵی تورکیا بەرەو خاکی سوریا دەبینن و درێژەپیدانی، دەبێتەهۆی ئاوارەیی زیاتر لە ٤٠٠ هەزار خەڵکی ناوچەکە، بە تایبەت لە سەروبەندی هاتنی وەرزی زستاندا".

ئاماژەی بەوەشداوە" ئەو ڕاپۆرتانەی لەبارەی ئاوارەیی و دۆخی ژن و منداڵان دەیبیستن، دڵتەزێنە، ئاوارەیی خەڵکی موسڵمان بە هیچ چەشنێک قەبووڵ ناکرێت".

لە کۆتایدا سەرۆکی دەزگای دادوەری ئێران ئاماژەی بە سەرهەڵدانەوەی داعش لە ناوچەشدا کردو وتویەتی" داعش ڕەوتێکی دەستکردی ئەمریکی و زایۆنی بوو کە ناوچەی بەرەوڕووی گەورەترین تاوانەکان کرد، بەڵام لە هەلومەرجی ئێستادا خەریکە دەبووژێتەوە و ئەگەری ڕوودانەوەی تاوانی دیکە لە لایەن ئەو گرووپەوە هەیە".

804 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations